جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە پەرۆشیمانەوە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، نیگەرانین لە هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی بە مەبەستی دواخستن و پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەنرێن، چونکە زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەکانی دەگەیەنێت و داهاتووی وڵاتەکەمان دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نادیارەوە.
قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەگەڵ عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، گفتوگۆمان کرد لەبارەی پرسەکانی هەڵبژاردن.
هەروەها دەڵێت، لەهەمانکاتیشدا جەختمان لە باوەڕ و پرەنسیپی نەگۆڕی ژیانی سیاسی خۆمان کرد کە نەک تەنها ئامادەنین یەک هەنگاو لەو پرەنسیپ و بەهایانە پاشەکشە بکەین، بەڵکو بەردەوام هەوڵ دەدەین دۆخی ئازادی رۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا باشتر بکەین و بەهەموو هێزمانەوە بەڕووی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستینەوە.
لەلایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بۆ كاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان و پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال تاووتوێ كرا.
بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانكردنی هەرێمی كوردستان نیشان دا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێكی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە لە عێراق و ناوچەكەدا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و كاركردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەكانی دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و ڕاگەیاندن و ئازادیی كاركردنی كۆمەڵگەی مەدەنی.
سەرۆكی حكومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریكاریی بەردەوامی ئەمەریكای كرد و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسییەكان و پاراستنی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ بەگشتی دووپات كردەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كات و پاراستنی مافەكانی پێكهاتەكانی كوردستان و چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، جەخت كردنەوە بوو لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەكان و زەوینە خۆشكردن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی دەڤەرەكە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان.