گفتوگۆ نهێنییەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەى ٢٠٢٠ بەردەوامە

کوردستان

11/09/2019‌ 581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ڕێگەی چەند تیمێكی تایبەتمەندەوە بەردەوامن و هەنگاوی باشیان ناوە و پێشوەچوون و لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە گفتوگۆكاندا هەیە.

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا ڕاگەیاند: "چەند تیمێكی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان دروست كراون و لەبارەی هەموو دۆسیەكانەوە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەغدا دەكرێت، لەوانە بودجە و نەوت و ماددەی 140، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكاندا ئاماژەی پێ ناكرێت و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن، تاوەكو دەگەنە ڕێككەوتن".

ئاماژەى بەوەشکرد، هەنگاوی باش نراوە و گفتوگۆكان پێشوەچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە، بۆیە گەشبینین بتوانن تاوەكو بودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بگەنە ڕێككەوتن".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رونیشیکردەوە، لەو كۆبوونەوەیەی لە نێوان حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنەکانی كورددا بەڕێوە چوو، هەموو داتا و زانیارییان پێ درا بۆ ئەوەی بتوانن باشتر داكۆكی لە مافی كورد بكەن و بڕیارە لیژنەیەكی هاوبەشیش لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەکانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دروست بكرێت بۆ ئەوەی هەماهەنگییەكی باش هەبێت.

پێشتریش جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوامن و شاندیش بەردەوام سەردانی بەغدا دەكەن و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە، كە ئەوەی باشە لە راگەیاندنەكان باس ناكرێت، تاوەكو دەگەنە رێككەوتن، چونكە من پێم باش نییە هەموو شتێك لە راگەیاندن باس بكرێت.

س.هـ