عێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان پشت بەکۆمپانیا بیانییەکان دەبەستێت

عیراق

28/04/2024‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەبد زوهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمپانیا عێراقییەکان توانای ئەوەیان نییە لەئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتواندا پشتیان پێببەسترێت، هەربۆیە دەبێت پشت بەکۆمپانیای نێودەوڵەتیی پێشکەوتوو ببەستن.


هینداوی لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، "ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی پلاندانان کار لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان‌و نیشتەجێبوون دەکات، ئەوەش لەپێناو زانینی چۆنێتیی دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان لەنێوان رۆڵەکانی وڵات بێئەوەی لایەنداری بۆ پێکهاتەیەک یان تائیفەیەک لەسەر حیسابی پێکهاتە و تائیفەیەکی تر بکرێت".

زیاتر وتویه‌تى، "سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئەمجارە لەسەر بناغە و ستانداردی ئەلیکترۆنیی ئەنجامدەدرێت لەکاتێکدا پێشتر پڕۆسەکە بەشێوەی کاغەزیی ئەنجامدەدرا، بۆیە پێویستیان بەکۆمپانیای نێودەوڵەتی تایبەتمەند هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە".

ئاماژەی بەوەشدا کە عێراق هیچ  کۆمپانیایەکی لێهاتووی نییە بۆ بەڕێوەبردنی فایلی ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان.

جه‌ختیكرده‌وه‌، "وڵاتانی پێشکەوتوو هەن کە تواناکانیان چەندین هێندەی عێراق زیاترەو لەدۆسیەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "سەرژمێریی دانیشتووان پێویستی بەکۆمپانیایەکی نایاب هەیە بۆئەوەی ئەو دۆسیەیە بەڕێوەبەرێت".

لەگەڵ ئەوەی ماوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەعێراق نەکراوە، بەڵام ئامادەکاریی دەکرێت بۆئەوەی رۆژی 20ـی تشرینی دووەمى ئه‌مساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، لەوبارەیەشەوە عەلی عریان بەڕێوەبەری گشتیی سەرژمێریی لەوەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، سەرژمێریی ئەزموونى لە 20ى ئایارى ئەمساڵ دەکرێت، 120 هەزار سەرژمێریکاریش لەو پرۆسەیەدا بەشدارییان پێدەکرێت.

دوایین سەرژمێرى گشتیی دانیشتووان لەعێراق لە 1997 لە 15 پارێزگا کرا، بەڵام وابڕیارە ئەمجارە پڕۆسەکە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، لەیاسای بودجە 400 ملیار دینار بۆ پێداویستیی‌و خەرجیی سەرژمێرى تەرخانکراوە.