پارتى داوایەک ئاراستەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم دەکات

کوردستان

15/08/2019‌ 2013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتى دیموکراتى کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن تا گەیشتن بە چارەسەری كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

بەبۆنەى ٧٣ ساڵەى دامەزراندنى حزبەکەیانەوە مەکتەبى سیاسى پارتى رایگەیاندوە" پارتى سوورە لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان كە لە شەش ساڵی رابردوودا بە جۆرەها پیلان و شەڕ و هەڕەشە و سەنگەر لێگرتن ویستیان لە ناوی ببەن و رەنجی سەد ساڵی كورد بە با بدەن. پارتیمان بە ورە و بڕوایەكی پۆڵایینەوە بەرەنگاری كۆی ئەو هەڕەشانە بۆوە و خۆشبەختانە یەك بە دوای یەكدا تێكی شكاندن".

ئاماژەى بەوەشکردوە، له‌به‌رده‌م شه‌ڕی نانبڕین و هەراشبونەوەی شۆڤێنیزمیشدا، نه‌یانهێشت كوردستان چوك دابدات، تا شۆڤێنیزم و نانبڕه‌كان چۆكیان دادا. نه‌یهێشت مه‌رامی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ران بێته ‌دی و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و بەرهەمی خوێن و خەباتی شەهیدان بە هەدەر بڕوات.

هەروەها پارتى جەختیکردوەتەوە، توانیویانە به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ و بێ‌ كه‌مترین سازش له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانمان، سزا ناڕه‌واكانی سه‌ر كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێتەوە‌، رایه‌ڵه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان گرێبداته‌وه‌ و پێگه‌ و ئیعتباره‌ جیهانییه‌كه‌ی بۆ بگێڕێتەوە، هاوکات باسى لەوە کردوە، لە حكومەتداریشدا توانی شان بداته‌ به‌ر مه‌سئولیه‌تی رۆژە سەختەكان و كۆڵ نه‌دات تا ئاسۆی چاره‌سه‌ر به‌ ڕووی هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا كرانەوە و ته‌نگانه‌ و گرفته‌كان به‌ره‌و كۆتایی چوون.

لەبەشێکى ترى راگەیەنراوەکەدا مەکتەبى سیاسى پارتى باسى لەوە کردوە، بە پشوودرێژی و رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و خەڵكەكەی، توانی گرێیەكانی بەردەم پێكهاتنی لایەنەكان و پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حكومەت بكاتەوە، سەرباری درەنگ كەوتن بەڵام دواجار دامەزراوەكان كەوتنەوە گەڕ و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان كارابونەوە و حكومەتێكی فرەیی نوێ دەستبەكار بوو.

هاوکات دەشلێت، پارتەكەتان بە هیوایەكی زۆرەوە لەم قۆناغە دەڕوانێ بۆ دوبارە دەستپێكدنەوە و درێژەپێدانی ئاوەدانكاری و گەشەپێدان و پێشخستنی كوردستان، كە ساڵانی رابردوو بە هۆی شەڕ و قەیرانەكان و سیاسەتی برسیكردن و ململانێی بێ سەمەری ناوخۆییەوە ھەنگاوەکان سستکرابوون. باوەڕمان پتەوە كە مادام لە پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی پیلانەكانی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمدا، سەركەوتین، مادام قەیرانەكانمان تێپەڕاند، ئیتر زەمینە سازە و كاتی دەستپێكردنەوەی پێشخستن و گەشەپێدانەوەی وڵاتەكەمانە.

 لەکۆتاییشدا مەکتە بى سیاسى پارتى دوپاتیکردوەتەوە، پشتیوانی دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن تا گەیشتن بە چارەسەری كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێی دەستور و بە قازانجی گەلەكەمان و ئیستیحقاقە رەواكانی.

 بە هەموو تواناشمان پشتیوانی كابینەی نوێی حكومەتین لە پێناو پاراستنی دەسكەوتە بەدیهاتووەكان و بەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر و درێژەپێدانی هەوڵەكان بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری لە هەموو بوارەكاندا كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە.

هەروەها مەکتەبى سیاسى پارتى راشیگەیاندوە، لەم هەلو مەرجەدا كە كوردستان و عێراق و ناوچەكەی پێدا دەگوزەرێ، بانگەوازیان وەك هەمیشە بۆ هەموو لایەك ئەوەیە ناكۆكییە نێوخۆییەكان وەلاوە بنێین و پێكەوە و بە هەماهەنگی و هاوخیتابی، لەسەر هەموو ئاستەكان خەبات بكەین تا شایستەی نوێنەرایەتێ و متمانەی گەلەكەمان بین لە داكۆكی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانیدا.
س.هـ