روسیا جگە لەتوركیا بەم نزیكانە "ئێس-٤٠٠" بەوڵاتانی تریش دەفرۆشێت

جیهان

14/07/2019‌ 1566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیۆنید سلۆتسكی ، سەرۆكی لیژنەی كاروبارە نێودەوڵەتییەكانی دۆمای روسی رایگەیاند، لەئایندەیەكی نزیكدا جگە لەتوركیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی  "ئێس-٤٠٠" ی روسی لە وڵاتانی تریش دەبینرێت .

سلۆتسكی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی  "RT"ی روسی راشیگەیاند، توركیا یەكەم وڵاتە، كە دەبێتە خاوەنی ئەو سیستەمە مووشەكییە ، بەڵام بەدڵنیایی لەشوێنی تری ناوچەكەش دەبینرێت، لەنزیكەوە هەماهەنگی دەكەین‌و قەبارەی ئەو هەماهەنگییە زۆر گەورەیە ، چەند دەوڵەتێك هەن هاوشێوەی توركیا زۆر پێویستیان بەو سیستەمەیە، بەدڵنیایی وەڵامی ئەو داواكاریانە دەدرێتەوە . 

پێشتر ، كەناڵی "ئێن تی ڤی" توركی باسی لەوە كردبوو، كە فرۆكەیەكی بارهەڵگری روسی، كە پارچەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٤٠٠"ی روسی هەڵگرتبوو لەبنكەیەكی ئاسمانی لەنزیك ئەنكەرە نیشتووەتەوە.

هەروەك رۆژی هەینی هەردوو وەزارەتی بەرگری روسیا و توركیا لەرێگای بەیاننامەوە گەیشتنی بەشێك لەپارچەكانی سیستەمە مووشەكییە رووسییەكەیان پشتراست كردبۆوە .

سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٤٠٠"ی روسی ، بەیەكێك لەپێشكەوتووترین سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی جیهان دادەنرێت، كە لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای "ئەڵماز –ئەنتی"یە، كە خاوەندارییەكەی بۆ حكومەتی روسیا دەگەرێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی