مەسعود بارزانی: ئەو دوو سەرکەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەدەستی هێنا، پاداشتی گەلی کوردستان بوو

کوردستان

09/09/2019‌ 1304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی لە سەلاحەددین لەگەڵ بەرپرسانی لق و ناوچەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگاکانی دهۆك، مووسڵ و هەرسێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێر، (کەرکووك – گەرمیان) و (سلێمانی – هەڵەبجە) كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەو دوو سەرکەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بەدەستی هێنا، پاداشتی گەلی کوردستان بوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی رایگه‌یاند، "ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە پێشمەرگە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست".

بارزانی جەختیی کردەوە، "پارتی لەکاتێکدا لەدایك بوو کە گەلەکەمان لە نائومێدییەکی گەورەدا بوو، پارتی بووە ئومێد و هیوای گەل و لەو ڕۆژەوە پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیژییە هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا قوربانی داوە و هەرگیزیش لە بەرپرسیارێتی ڕاناکەین". 

مه‌سعود بارزانی وتیشی، "ئەو دوو سەرکەوتنەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان بەدەستی هێنا، پاداشتی گەلی کوردستان بوو بۆ هەڵوێستە نەگۆڕ و ستراتیژییەکانی پارتی و بەرگرییکردنمان لە کوردستان".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، مه‌سعود بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا گفتوگۆ و دانوستان هەیە و هەنگاوی باش چوونەتە پێش و ئومێد دەکەین هەموو کێشەکان بەدیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".
ه.م