مەسرور بارزانی چی دەگۆرێت؟
بەربەستەكانی بەردەم چاكسازی لەهەرێم

کوردستان

14/07/2019‌ 2073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای چەند خولێك دواجار نێچرڤان بارزانی بەدڵگرانییەوە پۆستی سەرۆكی حكومەتی رادەستی ئامۆزەكەی مەسرور بارزانی كردو ئەوەی دووەمیش، كە بووەتە سەرۆكی حكومەت دروشمی چاكسازی بەرزكردووەتەوە.

ئەوكاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، مەسرور بارزانی پۆستێكی باڵای ئەمنی بەپلەی وەزیر لابوو، بەڵام ئامادە نەبوو ئیلتزام بەسەرۆكی حكومەتەوە بكات، بۆ ئەوەش بەیاسا، كە بەباڵای ئەو برابوو پەیوەندی راستەوخۆی ئەو پۆستە بەندبوو بەسەرۆكی هەرێمەوە. 

بەپێەوانەی ئەمەشەوە مەسرور بارزانی لەكاتی سوێندخواردن و ئاشكراكردنی بەرنامەی حكومەتەكەی وتی: هیچ وەزیرێك نییەو نابێت لەدەرەوەی بەرنامەی حكومەت بێت، هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد، حكومەتێكی قەرزاریان رادەستی ئەو كردووە. 

بەرنامەی حكومەتەكەی مەسرو بارزانی، كە هیچ وادەیەكی دیاریكراوی تێدانەبوو بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی، بەڵام ئاماژەگەلێكیان تێدابوو، كە رەخنەی قورس بوون بۆ ئیدارەو حوكمرانی پێشوو.

هەندێك لەچاودێران خوێندنەوەی ئەوە بۆ بەرنامەی كابینەی نوێ‌ دەكەن، كە لەم حكومەتەدا كۆمەڵێك شت گۆڕانكاری تێدادەكرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی مەسرور بارزانی بەتەواوەتی گسكی یاوە لەكارەكتەرەكانی حوكمرانی پێشوو، لەناویاندا ئەو كاندیدانەی، كە نزیكایەتیان بە سەرۆكی حكومەتی پێشوو هەبوو، لەوانە نەوزاد هادی و ئاشتی هەورامی، كە دوو كۆڵەكەی سەرەكی بوون، بۆ ئیدارەی پایتەخت و پرسی نەوت و غازو دارایی لەژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی.

هەروەها چاودێران لایان وایە جوڵەكانی مەسرور بارزانی زۆر وردو  زیرەكانەیە، بەوەی دەیەوێت رێگەنەدات هیچ شتیكی ئیدارەی كۆن تێكەڵ بەكابینەكەی ببێت، بۆیە بریاری وایە هەموو ئیدارەی حكومەت بگۆریت بەكارمەندەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە، ئەمەش بەو مایە لێكدەدرێتەوە، كە مەسرور بارزانی بەنیازە بەهەموو ئەو كارانەدا بچێتەوە، كە پێشتر ئامۆزاكەی لە نزیكەی 20 ساڵی رابردوودا بینای كردبوو.

ملمڵانێیەتی ئامۆزاكان دەگات بەكوێ؟
هەڵكشانەی تەمەنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، پێویستی بەوەیە جێگرەوەیەك بۆ سەرۆكی پارتی لەبنەماڵەی بارزانی دیاریبكرێت، بەحوكمی ئەوەی لەدوای ئیدریس بەرزانی، كە ئەوكاتە نێچیرڤان بارزانی مێرد منداڵ بوو، مەسعود بارزانی برا جێگرەوەی بوو، كەواتە مەرج نییە بۆ سەرۆكایەتی پارتی كوڕ جێگەی باوكی بگرێتەوە، ئەمەش شانسێكی زۆر دەدات بەوەی، كە نێچیرڤان بارزانی ببێتە جێگرەوەی مەسعود بارزانی، بۆیە هەرچەندە وادەردەكەوێت شەڕی ئامۆزاكان لەسەر حوكمرانی و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، بەڵام ململانێ راسەتەقینەكە لەسەر پۆست و جێگرتنەوەی مەسعود بارزانییە وەك پۆستی حیزبی نەك پۆستی حكومی. 

بۆ ئەمەش ئەگەرە گەڕەێكی بەهێزو قورستر لەململانێكان لە رۆژەكانی داهاتوودا لەنێوان ئامۆزان بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە كەوتوونەتە دەستی هەردوو ئامۆزاكە رۆڵی گرنگی دەبێت تا لەماوەی ئەم كابینەیەدا ئەو بەرچاو روونییە بدەن بەكامیان شایستە ترن بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی.

دوو ئامۆزاكە كامیان شەرەكە دەبەنەوە؟
لەرابردوودا، لە سایەی ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی پارتی دیموكرات لەبەرانمبەر نەیارەكانیدا هەمیشە وەك هێزێكی یەك دەست‌و تۆكمە دەركەوتوون، تانەت لەهەندێك قوناغی سەردەمی مەلا مستەفاش باشتر بووە، كە سەردەمانێك هەندێك لەكوڕو سەركردە دیارەكانی لێیاخی بوون، بەڵام لە سەردەمی دوو ئامۆزاكە بەتایبەتی دوای مەسعود بارزانی پێدەچێت چیتر پارتی نەتوانێت وەك جاران وەك حیزبێكی یەكگرتوو تۆكمە بمێنێتەوە. 

سەرەتای ئەم دۆخەتازەیەش لەوكاتەوە دەستپێدەكات، كە مەسرور بارزانی ناچار دەبێت هەندێك لەمەلەفی گەندەڵی و كەموكورتی نزیكەی 20 ساڵی حوكمرانی نێچیرڤان بارزانی بخاتە پێش چاوی مەكتەب سیاسی حیزبەكەی و لەرووی جەماوەریشەوە هەنگاوەكانی پێچەوانەی ئاراستە باوەكەی ئامۆزاكەی بكاتەوە، كە ئەمە پێشمەرجی سەركەوتنییەتی لە بەرانبەر كابینەكانی پێشوو، بۆ ئەمەش پێویستی بەپشتیوانی حیزبەكانی ترە لەهەمووشیان گرنگتر یەكێتی نیشتمانییە، كە ئاراستەی ئێستای یەكێتی دروستكردنی رێككەوتنی هەولێرە لەگەڵ بەغدا. 

هەروەها رادەستكردنی پرسی نەوت‌و غازی هەرێمە بەكۆمپانیای سۆمۆ و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ مەسرور بارزانی، كە خۆی پشكی گەورەی لەم بازرگانییەو بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی زۆر هەیە، دەتوانێت ئەوكارە بكات؟ ئاخۆ دەتوانێت پرسی پاشەكەوتی و موچەو پرسە هەڵپەسێردراوەكانی وەك قەرزاری و ئەو رێككەوتنە نهێنییانەی نەوت و غاز لەگەڵ كۆمپانیاكان چارەسەر بكات؟ یان وەك خۆی لەبەرنامەی كابینەكەی رایگەیاند، دەتوانێت دەستی حیزب لەسەر حكومەت كورتبكاتەوە و قۆرغكاری بازار لەلایەن كۆمپانیاكانی حزبەوە نەهێڵێت؟

بۆیە چاودێران بەگومانەوە لەبەڵێنەكانی سەرۆكی حكومەت دەڕوانن، چونكە پێشتر باوكی مەسعود بارزانی زۆر بەڵێنی هاوشێوەی لەوەی داوە بەگوێی خەڵكدا و ئەنجام نەدران، كە ئەمەش لەدوو حاڵەت بەدەر نابێت، یان مەسرور بارزانی پێویستی بەشەرێكی لێبراوانە دەبێت لەگەڵ حیزبەكەی لەناویشیاندا ئامۆزاكەی بۆ جێبەجیكردنی بەرنامەكەی، یان وەك رابردوو كارنامەی حكومەتەكەی وتارێكی جوان دەبێت بۆ زەمەنێكی دیاریكراو، كە هیچی جیاواز نابێت لەسەردەم و زەمەنی ئامۆزاكەی.