شارپرێس:
خانەی "نەتەوە" لەفۆڕمی تایبەت بەسەرژمێریی دانیشتوان لابراو ڕاوێژکاری نیشتمانیی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوانیش ڕایگەیاند، ئەو فۆڕمە کاغەزییەی پێشتر بەکارهاتوە لەو سەرژمێرییەی کە مانگی تشرینی دوەمی داهاتوو ئەنجامدەدرێت، هەڵدەوەشێتەوە.
لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەهدی عەللاق ڕاوێژکاری نیشتمانیی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان ڕایگەیاند، “لە ڕێگەی ئامێری تابلێتەوە سیستەمەکە بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی گۆڕدرا، کە تێیدا سەرجەم تایبەتمەندییە دیمۆگرافییو ئابورییو تەندروستییو پەروەردەییو کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگهو بەگوێرەى ئەو گروپە تەمەنییەی کە نوێنەرایەتی ئەم تایبەتمەندییانە دەکەن تۆماردەکرێن”.
عەلاق ئاماژەی بەوەدا، ئەو پرسیارەی سەبارەت بەنەتەوە کە لەکاغەزی سەرژمێرییەکەدا هەبوو بەتەواوی هەڵوەشایەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەموو ئەو ڕێکارانەی کە لەساڵی 2010دا کراون، بەتەواوی ڕاگیراون دوای پێداگریی لەسەر لابردنی خانەی تایبەت بەدەستنیشانکردنی نەتەوە لەناوچە جێناکۆکەکان.
باسی لەوەشکردوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی ئەو مشتومڕەی یەکلاییکردوهتەوەو پرسی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی لەئەو سەرژمێرییە جیاکردوهتەوە کە لەمادەی 140 ئاماژەی پێکردوە، رونیشیکردوهتەوە، بەهۆی لابردنی ئەو خانەیەوە، هەموو ئەگەرەکانی دروستبونی حەساسیەتو کێشەو گرفتی لەنێوان نەتەوەکان دورخستوهتەوە.