نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا بۆ شارپرێس: سیاسەتی ئەم خولەی ترەمپ وەک 2019 نابێت

ڕاپۆرت

19/11/2024‌ 26392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:
  
  نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە لە ئەمریکا، سینەم محەممەد، ڕایگەیاند کە سیاسەتی ترەمپ وەک ساڵی ٢٠١٩ نابێت و دەوڵەتی تورکیا لەم کاتەدا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.


 دوای ئەوەی ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردەوە ، کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نیگەران بوون، چونکە ترەمپ لە ساڵی 2019 ڕێگەی بە دەوڵەتی تورکیا دا دوو ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. 

 ئایا ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە، سیاسەتی نوێی ترەمپ چییە، دەوڵەتی تورکیا تا چەند دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە هاتونەئاراوە، سینەم محەممەد ، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس وەڵامی ئەم پڕسیارانە دەداتەوە.


 شارپرێس: پێش هەموو شتێک، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کابینە نوێیەکەی ترەمپ دەکەیت کە لەلایەن ترەمپەوە پێکدەهێنرێت، هەروەها ستراتیژی پێشبینیکراویان سەبارەت بە سوریا چی دەبێت؟ 
 سینەم محەممەد:  ڕوونە کە سیاسەتی ترەمپ جیاواز دەبێت لە سیاسەتی (2016-2020).  لەسەر ئاستی ناوخۆ، شتێکی گرنگ بۆ ترەمپ بەهێزکردنی ئابووری و درێژەدان بە پڕۆژەی "ئەمریکای گەورە"یە.  بەڵام لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، ترەمپ بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەیڕەو دەکات، کە بریتییە لە پشتیوانیکردن لە ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستاندنی شەڕەکان بۆ هەمیشەیی. 
 دۆسیەی سوریا بۆ ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا هیچ گرنگییەکی نەبوو، بەڵام لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاری ئەمنی و سیاسی ڕوویدا، من پێشبینی دەکەم کە دۆسیەی سوریا ئەمجارە جیاوازتر دەبێت، بەهۆی پەیوەندییەکەی بەو شتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.  بەشێوەیەکی گشتی ترەمپ دەیەوێت ئاشتی لە پڕۆسەی ئیدارە نوێیەکەیدا دروست بکات، بەڵام ستراتیجی بۆ ئەمە هێشتا ڕوون نییە، دەبێت چاوەڕێ بکەین. 
 بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەو دۆسیەیەی کە بۆ ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگە، چۆنیەتی سنووردارکردنی ئێران و لەناوبردنی لقەکانی لە ناوچەکەدایە. 

 شارپرێس: لە ئیدارەی نوێی ترەمپدا، چ کەسایەتیەک دیاریدەکرێن، پێشبینیەکانت چییە سەبارەت بە کاریگەرییان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان؟
سینەم محەممەد: تا ئێستا کەسایەتی گرنگ و چالاک لە ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوە و دامودەزگاکانی تر دادەمەزرێنن. بێ گومان کاریگەری زۆری دەبێت. 
 لە ڕێگەی کارەکانمانەوە وەک نوێنەرایەتیمان لە واشنتۆن توانیمان پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەو کەسانەدا دروست بکەین کە ئەرکیان پێسپێردرابوو، هیوادارین پشتیوانی چارەسەری سوریا و چارەسەری ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، چونکە ئەو هاوکارییە بەهێز و سەرکەوتووە ڕێگەیدا تیرۆری داعش شکست بهێنێت.  بەڵام بە تایبەتی بۆ مەلەفی کورد، من پێشبینی دەکەم لە ناوەڕاستی ئەو شەڕ و ململانێیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، ترەمپ بیەوێت چارەسەرێک بۆ هەموو ئەو فایلانە بدۆزێتەوە.  ترەمپ دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێت، چونکە عەقڵیەتی بازرگان پەیوەستە بە سەقامگیرییەوە بۆ ئەوەی دواتر چالاکی بازرگانی ئەنجام بدرێت. 

 شارپرێس: لە سەردەمێکدا کە ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی، هەڕەشە نوێیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سینەم محەممەد : هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا تازە نین.  حکومەتی تورکیا بە ڕوونی دەیەوێت هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام تا ئێستا مۆڵەت و پشتیوانی وەرنەگرتووە. 
 لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا هیچ لێدوان و پشتیوانییەکمان بۆ ئۆپراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا دژی ڕۆژئاوای کوردستان نەبینیوە.  هیوادارین سەرۆک ترەمپ سیاسەتێکی نوێ بەراورد بە لە ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ بکات.  دوورە ترەمپ هەمان شت دووبارە بکاتەوە، چونکە فراوانبوونی تورکیا لە سوریا دەبێتە هۆی ناکۆکی و شەڕی نوێ و سیاسەتی ئێستای ترەمپ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و هێنانەدی پرۆسەی ئاشتییە.
بەشێوەیەکی گشتی بەزەحمەت دەزانم دەوڵەتی تورکیا لەم کاتەدا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ترەمپ هێشتا دەستی بە ئەرکەکانی نەکردووە و ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لەم کاتەدا ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات. 

 شارپرێس: پێتوایە ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێتەوە؟ 
 سینەم محەممەد: پێشتر پلانێک هەبوو بۆ کشانەوەی ئەمریکا.  وەک وتراوە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە و ڕەنگە پێش ئەوە بکشێتەوە.  بەڵام بێ گومان کشانەوەی سەرۆک ترەمپ هەمان کشانەوەی ئەفغانستان نابێت.  بەڵام تا ئێستا پرسی کشانەوە پەیوەندی بە هەموو پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. 

 شارپرێس: دوا پرسیار، هیوا و خواستەکانتان چییە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا، سەبارەت بە مەلەفی سوریا بە گشتی؟ 
 سینەم محەممەد:  هیوادارین لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاربکەین و هاوکاری بکەین.  جگە لەوەش پشتیوانی لە سیاسەتی نوێی ئیدارەی ئاشتی و جێبەجێکردنی چارەسەرەکان بۆ ململانێکانی سوریا دەکەین.