قاچاخچێتی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان پەرەدەستێنێت

کوردستان

08/05/2024‌ 528 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی ئایاری 2024)، هادی سەلامی پەرلەمانتاری عێراق پشتڕاستی كردەوە كە نەخشەی قاچاخچێتی سووتەمەنی بەشێوەیەكی ڕیشەیی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە لەچاو ساڵانێك لەمەوبەرەوە.

سەلامی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ  ئاژانسی "بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە، "قاچاخی سوتەمەنی بە هەموو جۆرەكانیەوە زیانێكی دارایی گەورە بەسەر عێراقدا دەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لەماوەی 18 مانگی ڕابردوودا دەزگا ئەمنییەكان زنجیرەیەك گورزی تایبەتیان ئاراستەی مافیاكانی قاچاخچێتی لە باشووری وڵات كردووە و بەشێكیشیان هەڵوەشێنرانەوە و لەنێو ئەوانەی بەشداربوون ئەفسەری پلە باڵایان تێدابووە، ئەمە جگە لە تۆڕەكانی دیكە، بەڵام دەتوانرێت بڵێین ناوەندی وڵات بە پێی خوێندنەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەكاندا دیاردەی قاچاخچێتی بەردەوامە".

هەروەها سەلامی ئاماژەی بەوەشكرد، "قاچاخچێتی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بەتایبەتی كە دۆخی ئەمنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەكەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها نیشانەی پرسیاری زۆر هەیە لەسەر ئەم مەلەفە بەتایبەتی و دەكرێت بگوترێت كە مەلەفی قاچاخچێتی  لە ژێر كۆنتڕۆڵدا نییە لە هەرێمی كوردستان".