سه‌رۆكى ئه‌مریكا بڕیارێكى نوێ له‌باره‌ى سوریاوه‌ ده‌دات

جیهان

09/05/2024‌ 1654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا له‌بڕیارێكى نوێدا ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای بەندی 202 لەیاسای باری نائاسایی وڵات بڕیاریداوه‌ دۆخی نائاسایی لەسوریا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژبکاتەوەو حکومەتی سوریاش بەڕژێمێکی تیرۆریست ناودەبات‌و دەڵێت:"بۆ سەر ئاسایشی عێراق‌و ناوچەکە بوەتە هەڕەشە".


جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، "ئەمریکا بەتوندی سەرکۆنەی ڕەفتاری دڕندانەی بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سوریاو هاوپەیمانەکانی هەریەک لەڕوسیاو ئێران دەکات کە دژی خەڵکی ئازادیخوازن، داوا لەڕژێمی بەشار ئەسەد دەکه‌م، دەست لەسەرکوتکردنی خەڵک‌و تاوانی جەنگ هەڵگرێت، لەبری ئەمە پەنا بەرێتەبەر پرۆسەیەکی ئاشتەوایی سەرتاسەریی‌و گشتگیر".

بایدن ئه‌وه‌شى وت:"ڕژێمی سوریا پشتیوانی تیرۆر دەکات‌و درێژەی بەداگیرکارییەکانی بۆسەر لوبنان داوە، هەروەها بەردەوامە لەهەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بەچەکی کۆمەڵکوژو بوەتە ڕژێمێک کە هەڕەشەیە بۆ سەر ناسەقامگیریی عێراق‌و ناوچەکەش".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024 بڕیاری دۆخی نائاسایی ئەمریکا لەسوریا کۆتایی دێت‌و ئیدارەی بایدن نایه‌وێت کاتێکی زۆری بەسەرداتێپەڕێت‌و بڕیاریداوە ڕاستەوخۆ هەر ئەمڕۆ بڕیارەکە درێژبکرێتەوە.