خاتوونە بەتەمەنە نیاندەرتاڵەکەی شانەدەر و چەند وتەیەک

هەمەڕەنگ

07/05/2024‌ 762 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەم چەند ڕۆژە پەیکەرە دروستکراوەکەی ئەو خاتوونە، سەرنجی جیهان و کوردیشی بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشا و چەند ڕۆژێکە بووە بە باتێکی گەرم لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. مژارەکە قسەی هەمەجۆر و چەندین بابەتی گاڵتەجاڕیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. 
لە ڕاستیدا ئەمە یەکەم جار نیە شانەدەر ببێتە سەردێڕی جیهان لە پەیوەست بە نیەندەرتاڵدا. پێشتر لە ساڵی ١٩٧١ دا بە هەمان شێوە پەرتووکی The first flower people (یەکەم خەڵکانی گوڵ) دەرچوو (بیست ساڵ دەبێت کۆپیەکم هەیە). لەو پەرتووکەدا ئەوە ڕاگەیەندرا کە نیاندەرتاڵ ڕۆحانی بوون و ژیانێکی سادە نەژیاون و مانای سمبوڵیان داوە بە شتەکان. بەشێکی ئەو تێگەیشتنەش لە ڕێگای ئەو گوڵانەوە هاتبووە کایەوە کە لەسەر تەرمەکان دۆزرابوونەوە. هەروەها کە هەندێکیان شکانی ئێسکی زۆر کاریگەر بە جەستەیانەوە بوو، سەرەڕای ئەوە چاکبووبوونەوە و دوای ئەوەش ژیابوون. کە ئەوە دەریخست ئەوان کۆمەڵگەیەک بوون کێوی نەبوون و ڕۆحی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەناویاندا هەبوو بوو. ئەوانە و چەند شتێکی تر وایانکرد کە بۆچوونە کۆنەکان لەسەر نیاندەرتاڵ بگۆڕێت کە پێشتر وادانرابوو ئەوان نیمچە ئاژەڵی دەژیان. هەرچەندە دواتر هەندێک بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە گوڵەکان هاتە کایەوە و هەندێک پێیان وابوو کە ئەوە ئاژەڵی بچووک بردبێتیە کونەکانیەوە، بەڵام بابەتەکە هێشتا مشت و مڕ و بۆچوونی نوێتری لەسەرە. 
بە گشتی شانەدەر شوێنیکی گرنگە لە جیهانی تیگەیشتن لە نیاندەرتاڵدا. شوێنی تریش هەیە لە جیهاندا کە پاشماوەی نیاندەرتاڵی تێدایە، بەڵام ئەوەی کە شانەدەر لەوانی تر جودادەکاتەوە چەند خاڵێکی گرنگە کە بریتین لەمانەی خوارەوە: 
تێڕوانینەکان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان: ئەو ئێسکەپەیکەرە زۆرانەی لە شانەدەرەوە دۆزراونەتەوە نوێنەرایەتی گروپی تەمەنیی جیاوازەکان و ڕەگەزی نێر و مێ دەکەن کە ئەوە وردەکاریی زیاتری کۆمەڵگەکە و ژیانی نیاندەرتاڵەکان دەخەنەڕوو. شیکاری ئێسک و ددانەکانی ئەو نیاندەرتاڵە هەمەجۆرانە زانیاری دەربارەی خۆراک و تەندروستی و برینەکانیان دەدات کە لە ماوەی ژیانیاندا تووشی بوون. بۆ نموونە هەندێک لەو برینانەی کە لە نیاندەرتاڵەکان لە ژیانیاندا هەیان بووە، برینی قوڵن. سەرەڕای ئەوە ئەوان توانیبوویان لە ژیاندا بەردوام بن. کە ئەمە دەری دەخات کۆمەڵگەیەک بووە ئاگایان لەئەندامانی یەک بووە و چاودێری یەکتریان کردووە. 
پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان: ئەو ئامرازانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە توانا تەکنەلۆژییەکانی نیاندەرتاڵەکان پیشان دەدەن. بۆ نموونە تیغە بەردەکان کە دەستکردی خۆیان بووە، لێهاتوویی و داهێنەری ئەوان لە دروستکردنی ئامێری ڕاوکردن و کۆکردنەوە و چالاکییەکانی ڕۆژانەدا نیشان دەدەن.
نیشتەجێیی درێژخایەن: بوونی چەندین چینی نیشتەجێیی لەناو ئەشکەوتەکەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیاندەرتاڵەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە شانەدەر نیشتەجێ بوون. لێکۆڵینەوە لەو ماوە درێژخایەنە دەرفەت دەدات کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لێکۆڵینەوە لە گەشەسەندنی کولتووری و تەکنەلۆژییان بکەن. واتە لەبەر ئەوەی کە چەند چینێک پاشماوەی ئەوان هەیە، ئەوە وا دەکات کە بزانرێت چۆن لەگەڵ سەردەمدا لایەنە هەمەجۆرەکانی کۆمەڵگەی نیاندەرتاڵی گەشگۆڕاوە. 
هەوڵەکانی بنیاتنانەوە: پشکنینەکانی ئەم دواییەی  شانەدەر کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا بوو، ئەنجامەکەی دۆزینەوەی ژنێک بوو کە بە زێت-نیاندەرتاڵ ناسراوە. کەلەی ئەو ژنە وردەکاریەکانی بە جۆرێک مابوو، توانرا بۆ یەکەم جار شێوەی نیاندەرتاڵ بە گشتی بخرێتەڕوو. پێشتر وا دانرابوو کە زۆر لە مرۆڤی ئەمڕۆ جیاوازتر بێت. لێکۆڵینەوە لە لایەنی جەستەیی نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر وایکردووە کە تێگەیشتنێکی دەوڵەمەندتر سەبارەت بەو لایەنە و گونجانیان لەگەڵ ژینگەکەدا بێتە کایەوە.
بەڵگەی ناشتنی سەرەتایی: شانەدەر چەندین پاشماوەی گۆڕی نیاندەرتاڵی تێدە دۆزراوەتەوە کە هەندێکیان ئەگەری شێوازەکانی ناشتنی تایبەتیان پێوە دیارە. بە تایبەت دۆزینەوەی ناشتن بە گوڵەوە یەکێک بوون لەو شتانە.   
جگە لەوانە هەمووی، ئەگەرێک هەیە کە شانەدەر وەک گۆڕستانی ناو کۆمەڵگەی نیاندەرتاڵ سەیرکرابێت و شوێنێکی تایبەتی لایان هەبووبێت. ئەمانە هەمووی ئەگەرن و هەندێکیش لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین و ڕۆژبەڕۆژ تیۆری نوێ دێنەکایەوە و لێکۆڵینەوەکان بەرەو زیاتر ڕوونبوونەوە دەچن. 
لە ڕاستیدا شتێکی گەورەی نوێ لەم ماوەیەدا نەدۆزرابووەوە. ئەوەی کە سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، شێوەی کەسێکی نیاندەرتاڵ دروستکرایەوە لەسەر کەلەسەری ژنێکی نیاندارتاڵ کە پێشتر لەلایەن تیمێکی بەریتانی لە ساڵی ٢٠١٨ دا دۆزرابووەوە. ئێسکەکە بەردێک کەوتبوو بەسەرەیدا و کەلەی سەرەکە پلیشابووەوە و تەخت بوو بوو. بۆیە پێویست بەوە بووە کە تیمی تایبەت کەلەسەرەکە مادەی تایبەتی پێدا بکەن و بیگەیننە بەریتانیا و لەوێ پارچەکانی بەهێز بکەن و دروستی بکەنەوە و خەڵکی تایبەت شێوەی ئەو کەسە دروست بکەنەوە. بۆ یەکەم جارە کە پارچەکانی کەلەسەرێ بەو شێوە باشە مابووبیت. ئەم دروستکردنەوەیەش وایکرد کە ئەو ڕوانگە کۆنە سەبارەت بە ڕوخساری کێویانە و جیاوازیان لە مرۆڤ، بگۆرێت. 
سەرەڕای ئەوەش نابێت شتەکان لە سەدا سەد وەک خۆی وەرگبرین. مەبەست لەوەیە، ڕاستە ئەو شێوەیەی کە دروستکراوە بە گشتی لە کەسە نیاندەرتاڵەکە دەچێت، بەڵام ئەو ڕوخسارە ڕەگەزیەی کە پێی دراوە، بەشێکی پەیوەستە بە ڕوانگەی ئەو دوو برا تایبەتمەندەی کە دروستیان کردۆتەوە. کەس ناتوانێت لە سەدا سەد دڵنیابێت کە ئەو ژنە بەو شێوە بووە کە ئەمان دروستیان کردووە. ئایا ڕێک ئەو شێوەیەی هەبووە یان ڕوخساری جیاوازتر بووە، ئەمانە لە ئێستادا بەنزیکین. واتە لە سەدا سەد نین. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاوا بووە.
ئەی دوای ئەم چی بکەین؟
دەمێکە شانەدەر بووە بە باتێکی جیهانی و سەرنجی هەموو جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. لە ڕاستیدا ئەوەی کە گرنگە ئەمەیە. کارێکی زۆر باش کراوە کە ڕێ دراوە ئەو تیمە کەلەسەرەکە بەرنەوە بەریتانیا و لەوێ دروستی بکەنەوە. بەڵام ئەو کەلە سەرە موڵکی کوردستانە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و نزیکترین مۆزەخانەی کوردستان لە شانەدەر کە پێم وابێت هەولێرە، دەبێت بگەڕێنرێتەوە ئەوێ، یاخود مۆزەخانەیەکی نایندەرتاڵ لە سۆران و لە نزیک شانەدەر دروستبکرێت، کە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی کولتوری بۆ ناوچەکە و گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوە بهێنێتە ناوچەکە. 
جگە لەوە کاتی ئەوە هاتووە کاتێک کە لەگەڵ هەر دەزگایەکی ئەکادیمی ئەوروپی ڕێکەوتن دەکرێت، لە پرۆسەی ناونان و ناوهێناندا دەبێت لایەنی کوردی زۆر بە جدی بەشدار بێت. ناکرێت دۆزینەوەیەکی سەر خاکی کوردستان، تەنها تیمێکی بەریتانی بڕیار لەسەر ناوەکەی بدات. دەبێت لە هەموو ئەو جۆرە کارانەدا خاوەنداری لە خاک و وڵات و مێژووی سەر خاکەکە بکەین. 
هەروەها دەبێت ئەم بابەتانە بخرێتە ناو مەنهەجی خوێندنی منداڵانەوە، بۆ ئەوەی کە ببێت بە بەشێک لە ناسنامەی نیشتیمانی و منداڵ ئاگادری مێژووی دووری وڵاتەکەی بێت. شانەدەر لەسەر خاکی کوردستانە، ناکرێت هەتاوەکو ئەمڕۆ منداڵ و گەورە ئاشنای ئەم بابەتە نەبن. دەبێت چەندین بەرنامەی زانستی لەسەر ئەم بابەتە بکرێت. هەروەها دەبێت زانکۆکانی کوردستان بەشداریەکەیان ڕوکەش نەبێت و ببنە بە بەشێکی بەهێزتر لە لێکۆڵینەوەکان. 
دیارە بە دڵنیایی ئەم بابەتە نیاندەرتاڵەکان ناکاتە کورد کە لەملاولا گوێمان لێی دەبێت. ئەوەی کە تا ئێستا زانایان لەسەری کۆکن ئەوان جۆرێکی تری مرۆڤن و نزیکی چل هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون. کە دەڵێین جۆرێکی تری مرۆڤن، ئەمە زانستە و جینەکانیان ئەوە دەڵێت. چەندین تیۆری هەیە سەبارەت بە لە ناوچوونیان و ئەم تیۆریانە بەردەوام لە گۆڕاندان. بەڵام بەپێی بەڵگەکان لە قۆناغێکدا کە مرۆڤی ژیر هەبووە، ئەوانیش هەبوون. بۆیە پەڕین لە نێوانیاندا ڕووی داوە و زۆربەمان بەشێک لە جینی ئەوانمان تێدایە. بەپێی ناوچەکان بڕی ئەو جینە جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە.
زۆربەی تێگەیشتنەکان لەسەر نیەندەرتاڵ لەسەر ئەو ئێسک و پروسک و ئەو پاشماوانەیانەوە هاتۆتە کایەوە کە لە دوایان بەجێماوە. هەتاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ڕێژەیی بڕێکی کەم ئێسک و پروسک هەیە. لەگەڵ دۆزینەوە نوێکاندا، بۆچوونی نوێ و ڕوونبوونەوەی زیاتر سەبارەتیان دەکەوێتە ڕوو. لە ئەنجامدا تیۆریەکان سەبارەت لەناوچوونیان و شێوەی ژیانیان و ئاستی ژیریان، بەردەوام لە گۆڕاندان.  
سۆران حەمەڕەش

بەپەلە