خەوتن لەگەڵ هەنگ.. ڕێگایەكی نوێ بۆ چارەسەری پشتئێشە

تەندروستی

14/08/2019‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لە وڵاتی لیتوانیا چارەسەركردن بەهەنگ خواستێكی زۆری لەسەرە، بەشێوەیەك خاوەنی یەكێك لە ناوەندەكانی چارەسەركردن بەو ڕێگایە دەڵێت: هەنگ یارمەتی سووكردنی ئازار و چارەسەركردنی گەلێك نەخۆشی دەدات .

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز ئەو شێوازە بریتییە لە خەوتن لەژوورێك، كە پڕە لەو  كۆلانەی مێشەنگوینی تێدا بەخێو دەكرێت .

خاوەنی یەكێك لەو سەنتەرانە، كە پێیان دەوترێت چارەسەركردن بەهەنگ دەشڵێت: ئەو وزەیەی لەكاتی راوەشاندنی باڵەكانی هەنگەكەوە دەردەچێت یارمەتی كەمكردنەوەی ئازار و چارەسەركردنی چەندین نەخۆشی جۆربەجۆر دەدات .

زیدروناس جابرتاس، كە لە باكووری لیتوانیا سەرپەرشتی یەكێك لەو ناوەندانە دەكات هەروەها دەڵێت: چەندین ساڵە و لەوەتەی سوودەكانی ئەو جۆرە چارەسەرە ئاشكرا بووە،  ئەو شێوازە بۆ چارەسەری پشت ئێشە بەكاردەهێنێت .

هەرچەندە سەرەتا هاوڕێكانی گومانیان لە سوودەكانی ئەو جۆرە چارەسەرە هەبووە، بەڵام جابرتاس دەڵێت: ساڵانە لەنێوان مانگی ئایار تا مانگی ئەیلوول نزیكەی  ٥٠٠ كەس سەردانی ناوەندەكەی دەكەن .

لەراستیدا هەنگ پەیوەستە بە چارەسەرەكانی پزیشكی جێگرەوە، بەجۆرێك هەموو بەرهەمەكانی هەنگ وەك هەنگوین و مێو و تەنانەت ژەهرەكەشی بۆ چارەسەركردنی گەلێك نەخۆشی بەكاردەهێنرێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی