کونسوڵی فەرەنسا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی شەڕی تیرۆری تاوتوێکرد

کوردستان

05/05/2024‌ 287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
ئەمڕۆ ٥ی ئایاری ٢٠٢٤ عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە د.یان بریم  کونسوڵی گشتی کۆماری فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ دیڤا پاشکۆی سەربازی لەباڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک، لە دیدارێکدا، کە  محەمەد سعید بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، گفتوگۆی هەمەلایەنەی بایەخدارکرا سەبارەت بە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوولا و پاراستنی ئامانجە هاوبەشەکان لەروبەڕووبونەوەی تیرۆریستاندا، سەرۆکی ئەرکان، سوپاسی گەل و حکومەتی فەرەنسای کرد لە هاوکاری و هەماهەنگی ڕاوێژکارانی سەربازی ئەو ووڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا.

کونسوڵی گشتی کۆماری فەرەنسا، ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کرد و جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە، هاوکات روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ووڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوەچوونی باشی به‌خۆیەوە بینیوه‌ و هیوامان بە بەردەوامی و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانەش هەیە.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست وڵاتی فەرەنسا له‌ هاوکاری و هەماهەنگیەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، لەم رووەشەوە ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی پێشمەرگەی نیشاندا بۆ هەرکارێک کە ئامانج لێی هاوکاری و گەشەپێدانی هەماهەنگیەکان بێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.