شارپرێس:
عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ هەرێم یەكلاكەرەوە دەبێت، كە جەختیكردووەتەوە، جیابوونەوەی هەرێم باشترە لەو زیانانەی لەپارێزگاكانی تری دەدات .
عەبدولهادی سەعداوی لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی دیجلەدا دەشڵێت: حكومەتی ئێستای هەرێم هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ حكومەتی پێش خۆی و بەردەوامە لە پێچ و پەنا كردن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و دەیەوێت بودجەی ساڵی ٢٠١٩ بەشێوەیەكی خواروخێچ تێپەرێنێت.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەعداوی جەختیكردووەتەوە، كە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ بەتەواوەتی لەگەڵ بودجەی ساڵی ٢٠١٩ جیاواز دەبێت و خاڵی جیاكەرەوە دەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە رادەستكردنی نەوتەكەی بە حكومەتی بەغدا ئەوە هیچ برە پارەیەك وەرناگرێت، ئەوەش ویستی پەرلەمانتارانە.
هەروەها دەڵێت: ناوچەكانی باشووری عێراق زەرەرمەندی یەكەم و بەردەوامی ئەو دۆخەن، بۆیە "دەمانەوێت هەموو پارێزگاكان هەمان ئەرك و مافیان هەبێت"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات جیابوونەوەی هەرێم باشترە لەو زیانانەی بە پارێزگا بەرهەمهێنەركانی تری دەگەیەنێت لەباشوور .
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی، كە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی عێراق نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم دەكات نەوەك حكومەتی ناوەندی و دەڵێت: ناوبراو یاری بە ماددەی "ج" ی بودجە دەكات .
ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم تائێستا ئامادەنییە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، كە لەیاسای بودجە هاتووە، بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقیش بودجەی هەولێر بەتەواوی بنێرێت.
هـ ـ ح