هێشتا ئەگەری هاككردنی سیستەمی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا هەیە

جیهان

13/08/2019‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە پێی زانیارییە نوێیەكان 1 لەسەر 10 ی دەنگدەرانی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020 دا بۆی هەیە لە ئامێری ئیلیكترۆنی بێوەرەقەوە دەنگی خۆیان بدەن، ئەمەش ئەگەری هاككردنی دەنگەكانیان دەهێنێتە گۆڕێ.

لێكۆڵینەوەیەك، كە لەلایەن نێوەندی بێرنان بۆ دادپەروەری لە بەشی یاسای زانكۆی نیویۆرك كراوەو ڕۆژی سێشەممە بڵاوكراوەتەوەو دەنگی ئەمریكا وردەكارییەكەی خستووەتە ڕوو، هەڵسەنگاندن بۆ پاراستنی دەنگەكان لە ئەمەریكا دەكات. 

لێكۆڵینەوەكە دەریدەخات لەو كاتەوەی ڕوسیا لە ساڵی 2016 دەستی خستە نێو هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، پێشوەچوونی بەرچاو لە ئاستی ولایەتەكان و حكومەتی فێدراڵی كراوە بۆ پاراستی دەنگەكان، بەڵام شارەزایان دەڵێن: چەندین ولایەت هەنگاوەكانیان تەواو نەكردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جارێكی تر شتی وا ڕوونەداتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بەوەش دەكات نزیكەی سێ بەشی هەموو بنكەكانی دەنگدان شێوە ئامێرێكی دەنگدان بەكاردەهێنن، كە بەلایەنی كەم 10 ساڵ كۆنە، سەرەڕای ئەوەی پێشنیاز دەكرێت هەموو ساڵ جارێك بگۆڕدرێن. 

لە مانگی ڕابوردووشدا ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕایگەیاند، لە سیستمەكانی ئەو ئامێرانەدا سۆفوێری كۆنی ویندۆ 7 بەكاردێت، كە بەم زووانە ئیتر نامینێت.

ڕاپۆرتەكە پێشنیاز دەكات، پێویستە ئەو دەزگا كۆنانە بگۆڕدرێن بە تایبەتی ئەو دەزگایانەی، كە وەرقەی تێدا بەكارنایەت.

ئەو ڕاپۆرتانەش لە كاتێكدایە، كە كۆنگرێس تاوتوێی ئەوە دەكات تا چ ئاستێك هاوكاری حكومەتی فێدراڵی پێویستە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی سیستمی هەڵبژاردنی ولایەتەكان. 

دیموكراتەكان پێشنیازێكیان خستووەتەڕوو بۆ دانانی ئەو دەزگایانەی، كە پێویستی بە وەرەقە هەیە، هاوكاری ولایەتەكان بكرێت و پارەی زیاتریان پێ بدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازیانە. بەڵام هەندێك لە كۆمارییەكان لە ناویاندا سەرۆكی زۆرینەی سینات مچ مككانەڵ، دژی ئەوەن كە حكومەتی فێدراڵی دەستبخاتە نێو هەڵبژاردنەوە.

نێوەندی بێرنان بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی تۆماركردنی ناوەكان بۆ دەنگدان وا مەزەندە دەكات 12٪ ی دەنگدەران یان نزیكەی 16 ملیۆن كەس لە مانگی 11 ی ساڵی 2020 دا لەو ئامێرانەوە دەنگ دەدەن، كە وەرەقەی تێدا بەكار نایات. 

شارەزایانی پاراستنی دەنگەكان دەشڵێن: ئەو سیستمانەی، كە بە وەرەقە دەنگ دەدەیت باشتر دەنگەكە دەپارێزێت چونكە دەنگەكان بە دوو جۆر تۆمار دەكرێن و بەر لە دەنگدانەكەش دەنگدەر دەتوانێت جارێكی تر پێداچوونەوەی بەسەردا بكات و پاشانیش بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان دەتوانرێت بەكاربهێندرێن.

لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی پێشوودا 14 ولایەت لەو جۆرە دەزگایانەیان بەكارهێنابوو، كە وەرەقەی تێدا بەكارنایەت، بەڵام نێوەندی بێرنان دەڵێت: لە بۆ ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە دەگاتە نزیكەی 8 ولایەت.

ولایەتەكان، كە ڕەنگە هێشتا ئەو سیستمە كۆنە بەكاربهێنن بریتین لە ئیندیانا، كەنساس، كەنتاكی، لوسیانا، نیوجێرسی، مسسپی، تێكساس و تێنسی.

ولایەتەكانی ئاركەنسا، ڤێرجینیا و دلاوێر لە پاش هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2016 وە دەزگاكانیان گۆڕی بۆ ئەو جۆرەی، كە وەرەقەی تێدا بەكاربێت، جۆرجیا، كارۆلاینای باشور و پێنسلڤانیاش بەڵێنیان داوە هەتا دەمی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2020 بیگۆڕن.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە ساڵی 2017 دا 21 ولایەتی ئاگاداركردەوە، كە سیستمەكانیان لەلایەن ڕوسیاوە كرابوو بە ئامانج.

هـ ـ ح