شارپرێس:
مه‌لا به‌ختیار هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى له‌هه‌رێمى كوردستان‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر بهتهمابن یه‌كێتى‌و پارتى دیمو‌كراتى به‌دیبهێنن ئه‌وه خه‌یاڵه"، ده‌شڵێت:"له‌سلێمانى 900 پڕۆژه په‌كیكه‌وتوه‌و 800 به‌ڵێنده‌رو سه‌رمایه‌داریش مایه‌پوچ بون‌و دونیایه‌ك سه‌رمایه‌داریش ههڵاتونو له‌وڵاتانى دیكه سه‌رمایه‌كانیان به‌گه‌ڕخستوه".
مه‌لا به‌ختیار لەکۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان‌و ڕۆشنگەری ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر بهتهمابن یه‌كێتى‌و پارتى هه‌موو جومگه‌كانى دیمو‌كراتى ئه‌وان به‌دیبهێنن ئه‌وه خه‌یاڵه، چونكه له‌ماوه‌ى 33 ساڵدا نه‌یانتوانیوه ئه‌وه بكه‌ن، هیوا هه‌ڵچنین له‌سه‌ر حزبى ده‌سه‌ڵات بۆ به‌دیموكراسى كارێكى هه‌ڵه‌یه".
وتیشى:"مافه ئازادیه‌كان‌و مه‌ده‌نیه‌كان زۆر كات ده‌سه‌ڵات سه‌ركوتیان ده‌كات، به‌بێ بیركردنه‌وه لهمهترسیهكانى ڕهوشهكانى دواى ئه‌و دۆخه، بۆ نمونه ئێستا 900 پڕۆژه له‌سلێمانى په‌كیكه‌وتوه‌و 800 به‌ڵێنده‌رو سه‌رمایه‌داریش مایه‌پوچ بون، دواى 33 ساڵیش دونیایه‌ك سه‌رمایه‌دار له‌كوردستان ههڵاتونو ئێستا له‌وڵاتانى كهنداوو وڵاتانى دیكه خه‌ریكى كارى سهرمایهداریىو وه‌به‌رهێنانن".
ڕه‌خنه‌ى له‌دۆخى ئێستاى موچه‌خۆرانیش گرت‌و ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ى نابێت وه‌ك مژده بدرێت بهموچهخۆران بابه‌تى موچه‌یه، چونكه ئه‌وه مافه، ئه‌وه ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستانه به‌داخه‌وه، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا نابێت موچه دابه‌شكردن ببێت به‌هه‌واڵ، ئێستا دۆخێك هاتوه‌ته پێش یه‌ك موچه‌خۆرو هاوڵاتى نییه ئه‌گه‌ر قسه‌ش نه‌كات، ناخى بریندار نه‌بێت له‌ناخى خۆیدا".
باسى كێشه‌كانى هه‌ولێرو تارانى كرد‌و وتى:"هه‌ولێرو تاران كێشه‌ى زۆریان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ زانیاریتان 144 جار هه‌ولێر موشه‌كى لێدراوه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، ئه‌مه لێدانه له‌هه‌موو كورد، من كارم به‌حزب نییه، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ تاران مێژوییه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌كانى هه‌موى توانه‌وه قسه‌ى زۆرباش كراوه، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكى هه‌رێم وتى، ئیراده‌یه‌كى باش له‌تاران هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، ئه‌م قسه‌یه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم زۆر گرنگ بوو، چونكه ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه، هه‌رێمى كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ چوارگۆشه‌ى ڕه‌شى ساڵانى شهشتهكانو ڕابردوو، ره‌نگه له‌قاڵبمان بده‌ن، به‌ڵام ناتوانن بیتوێننهوهو له‌ناوى ببه‌ن".
باسى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد لهناوچهكهداو جه‌ختیكرده‌وه، "باشترین كوالێتى غاز له‌دونیادا له‌چه‌مچه‌ماڵه، ئه‌مه گرنگه بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆیه به‌هۆى غازى سروشتیه‌وه كوردستان له‌سیاسه‌تى ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵى گرنگى ده‌بێت".