مەسرور بارزانی نیگەرانییەكانی لەبارەی بۆردومانەكان دەگەیەنێـتە توركیا

کوردستان

13/07/2019‌ 516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی، كە لەئەنجامی پێكدادانەكانی ناوچە سنوورییەكان خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی، داواشی كرد هەموو لایەك ڕێز لەسەروەری هەرێمی كوردستان بگرن و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بەهاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی باڵای باڵیۆزخانەی توركیا لە عێراق بە سەرۆكایەتی باڵیۆز فاتیح یڵدز، ئەو نیگەرانییانەی گەیاندووە.

بەپێی راگەیەنراوێك لەدیدارەكەدا، كە هاكان كەرەجای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی توركیا لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردو ئومێدی سەركەوتنی بۆ كابینەی نوێ خواست‌و وتی: هیواداراین دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ ببێتە دەستێكی قۆناخێكی پڕخۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان وعێراق زیاتر گەشە بسەنێت. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی شاندی میوانی كرد و وتی: هیوادارین پەیوەندی نێوان توركیا وهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا بەردەوام وبەهێزتر ببێت.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەمەجۆركردنی ئابووری هەرێمی كوردستان دا بە شێوەیەك، كە بایەخ بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش بدرێت و داهاتی كوردستان تەنیا یەك سەرچاوە نەبێت . 

هەروەها وتیشی: زەمینەیەكی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەستەبەر دەكەین‌و داواشیكرد ئاسانكاری زیاتر بۆ گەشتكردنی هاووڵاتیانی هەردوولا بكرێت و لە فرۆكەخانەكانی توركیاش هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تووشی كێشە و ئاستەنگ نەبن .

هـ ـ ح