ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بەهۆی رەخنەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتییەوە بەڵێنی چاکسازیی دەدات

کوردستان

29/04/2024‌ 423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەیە هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بکات و داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد لە بەڕێوەبردنی کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی داعش پشتیوانی لێبکات.


ئیدارەی خۆسەر لەڕێگه‌ی بەیاننامەیەکەوە وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیداوەتەوە کە دامەزراوە دادوەریی و ئەمنیی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستانی بەئەنجامدانی پێشێلکاری "کە دەگاتە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" سەبارەت بە بارودۆخی ژنان و منداڵانی لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش تۆمەتبارکرد.

لە بەیاننامەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هاتووە: ئیدارەی خۆسەر گرنگیی ئەو ڕاپۆرتانە بەرز دەنرخێنێت کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەردەچن، هەروەک جەختی لەوەکردۆتەوە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “بەهۆی هاوکاری ئیدارەی خۆسەر”ەوە راپۆرتەکەی تەواو کردووە، سەرەڕای ئەوەی “سەرنج” ی لەسەر هەندێک لە تۆمەتەکان و زاراوە بەکارهێنراوەکانی ناو ڕاپۆرتەکە هەیە کە دەبوو بە باشی پشتڕاست بکرایەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە تیمی ڕێکخراوەکە “سەردانی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیان لە هەردوو کەمپی چینی لە شەدادی و پانۆراما لە حەسەکە نەکردووە”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێدەچێت ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە چاوپێکەوتن و ئیفادەی ئەو کەسانە بەستبێت کە ڕەنگە سەر داعش یان شانە نووستووەکانی داعش بن کە ڕەنگە تیمی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی ئەو دوو گرتووخانەیە چاویان پێیان کەوتبێت “.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی ئیدارەی خۆسەر لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپاتکراوەتەوە بۆئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و پاڵپشتی ئیدارەی خۆسەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستییەکانی ناو کەمپ و دەستبەسەرکردنەکان دابین بکات، کە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی زەبەلاح هەیە کە ئیدارەی خۆسەر توانای دابینکردنی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسیی و ئەمنیی دەبێتەوە، بەتایبەتیی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن.