سەردانەكەی بارزانی بۆ تاران، پێگەی سياسيى پارتی بەرەو كوێ دەبات‌؟

مەلەفی تایبەت

07/05/2024‌ 3327 جار خوێندراوه‌ته‌وه


كوردۆ فەرەج
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بانگهێشتی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ وەفدێك كە پێكهاتووە لە جێگرانی سه‌رۆكی هەرێم و وه‌زیری ناوخۆی و سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی تارانی كرد. 
سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی هەرێم، هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە، زیاتر لە خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت، چونكە ئێران و پارتی مێژوویەكی قۆڵیان هەیە، له‌ زه‌مانی (شاوه‌ تا خومه‌ینی)، ڕۆژی 28ی جولای 1995ە، کاتێک هێزەکانی سوپای پاسداران دوای ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر حیزبی دیموكرات له‌ کۆیه، دەیانویست به ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بگەڕێنەوە ناوچەكانی سەردەشت، به‌ڵام پارتی بە هێزێکی گه‌وره‌وه‌ ڕێگریی لێکردن، تەنانەت چەند فەرماندەیەکی پاسدارانی بۆ چەند کاتژمێرێک دەستگیر کرد، ئەمە زه‌نگی تێكچوونی په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و ئێرانییه‌كان بوو.
ئه‌م‌ ڕووداوە بووه سەرەتایی‌ ڕووخاندنی پردی په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كه‌ی نێوان پارتی و ئێران، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بووه‌ به‌ردی بناغه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی نوێ ئێرانییه‌كان و یه‌كێتی لەسەر دەستی مام جەلال، بۆیە ئێرانییەكان پێویستیان بە دیزاین و ستراتیژیی و جیۆپۆلەتیکی تازە هەبوو لە باشوری کوردستان، به‌ درێژه‌كێشانی شه‌ڕی ناوخۆش تا ڕێكه‌وتننامه‌ی واشنتۆن لە ئه‌یلولی 1998 دا، تا ڕووخاندنی سه‌دامیش (2003) و دانیشتنی شیعه‌كان له‌سه‌ر عه‌رشی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غداد، درز گه‌وره‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و ئێران وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و بە تەواوی ساڕێژ نەبوو.
بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستانیش كار بۆ دروستكردنی كارتی فشار دژی ئێرانییەكان دەكرد بە نزیكبوونه‌وه‌ له‌ توركیا، وەك هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی ئیقلیمی بۆخۆی دۆزیه‌وه‌، هه‌رگیز پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ ئێرانییەكان نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ پێش ڕووداوه‌كه‌ی 28ی جولای، كه‌ ئێران به‌ چه‌ك و سەربازی یارمه‌تی پارتی ده‌دا له‌شه‌ڕه‌كه‌یدا دژی یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیشی وەك ‌هاوپه‌یمانی پارتی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی دروستكرد.
بەڵام ئەم سەردانە نێچرڤان بارزانی بۆ ئێران و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێكرا دەكرێت لەسەر چەند ئاست و پێوانەیەك پۆڵێن بكرێت:
لەلایەك ئێرانییەكان پێیان وایە دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پاش ئەو دابرانە زۆرەی پارتی و دروستكردنی ئەو پەیوەندییە ئیقلیمییەی لەگەڵ توركیا و بەهێزبوونی پێگەی پارتی لەناوچەكە وایكرد بەردێكی دیكە بخاتە سەر ئەو بناغە مێژووییەی كە لەگەڵ پارتیدا هەیبووە.
لەلایەكی دیكەوە، خراپی دۆخی یەكێتی لە ئێستادا و زەمانكردنی یەكێتی، پێویستی بوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی وایكرد لەسەر ئاستی باڵا جێگری دووەمی پارتی و وەفدێك لە پێكهێنەرانی حیزبەكانی و حكومەت، بانگێشتیان بكات و لەسەر ئاستی ناوچەی ئێران كۆنتروڵی عێراق و كوردستانیش بكات و زیاتر بتوانێت لەهەر گۆرانكارییەك لە ناوچەكەدا سود لەو پەیوەندییانە ببینێت.
سەرباری دروستكردنەوەی ئەو پەیوەندییەش، بەڵام رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادو سەقامگیری ناوچەكە بەلای ئێرانییەكانەوە گرنگە، بەڵام بەمەرجێك پارتی چۆن جێبەجێكاری ئەجندای توركیایە، بەهەمان شێوەش جێبەجێكاری ئەجندای خواستی ئێرانییەكان بێت، چونكە بە تەنها یەكێتی ناتوانێت خواستی ئێرانییەكان بەدی بهێنێت، بەتایبەتش كە پارتی یەكێكە لە حیزبە باڵادەستەكانی ناوچەكە بە لای هێزە ئیقلیمییەكانەوە گرنگە، بەمەش یەكێتی لە پاشخانی ئێرانییەكان لەناوچەكەدا دەمێنێتەوە، بەمەش ئارامی و سەقامگیری بۆ رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەگەرێتەوە شیعەكانی عێراقیش بەمە قایلن، بەڵام دیار نییە هەڵوێستی ئەمریكیی و فەرەنسی و خواستی ئیسرائیلییەكان لەناوچەكەدا چۆن دەبێت؟!
چونكە ئێرانییەكان پێش هەر گۆرانكارییەك لە ناوچەكەدا، دەیانەوێت كۆنترۆڵی دۆخی هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی بكات، هەرچەندە لەپاش ئەو دۆخە خراپە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و پارتی، بە تایبەت لە جەنگی داعش كاتێك ئەوەندەی نەمابوو بچنە نێو هەولێرە و لەسەر داوای بارزانی رێگرییان لە زیاتر نزیكبوونی داعش بۆ هەولێر كرد، بەڵام ئێرانییەكان لە ساتە وەختی ئەنجامدانی ریفراندۆم، دۆخی پەیوەندی نێوان پارتی و ئێرانی زیاتر خراپ كرد و كە لەمێژووی 50 ساڵی ڕابردوو بەو جۆرە خراپ نەبووە، بۆیە ئەم سەردانەی نێچرڤان بارزانی بۆ تاران و ئەو پێشوازییە تایبەتە و كۆبونەوەكانی پێشووتری بەرپرسانی ئێران بە نهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، چاوەرێدەكرێت پەیوەندی لە مێژینەی پارتی و ئێران پێبنێتە قۆناغێكی دیكە.  
لەكاتێكدا دۆخی پارتی لە یەكێتی جیاوازترە، بە هۆی بوونی پێگەی پارتی لەلای هێزە سونەكانی عێراق و ناوچەكە و ئەمریكا و ئەوروپییەكان و توركیا، جیاوازترە و كەمتر دەتوانێت بە تەنیا ملكەچی ئێرانییەكان بێت، بەڵام یەكێتی هەم لە ڕووی پێگەیی حیزبی و دەسەڵاتەكانی لە ناوچەكە و نزیكایەتی زیاتری بۆ ئێرانییەكان، نزیكایەتی و ملكەچێتی زیاتر یەكێتی و جێبەجێكردنی خواستی ئێرانییەكان جیاوازترە، چونكە پارتی بەرگری لە پێگەی خۆی دەكات و كار بۆ پاراستنی خواست و بەرژەوەندییە حیزبییەكان دەكات، ئەم نزیكبوونەوەشی لەگەڵ ئێران لەدوای گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە لەئاستی ناوچەیی و ئیقلیمی و نێوخۆی هەرێمی كوردستان، چونكە پارتی و یەكێتی ئەوەندەی لە خەمی مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژوەندییەكانیاندان، لەخەمی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا نین.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەم سەردانەی بارزانی بۆ لای ئێرانییەكان، یەكێتی دەخاتە دەرەوەی بازانەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێرانییەكان، یان نەخێر ئێرانییەكان دەیانەوێت بە تەواوەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە؟
ئایا پارتی پێگەی حیزبییەكەی ئەوەندە گرنگە كە ئێران مەبەستی بێت، یان نەخێر تەنیا بانگێشتێكی ئاساییە؟

بەپەلە