شارپرێس- كەنداڵ جودی، دژوار موسا
بەرپرسێكی مەسەدە، حەسەن محەمەد عەلی، ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی توركیا فشار دەكات بۆ رێگری لە ڕێككەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و هێزەكانی هەسەدە. دەشڵێت: لە داهاتوودا دەستپێشخەرییەك ڕادەگەیەنین، لەوانەش بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی.
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات، حەسەن محەمەد عەلی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس سەبارەت بە چەند پرسێكی هەنووكەیی سوریا و رۆژئاوای كوردستان قسە دەكات.
شارپرێس: وەكو مەسەدە ئایندەی سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنن، واتە سوریا بەرەو كوێ دەڕوات؟
حەسەن محەمەد عەلی: سوریا ئەمڕۆ چووەتە ناو پرۆسەیەكی مێژوویی و چارەنووسسازەوە. دوای ئەوەی لایەنگرانی ڕژێمی ئەسەد گورزی توندیا بەركەوت و ئێران و ڕووسیا سەرقاڵی شەڕی ئۆكرانیا بوون، نەیانتوانی بەرەنگاری هێرشی تەحریر شام ببنەوە. بەڵام ئەمڕۆ ئەجێندایەكی نوێ لە دیمەشق هەیە، لەبری ئەسەد، ئەحمەد شەرع بە سەرۆكی كۆماری سوریا ناسێنراوە. لە سوریا ئاستەنگ و دەرفەت هەیە. هێشتا هەندێك دەوڵەت لە دیمەشق دوودڵن وەك میسر و ئیمارات و عێراق، چونكە هیوایەكی زۆریان نییە و ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەو دەوڵەتانە لە كۆتاییدا پەیوەندییان بە هێزە دیموكراسیەكانەوە هەبێت، وەك مەسەدە و ئیدارەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام وڵاتانی وەك ئەوروپا و ئەمەریكا و هەروەها بەشێك لە دەوڵەتە عەرەبییەكان بۆ گوشار بۆ گۆڕانكاری، چوونەتە پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، واتە ئەو وڵاتانە مەرجی هەڵگرتنی سزاكانیان هەیە و بەرە بەرە هەنگاو دەنێن. بەڵام دەوڵەتانی دیكە بەتایبەت توركیا و قەتەر پێش هەموو كەسێك چوونەتە ناو سوریا و دەیانویست سوریای نوێ كۆنترۆڵ بكەنەوە. توركیا بە حكومەتی نوێ دەڵێت كە دەیەوێت لە هەموو ڕوویەكەوە هاوكاری بكات و لە لایەكی دیكەشەوە لە ڕێگەی عەلەوی و توركمانەوە پێگەی خۆی لە سوریا دابمەزرێنێت. دەوڵەتی توركیا كار لەسەر دوو سیناریۆ دەكات؛ یەكێكیان ئەوەیە كە سوریا بكرێتە پارێزگایەكی نوێی عوسمانی و ئەحمەد شەرع وەك پارێزگاری بێت، بەڵام ئایا ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو دەبێت یان نا، هێشتا ڕوون نییە. سیناریۆی دووەمی توركیا ئەوەیە، ئەگەر سیناریۆی یەكەم ڕوونەدات، توركیا دەیەوێت لە ڕێگەی ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، نفوزی خۆی لە دیمەشق جێگیر بكات. لە ئایندەدا گەلی سوریا دێتە سەر مەسەدە و پڕۆژەی دیموكراسیەكەی، چونكە گەلی سوریا ڕوو لە ئیسلامی توندڕەو ناكات. بۆیە دەوڵەتی تورك فشار دەخاتە سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر، هاوكات فشاری نێودەوڵەتیش بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر دروست دەكات. بەشێوەیەكی گشتی لە ئێستادا هەموو دەوڵەتێك پاڵپشتی دەكات بۆ جێگیركردنی نفوزی خۆی لە سوریا، بەڵام دەوڵەتانی كەنداو دەڵێن قبوڵ ناكەن سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە بگوازرێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی توركیا. جگە لەوەش ئایندەی سوریا هێشتا نادیارە. گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەحمەد شەرع، داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە دەوڵەتێكی مەدەنی بێ، دەستوورێكی نوێ هەبێت و مافی هەموو پێكهاتەكان بەتایبەتی كورد پارێزراو بێت، لە لایەكی دیكەوە لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هەن كە بیركردنەوەیان جیاوازە.
شارپرێس: ئایا دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ئەوەندەیە كە هاوسەنگی لە نێوان دەوڵەتانی كەنداو و ئەوروپا و ئەمریكا و توركیا دروست بكات؟
حەسەن محەمەد عەلی: ئەو لێدوانانەی ئێستا ئەحمەد شەرع دەیخاتە ڕوو، پێویستە تاقیبكرێنەوە. ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی سوریا بەرەو چارەسەر ببەین و دەتوانین هاوبەشی دروست بكەین. ئەگەر دیمەشق ڕێككەوتنێك لەگەڵ باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بكات، ئەحمەد شەرع دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە دروست بكات و ئێمەش ئەوەمان بە وڵاتانی ئەوروپا گوتووە. بۆئەوەی سوریا نەچێتە ناو ئاژاوەگێڕی و توندڕەوی ئیسلامییەوە، پێویستە ئیدارەی خۆسەرهەبێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە سوریادا دروستبكرێت. بۆیە ئەگەر ئەحمەد شەرع نەتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بكات، دۆخەكە بەدژی دەگۆڕێت و خودی خۆی تووشی كێشەیەكی گەورە دەبێت.
شارپرێس: چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە دیمەشق لیژنەیەكی دیالۆگ دامەزرا ئایا ئێوە بانگهێشت كران و هەڵوێستتان چییە لەسەر ئەم لیژنەیە؟
حەسەن محەمەد عەلی: نەخێر ئێمە بۆ گفتوگۆی لیژنەكە بانگهێشت نەكراین و ئێمەش بەشدار نین. هەروەها ئێمە وەكوو مەسەدە لێدوانێكی فەرمیمان دا و ڕامانگەیاند كە ئەم لیژنەیە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی سوریا ناكات، چونكە هیچ كام لەو هێز و لایەنە سیاسیانەی كە لە دژی ڕژێمی ئەسەد شەڕیان كردووە نوێنەرایەتیان نییە. ئەم لیژنەیە لە كۆمەڵێك كەس پێكهاتووە، ئەمەش مەترسی دروست دەكات. هیوادارین ئەم لیژنەیە بگۆڕدرێت و هەموو گەلی سوریا كۆبكاتەوە.
شارپرێس: دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چالاكییەكانتان وەكو مەسەدە لە شارەكانی سوریا چۆنە؟
حەسەن محەمەد عەلی: ئێمە وەكو ڕێكخراوێك چەتری نیشتمانیین بۆ سوریا و ستراتیژێكمان هەیە و ئەویش ئەوەیە كە یەكگرتوویی سوریا گەرەنتی سوریایەكی دیموكراسییە. دوای پڕۆسەی نوێ لە سوریا، كارەكانمان لە ناوخۆی سوریادا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرفراوانتر دەبێت. بۆ نموونە لە دیمەشق لەگەڵ زۆرێك لە گروپەكان كاردەكەین بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی هێزەكانی دیموكراسی لە دیمەشق، نوێنەری 35 ڕێكخراو تا ئێستا بەشداری ئەم كارەیان كردووە. هەروەها ناوەندێكمان لە دیمەشق بە ناوی مەسەدە كردۆتەوە، ئامانجیشمان دامەزراندنی ناوەندەكانە لە هەموو شارەكانی سوریا. لە هەمان كاتدا شێخ حیكمەت هیجری رێبەری دروزەكان بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی كۆبووەوە و هیوای دروزەكان لە پڕۆژەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریادایە.
شارپرێس: لە چوارچێوەی ئەم وتووێژانەدا، ئێوە وەكو مەسەدە، ئامادەكاری دەكەن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانیی گەورە لەسەر ئاستی سوریا؟
حەسەن محەمەد عەلی: لە داهاتوودا ئێمە دەستپێشخەرییەك ڕادەگەیەنین و لەم دەستپێشخەرییەدا 3 قۆناغ هەیە. یەكێك لەو قۆناغانە بەستنی كۆنگرەی نیشتمانییە.
شارپرێس: دوای كشانەوەی ئەنەكەسە لە هاوپەیمانی سوریا، ئایا هیچ هەوڵێك هەبوو بۆ دروستكردنی پەیوەندی نێوان ئێوە و ئەنەكەسە؟
حەسەن محەمەد عەلی: ئێستا بۆ ئەو كۆنگرەیەی لە ئەوروپا ئەنجامماندا، لیژنەی ئامادەكاریمان گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئەنەكەسە كردووە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن. ئەوان بە فەرمی بەشدارییان نەكرد، بەڵام گوتیان دوای كۆنگرە پێكەوە دەچینە ناو دیالۆگەوە. جگە لەوەش ئەندامانی ئەنەكەسە بە ناوی خۆیانەوە بەشدارییان كرد. من پێم وایە گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئێمە و ئەنەكەسە دەبێت. ئەوەی گرنگە یەكڕیزی هەڵوێستی هێزە كوردییەكانە و ئێمە پشتیوانی لە گفتوگۆی نێوان ئەنەكەسەو پەیەنەكە دەكەین كە لەلایەن ئەمریكا و فەرەنسا و مەزلوم عەبدی كارئاسانی بۆ دەكرێت. دڵنیام لە ئایندەدا كۆنگرەی كوردی دەكرێت و هەڵوێستێكی یەكگرتووی لێ دەردەچێت.
شارپرێس: دوای سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەنقەرە، دەبینیت هەڵوێستی بەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستان گۆڕاوە؟
حەسەن محەمەد عەلی: بەر لەوەی ئەحمەد شەرع بەرەو توركیا بڕوات، لێدوانێكی دا و ڕایگەیاند كە خۆی و هەسەدە لە پڕۆسەی دانوستاندان و ڕایگەیاند كە لەسەر زۆر خاڵ ڕێككەوتوون، بەڵام هێشتا هەندێك بابەتی ماوەتەوە. بەڕای من ئەحمەد شەرع و ئەردۆغان بە باشی پێكەوە نەبوون لەبابەتەكان. هەموو دەوڵەتەكان بە شەرعەوە دەڵێن كە كێشەكە لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن و هێشتا هەماهەنگی هەیە. بەڵام دیارە دەوڵەتی توركیا گوشارەكانی زیاتر كردووە و بە هۆی گوشارەكانییەوە ڕێككەوتنێكی گشتی لەسەر حەلەب نەكراوە. دەوڵەتی توركیا نایەوێت ڕێككەوتنێك لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع بكرێت.
