گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەنهێنی بەرێوەدەچن

عیراق

10/09/2019‌ 1162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەنهێنی‌و دوور لەچاوی میدیاكان بەرێوەدەچن، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی بگەن بەرێككەوتن.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامن و شاندیش بەردەوام سەردانی بەغدا دەكەن و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، كە ئەوەی باشە لە راگەیاندنەكان باس ناكرێت، تاوەكو دەگەنە رێككەوتن، چونكە من پێم باش نییە هەموو شتێك لە راگەیاندن باس بكرێت.

ماوەیەكە هەولێرو بەغدا لەسەر كێشەكانیان گفتوگۆ دەكەن، كە ئەو كێشانە لەبواری نەوت‌و بودجە چەند ساڵێكە بەردەوامەو تائێستا نەگەیشتوون بەرێككەوتنی كۆتایی.  

جەمال كۆچەر باسی لەوەش كرد، كە عێراق لە كورد و سوننە و شیعە پێك هاتووە و رایگەیاند، راستە ئێمە كەمین و ژمارەی ئەندامانمان 58 ئەندامەو هی ئەوانیش 276 ئەندامن، بەڵام بەبێ ئێمە هیچ حكومەتێك دروست نابێت و دروستیش نەبووە، بێگومان ئەگەر كوردیش لەگەڵی نەبێت، پارچەیەك لەعێراق لەگەڵ حكومەتەكە نابێت، ئەمە خاڵێكی بەهێزە و پێویستە كورد بە دروستی كار بكات و یەكهەڵوێست و یەكدەنگ بێت لە بەغدا، چونكە ئەگەر ئێمە بە یەكڕیزی بچینە بەغدا و بە یەك دەست كار بكەین، ئەوەی بمانەوێت بەدەستی دێنین.

هەروەها دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە دوای دەستبەكاربوون، سەردانی بەغدایان كرد، ئەو ئەوەشی راگەیاند، پێش هاتنی بودجەش بۆ پەرلەمان، بۆ یەكەم جارە حكومەتی هەرێم خۆی داوای لە ئێمە كردووە پێكەوە كۆببینەوە تا بزانین بەیەكەوە چی بكەین لەبارەی بودجەوە، كە ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە، بۆیە پێشنیازمان كرد لە بەغداش ئەو جۆرە دانیشتنانە بكەن و هەموو نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆببینەوە بۆ ئەوەی هەر شتێكمان ویست مسۆگەری بكەین".

هـ ـ ح