دواین هەڵوێستی فەرمی ئەمریكا لەسەر ناوچەی ئارام‌و رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

13/08/2019‌ 5000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دواین هەڵوێستی لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریاو پاراستنی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، كە جەخت لەپاراستنی ئەو ناوچانە دەكاتەوە.

وەزارەتەكە لەرێگەی بەیاننامەیەكی كورت، كە كەناڵی رووداو بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە "لە رێگەی گفتوگۆ سەربازییەكانی هەفتەی رابردووەوە لە ئەنقەرە، گەیشتینە لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی سەبارەت بە میكانیزمێكی ئەمنی بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ توركیا، ئەمەش چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا دەكات".

هەروەها رایگەیاندووە، ئەمە دەبێتە هۆی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا تاوەكو داعش نەتوانێ دووبارە بگەڕێتەوە، هاوكات، ئەمە رێگە بە هاوپەیمانان و هاوبەشەكانیشمان دەدات سەرنجیان لەسەر ئامانجەكەیان بێت، كە تێكشكاندنی یەكجاری داعشە. 

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە ئەم لێكتێگەیشتنە دروستكردنی سەنتەرێكی هاوئاهەنگی هاوبەشی توركیا و ئەمریكاش لە توركیا لە خۆدەگرێت. ئێمە نیگەرانییە ئەمنییە شەرعییەكانی توركیا بەڕژدی وەردەگرین و هەروەها پابەندین بە كاركردن لەگەڵ توركیا وەك هاوپەیمانێكی ناتۆ و هاوبەشێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هـ ـ ح