شارپرێس:
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند: حكومه‌تى عێراق بوونى سوپاى تورکیا له‌سه‌ر خاكى عێراق ره‌تده‌كاته‌وه‌و وڵاتەکەشى له په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتە له باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه، نیگەرانى عێراقیشى لە بوونى ئەو هێزانە لەناو خاکى هەرێمدا دەربڕی.
دوێنێ سێشه‌ممه 11ى ئه‌یلولى 2019، محەمەد حه‌كیم وەزیرى دەرەوەى عێراق له‌وتەیەکدا لە میانى سه‌رۆكایه‌تى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى وه‌زیرانى وڵاتانى عه‌ره‌بى رایگه‌یاند: عێراق بوونى هێزى توركى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى ره‌تده‌كاته‌وه و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كۆتایى به بوونى سوپاى توركیا له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى بهێنێت.
ناوبراو ئاماده‌ی به‌غداشى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى ئه‌منى له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها گوتى، له‌گه‌ڵ لایه‌نانى توركى به‌رده‌وام له ئاستى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه، به‌رگرى و هه‌واڵگرى له په‌یوه‌ندیداین.
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وتیشى، ده‌زانن مه‌ترسى رێكخراوى پارتى كرێكارانى كوردستان و هه‌ڵوێسته‌كانیان چییه، له‌گه‌ڵ لایه‌نى توركیا له‌و باره‌یه‌وه هه‌وڵى خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ.
لەسەرەتاى ئەم ساڵەوە تورکیا هێزێکى سەربازى بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هێناوەتە هەرێمى کوردستان ئەوە جگە لەو هێزەى کە لە دواى ساڵى ١٩٩١ وە لە بامەڕنى جێگیر بوون، هاوکات لە مانگى ئایارى ئەمساڵیش ئۆپه‌ڕاسیۆنێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر ناوچه‌ى خواكورك له سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێكردووه.
س.هـ