دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات

ئابوری

29/04/2024‌ 12415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكی باڵا له‌نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم زانیارییه‌كی گرنگ له‌باره‌ی به‌بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌م هه‌فته‌یه‌دا دادگای باڵای فیدراڵی ڕاستكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌رده‌كات".


له‌وباره‌یه‌وه‌ عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندوه‌، دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیەدا ڕاستکردنەوەیەک دەردەکات کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو عێراقییەکان مافیان هەیە لەپڕۆژەی بانکی ناوەندیی بۆ بە بانکیکردنی موچە، کە ماوەیەکی زۆرە باسیدەکەن‌و هەوڵی بۆ دەدەن.

جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاشكرایكردوه‌، "وەک چۆن موچەخۆرانی حکومەتی فیدراڵی بانکی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن لەلیستی بانکە پەسەندکراوەکان، موچەخۆرانی هەرێمیش هەمان مافیان هەیە".

ده‌شڵێت:"هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری من، مۆڵەتیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێدراوە، دوای ڕاستکردنەوەی دادگای فیدراڵیش، بەتەواوی توانایانەوە تا هێڵی کۆتایی بەردەوامدەبن".