لەسەر كەركوك حەشدی شەعبی وەڵامی مەسعود بارزانی دەداتەوە

عیراق

14/07/2019‌ 4938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد بەیاتی  بەرپرسی میحوەری باكووری حەشدی شەعبی، وەڵامی بەیاننامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەركوكی دایەوەو جەختیكردەوە، سووربوون لەسەر كوردستانی بوونی كەركوك كارێكی رەتكراوەیە.

بەیاتی لە نامەیەكدا، كە ئاراستەی مەسعود بارزانی كردووە دەڵێت: پەیامەكەتمان بەوردی خوێندەوە و بەراشكاوی پێتان دەڵێن، كە كێشەی كەركوك لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان نییە وەكو روونتانكردووەتەوە ، بەڵكو كێشەی كەركوكییەكانە ، هەروەك سووربوونتان لەسەر كوردستانی بوونی ئەو شارە لەلایەن عەرەب و توركمانەكانی كەركوك رەتكراوەیە ، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو ژمارانەی لەبەردەستمانە لە رابردوو لە ئێستادا خەونەكەی تۆ ناسەلمێنن بەوەی كەركوك زۆرینەی كوردییە.

بەیاتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە چارەسەری كێشەی كەركوك بەوە دەبێت لەچوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا بژین .

مەسعود بارزانی رۆژی شەممە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەڕێگای رێكەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرەوە دەبێت ، جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی رەزامەندی هەموو گرووپە رەگەزی و نەتەوەییەكانی كەركووك لەسەر رێكەوتنەكە.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەیدا بارزانی وتی: ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە، كە هیچ سازشێك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركوك ناكەین و دەبێت كەركوك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژیین.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە