بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازینكای دژە كۆرۆنا لەسەرانسەری جیهان راگیرا

جیهان

08/05/2024‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ڤاكسینی ئۆكسفۆرد-ئەسترازینكای دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان دەكێشرێتەوە،  ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئەم كۆمپانیای ناوداری دەرمانسازی دانی بەوەدانا كە ڤاكسینەكە دەتوانێت كاریگەری لاوەكی دەگمەن و جددی لێبكەوێتەوە.

بەگوێرەی میدیای بەریتانی، چیتر ناتوانرێت ڤاكسینەكە لە یەكێتی ئەوروپا بەكاربهێنرێت، دوای ئەوەی كۆمپانیاكە خۆبەخشانە مۆڵەتی بەبازاڕكردنی كێشایەوە. داواكاری كشانەوەی ڤاكسینەكە لە ٥ی ئادارەوە پێشكەش كرا و لە ڕۆژی سێشەممە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە چەند مانگی داهاتوودا داواكاری هاوشێوە لە بەریتانیا و لەو وڵاتانەی دیكە كە ڤاكسینی ناسراو بە ڤاكسزێڤریایان پەسەند كردووە، دەكرێت.

بڕیاری كشانەوەی ڤاكسینی ئەسترازینیكا كۆتایی بە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە دەهێنێت، كە بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا بە "سەركەوتنێك بۆ زانستی بەریتانیا" مژدەی پێداوە و شانازیی بە ڕزگاركردنی ژیانی زیاتر لە ٦ ملیۆن كەسەوە دەكرێت.

كۆمپانیای ئەسترازینێكا ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ڤاكسینەكە بە هۆكاری بازرگانی لە بازاڕ كشاوەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، چیتر ئەم ڤاكسینە دابین ناكرێت، دوای ئەوەی ڤاكسینی نوێكراوە جێگەی گیرتوەتەوە كە چارەسەری جۆرە نوێیەكان دەكات.