شارپرێس:
لایه‌نه شیعه‌كان فشار له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن، سیستمی به‌رگریی موشه‌كی له‌ڕوسیا بكڕێت، ئه‌وه‌ش له‌پاش ڕووداوی ته‌قاندنه‌وه‌ی كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حه‌شدی شه‌عبی.
به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید كردووه، لایه‌نه شیعه‌كان و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی فشاره‌كانیان بۆسه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستپێكردووه، بۆئه‌وه‌ی به‌زوترین كات سیستمی به‌رگریی موشه‌كی له ڕوسیا بكڕێت.
لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق ترسیان هه‌یه له‌وه‌ی، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه هێرشبكرێته سه‌ر میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌تایبه‌ت كه دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حه‌شدی شه‌عبی، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئیسرائیل ڕاكێشرا.
پیش‌تر حاكم زاملی، سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، عێراق له‌دانوستاندایه له‌گه‌ڵ ڕوسیا بۆئه‌وه‌ی سیستمی به‌رگریی موشه‌كی ئێس 400 له‌و وڵاته بكڕێت.
ڕ . ج