یەکەم هەڵە دوایەمینە

مەلەفی تایبەت

30/04/2024‌ 363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئارام هەڵەدنی

بەپێی ئاماری ساڵی ۱۹۹۲   کۆی ڕوبەری پیس بوو لەهەرێمی کوردستان ۷۷٦ کم بووە تاساڵی ۲۰۱۹ ڕوبەری ۲٥٨ کم زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی ماوە

ناونیشانی سەرەوە تەنها چەند وشەیەک یان دێڕێک نییە بە سانایی تێپەڕێت بەڵکو لەدەستدانی ژیانی مرۆڤێکە بە هۆی هەڵەی کارکردن یان یان ڕێڕەوی هەڵە.

زۆر جار دەزگای میدیایی شارپرێس لەسەر هەندێک  قەزیەی جینۆسایدی گەلەکەمان یان نیشتیمانی کاری زۆر گەورە دەکەن کە دەیان ڕۆژ بەبێ ماندوبوون کاردەکەن و بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان کاتێکی زۆر و خەرجیەکی باشیان دەوێت تا زانیاری وردیان بەردەست بکەوێت و فلیمێکی دیکۆمێنتاری بکەنە دیاری خوێنەر و بینەران و نەوەکانی ئایندە
ڕۆژی ۲۷ی نیسانی ۲۰۲٤ لە هۆڵی سینەما سیتی ئامادەی  نمایشی بەڵگە فیلمی( یەکەم هەڵە دوایەمینە) بووم لەلایەن دەزگای میدیایی شارپرێسەوە ئامادەکرابوو
کەباس لە ژیان و مەترسیەکانی بەردەم سەربازانی ونی پاککردنەوەی نیشتیمان دەکات لە مین و تەقەمەنیەکانی ، دوای ئەوەی ماوەی نزیکەی یەک سەعات لە هۆڵەکە بەبێ دەنگی چاومان لەسەر کارمەندانی مین هەڵگرەوەکان بوو کە چۆن لە ڕێگای دوو ئۆتۆمۆبێلی پاترۆڵەوە بەڕێگای خۆڵ و پێچاوپێچدا بەسەرما و گەرما بۆ سەر کێڵگەی بە مینچێنراوەکان ڕێگای مان و نەمان دەگرنەبەر ، ئەوان فەرمانبەرێکی ئاسایی نین ڕۆژانی
دەوام لەبەر سبلیت و موبەریدە و سۆبا  لەپشتی مێزێکەوە کاری هاوڵاتیان ڕایی بکەن بەڵکو هەموو بەیانیەک کە دەچنە سەرکار چاوەڕوانن وەکو هاوپیشەکانی ڕابووردوویان شەهید ببن یان بەشێک لە جەستەیان ببەخشن بە کوردستان ، هەرئەو چاوەڕوانیە وای لە ژن و مناڵەکانیان کردووە تاگەڕانەوەیان دڵیان ساتێک نەسرەوێت ، لار ئاری خوێندکاری زانکۆیە باوکی یەکێک لە کارمەندانی مینلابەرە وتی چەندین ساڵە دڵمان لای باوکمانە زۆرجار کە زەنگی مۆبایلەکەم لێدەدات دەڵێم باوکم توشی ڕوداوی دڵتەزێن بووە بۆیە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا ژیان بەسەر دەبەین.
کاتێک گوێم لە لارا بوو بەچاوی پڕفرمێسکەوە بەخەیاڵ گەڕامەوە بۆ بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر لەم ڕۆژەدا هەموو دانیشتوانی گوندی هەڵەدن سێ یەم ڕۆژی جەژن خۆشی شین و پرسەیان گێڕا بۆ دووشەهیدی مین.
گوندی هەڵەدن دەکەوێتە چەقی ناوچەئازادکراوەکانی دۆڵی جافایەتی شوێنگەی شۆڕش و سەرکردایەتی بوو لە ناوەڕاستی ساڵی هەشتاکانەوە لە ژێر بۆردومانی تۆپ و فڕۆکەجەنگیەکانی بەعسدا شەو و ڕۆژی بەڕێ دەکرد تا لە تاوانی ئەنفالدا وەکو هەموو گوندەکانیتر خەڵکەکەی ئاوارەی ئێران بوون و گوندەکەش دارو بەردی بەسەریەکدا ڕوخێنرا و هەموو ماڵەکانیان تەقاندەوە و دەیان هاوڵاتیشی ئەنفالکراوە.

ڕۆژی ۲۹/٤/١٩٩٥ ڕۆژی ( عارەفە ) ڕۆژێک پێش جەژنی قوربان شەهیدان ( ماڵماڵ عەزیز بابەکر و یوسف عەبدولقادر ) لە گوندی هەڵەدنەوە بەڕێکەوتن بۆ شاخی ژیلوان کە بۆ شەو بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنی بەهارە بۆ مناڵەکانیان بهێنن و بەیانی جەژن بەدیداری هاوگوندیان شادببن ، دوای چەند سەعاتێک مانەوەیان دەکەونە ناو مینەچێنراوەکانی بەعس  و هەردووکیان بە سەر مینێکدا دەکەون و خوێنیان تێکەڵ دەبێت ، بیرمە ڕۆژێک پێش ئەوەی سەفەری شاخ بکەن شەهید ماڵماڵ بە دڵخۆشیەوە دەیوت دەچین بۆ شاخی ژیلوان گەشتێک دەکەین و هەندێک خواردنی بەهارە دێنین بۆ مناڵەکانمان و بۆ شەوی جەژن دێینەوە!
کاک کامەرانی ئامۆزام وتی یەکەم ڕۆژی جەژن گوێدرێژەکەیان بەسەڵتی هاتبووەوە خەڵکی ئاوایی کەوتنە گومان کە بۆچی بۆ خۆیان نەگەڕاونەتەوە بۆیە بڕیارماندا تیمێکی چەندکەسی دروست بکەین و کێوماڵی شاخەکە بکەین سێ یەم ڕۆژی جەژن چوین بۆ شاخی ژیلوان کە بەدوربین سەیرمان کردن هەردوکیان بەسەریەکدا کەوتبوون و شەهید بووبوون  تەرمەکانیانمان هەڵگرت زۆر بەهەستیار بە سەربەردەکاندا ڕۆیشتین تا ئێمەش بەهەمان شێوە نەبینە قوربانی.
ئەوان بوونە قوربانی خولیای سەرانی بەعس دوای خۆیان ژنی ڕەشپۆش و مناڵی هەتیو و دایک و باوکی جگەرسوتاویان بەجێهێشت ، هەر لەوکاتەوە تا ئێستا پورخاتونی پشت کۆماو کە باسی یوسف دەکرێت بە چاوی پڕگریانەوە دەڵێت یوسف شارەزابوو لە مین هەڵگرتنەوە نازانم بۆچی توشی ئەو ڕوداوە بوون؟! ئەوان جەژنیان لێ کردین بەشین هەرکاتێک جەژن دێت لای من برینی ۳۰ ساڵەم دەکولێتەوە بۆیە جەژن لای ئێمە ڕۆژی شەهیدە.

لە  جەنگی عێراق-ئێراندا کە هەشت ساڵی خایاند زیاتر لە یەک ملیۆن سەرباز و هاوڵاتی ئەو دوو وڵاتە بونە قوربانی جەنگی سەرکەشی سەدامی دیکتاتۆر ، ملیارەها دۆلار زەرەروزیان بەر هەردووڵات کەوت  وڵات توشی قەیرانی مرۆیی و ئابووری بوو ، حکومەتی بەعسی ڕوخاو بێجگە لە ڕاگواستنی گوندەکان جارجار لە ڕێگەی فڕۆکە و تۆپبارانەوە پەلاماری ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی پێشمەرگەی دەدا سەدان هاوڵاتی شەهید و هەزارانی بریندار دەکرد.
هەربەوەش نەوەستا دوای تەواو بوونی جەنگ و تاوانی ئەنفال کە ئەوناوچانە بوونە وێرانە و ئەرزی قەدەغەکراو هیچ هاوڵاتیەک بۆی نەبوو بچێتەوە زێدی خۆی سزاکەی مەرگی حەتمی بوو.
بەوەش نەوەستا بە نەخشە و پلانێکی تۆکمە ملیۆنەها ئەلغام (مین) سەربازی بکوژ لە خاکی کوردستاندا وەکو دومەڵ چەقاندی و کردیە پاسەوانی زەوی قەدەغەکراو
دوای ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ خەڵکی گوندەکان بە دڵخۆشیەوە چونەوە گوندەکانیان و ئاوەدانیان کردەوە بێ ئاگا لەوەی سەرانی بەعس جوندی نادیاری داناوە بۆ ڕوح کێشانیان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مینی کوردستان ڕای گەیاند
بەپێی ئاماری ساڵی ۱۹۹۲   کۆی ڕوبەری پیس بوو لەهەرێمی کوردستان ۷۷٦ کم بووە تاساڵی ۲۰۱۹ ڕوبەری ۲٥٨ کم زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی ماوەلە ماوەی ساڵێکدا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، دەزگای مینیش دەڵێت، ساڵی 2023 روبەری زەوی پاککراوە زیادیکردووە.
33 کێڵگە مین و 11 شەڕگە لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە کە رووبەرەکایان دوو ملیۆن و 803 هەزار و 326 مەتر دووجا بووە.

“دوای پاککردنەوەیان زەوییەکان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار به‌کاربهێندرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە”

23 بەرکەوتوو بە رووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون، “کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە”

ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی کە هەڵگیراونەتەوە و لە ناوبراون، بریتی بووە لە سێ هەزار و 849 مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار و 284 پارچە تەقەمەنی سەرپێی (IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو.