مانگی رابردوو لە ئێران 77 بەندکراو لە سێدارەدراون

کوردستان

05/05/2024‌ 107 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی كەم سزای سێدارەی ٧٧ بەندكراو لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ كراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مارس كە ١٨ بەندكراو لە سێدارە درابوون، ٥٩ حاڵەت واتا ٣٢٨٪ زیاتر بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نیسانب ٢٠٢٤دا لانی كەم سزای سێدارەی ٧٧ بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێران جێبەجێ كراوە. ناسنامەی ٧٥ كەس لەو بەندكراوانە بۆ هەنگاو ئاشكرا كراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی نیساندا لانی كەم سزای سێدارەی ١٨ بەندكراوی بەلووچ، ١٠ بەندكراوی كورد، ٧ بەندكراوی تورك و ١١ بەندكراوی خەڵكی ئەفغانستان لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ كراوە.

لە مانگی ڕابردوودا ئەنوەر خزری بەندكراوی مەزهەبیی كورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج و هەروەها دوو ژن بەناوەكانی مەرجان حاجیزادە خەڵكی ساینقەڵا لە بەندیخانەی زەنجان، سورەیا محەممەدی خەڵكی پاكدەشت لە بەندیخانەی قزڵحیسار و ژنێكی بەلووچ لە بەندیخانەی بیرجەند لە سێدارە دراون.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندكراوان لە بەندیخانەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بووە كە لەو مانگەدا ١٦ حاڵەت جێبەجێكرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەكانی ئەو پارێزگایەدا تۆماركراوە. پارێزگای ئەلبۆرز بە ١٣ حاڵەت، ئیسفەهان ٧ حاڵەت، كرمان ٦ حاڵەت و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ٥ حاڵەت و پارێزگاكانی فارس و خوراسانی باشوور هەر یەك بە ٤ حاڵەت لە پلەی دواتردان.

 لە بەندیخانەكانی پارێزگاكانی لوڕستان و مەركەزی هەر كام ٣ حاڵەت و بەندیخانەكانی سیستان و بەلووچستان، زەنجان، گوڵستان و هورموزگان هەر یەك ٢ حاڵەت و هەروەها لە بەندیخانەكانی كرماشان، ئورمیە، ئەردەبیل، خووزستان، قۆم، سنە، گیلان و هەمەدان هەر كام یەك حاڵەت لە سێدارەدرانی بەندكراوان تۆمار كراوە.

لە سەرجەم ئەو ٧٧ بەندكراوەی لە مانگی نیساندا لە سێدارە دراون تەنیا چوار حاڵەت بەرانبەر بە ٥٪ی سەرجەم حاڵەتەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەكان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو كراونەتەوە.