ترامپ خواستی ئێران بۆ واژووكردنی رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەمریكا ئاشكرادەكات

جیهان

16/08/2019‌ 517 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، ئێران دەیەوێت ڕێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ واشنتۆن واژووبكات ، لەبەر ئەوەی گەمارۆكان زیانی گەورەی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە .

بەقسەی ترامپ هۆكاری ئەو خواستەی ئێران بۆ رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەمەریكا بۆ ئەو زیانانە دەگەڕێتەوە، كە بەر ئابووری ئەو وڵاتە كەوتووە .

لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١٥ شەش وڵات، كە بریتی بوون لە (ئەمەریكا ، بەریتانیا ، فەرەنسا ، روسیا ، چین و ئەڵمانیا ) و ئێران لەسەر پلانی كاری هاوبەشی گشتگیر  بۆ بەرنامە ناوەكییەكەی تاران رێككەوتن .

دەقی ریكەوتنەكە باس لە هەڵگرتنی گەمارۆ سەپێنراوەكانی سەر ئێران دەكات لەبەرانبەر كۆتوبەندكردنی بەرنامە ناوەكییەكەی ئەو وڵاتە.

رێكەوتنەكە لە سێ ساڵ زیاتر خۆی رانەگرت ، بەشێوەیەك ئەمریكا لە هەشتی ئایاری ٢٠١٨ رایگەیاند، تاكلایەنە لە رێكەوتنەكە پاشەكشە دەكات و سەرلەنوێ گەمارۆكان بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنێتەوە، تەنانەت عەلی خامنەیی رابەری شۆشی ئیسلامی ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە گەمارۆكان بەدەر نەبوون .

ئەو گەمارۆیانە كاریگەری گەورەی لەسەر ئێران داناوە، بۆیە ئێستا دەستپێشخەری كردووە، بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ ئەمریكا واژوو بكات، كە ترامپ زانیاری زیاتری لەسەر دەستپێشخەرییەكەی تاران نەخستووەتە روو.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی