دۆزینەوەی جێپەنجەی مرۆڤی چاخی بەردین لەئەشكەوتی شانەدەر

کوردستان

19/08/2019‌ 1250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گومان وایە  مرۆڤی نیاندەرتاڵ ٦٠ بۆ ٨٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا لەو ئەشكەوتەدا ژیاوە، كە بەشانەدەر ناودەبرێت، بەشێوەیەك پاشماوەی مرۆڤی چاخی بەردینی تێدا دۆزراوەیەوە .

ئەشكەوتەكە دەكەوێتە قەدپاڵی چیای برادۆست‌و لەسنووری قەزای مێرگەسوورەو ٢٢٠٠ پێ لەئاستی دەریاوە بەرزە، هەروەك بەرزی ئەشكەوتەكە ١٨ مەترە و ٥٣ مەتر پانە و ٤٠ مەتریش قووڵە .

دەروازەی ئەشكەوتەكە سێگۆشەیەو ساڵانە هەزاران گەشتیاری ناوخۆو گەشتیاری بیانی رووی تێدەكەن .

سۆران ئەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر دەڵێت: یەكەم كاری هەڵكۆڵین لەساڵی ١٩٥١ و لەژێر سەرپەرشتی زانای شوێنەوارناسی ئەمەریكی رالف سولكی كراوە، هەروەك لەشەستەكانی سەدەی رابردوو پاشماوەی ئێسكە پەیكەری رۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە.

زانا شوێنەوارناسە ئەمەریكییەكە چەند چینێكی لەسەریەك كەڵەكەبووی دۆزیوەتەوە، كە مێژووەكەیان بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە .

هەر لەوبارەیەوە ، ئەمین دەڵێت: سولكی پاشماوەی مرۆڤگەلێكی دۆزیوەتەوە، كە گومان دەكرێت دوای مرۆڤی نیاندەرتاڵ ژیابن‌و بەكاری كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵەوە سەرقاڵ بووبن .

گەلێك لێكۆڵەری ناوخۆیی و بیانی لێكۆڵینەوەیان لەسەر پێگە شوێنەوارییەكە كردووە ، كە لەنێو ئەو لیكۆڵینەوە تاقیگەییانەی لەسەر ئێسكەكان كراون، دەركەوتووە مرۆڤی نیاندەرتاڵ پێش ٦٠ بۆ ٨٠ هەزار ساڵ لەئەشكەوتەكەدا ژیاوە ، كە هێشتا كاری كنە و پشكنین لە ئەشكەوتەكەدا بەردەوامە .

بەشێك لە پارچە شوێنەوارییە دۆزراوەكانی ئەشكەوتەكە لەمۆزەخانەكانی عێراق و مۆزەخانەكانی ئەمەریكا نمایش كراون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی