ئیلهام ئەحمەد بۆ شارپرێس: پڕۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت

ڕاپۆرت

02/03/2025‌ 835 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - كەنداڵ جودی، دژوار موسا:

 بەرپرسێكی باڵای ڕۆژئاوای كوردستان  ڕایگەیاند، جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا كاریگەری گەورەی لەسەر ڕۆژاڤا دەبێت و دەڵێت: "هەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دامەزراوە، نەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توركیا".

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس باسی چەند پرسێكی گرنگ دەكات  بەتایبەت پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر ڕۆژئاوا و، مەترسی گەڕانەوەی داعش و پەیوەندیییەكانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق.

شارپرێس:  تێڕوانینی ئێوە وەك ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان، لەسەر بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و وەڵامی پەكەكە چییە؟
ئیلهام ئەحمەد: بەڕاستی ئەم بانگەوازە لە كاتی گونجاودا هات، تەنانەت سەرۆك ئاپۆش دەڵێت پەكەكە خزمەتی كردووە و گۆڕانكاری پێویستە. لەم تەنگەژەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، ئەو گۆڕانكارییەی كە پەكەكە دەیكات هەنگاوێكی دروستە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ململانێی چەكداری و خەباتی ٤٠ ساڵەی لەئەو وڵاتە، دۆزی كوردیان كردووە بە پرسێكی نێودەوڵەتی. بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە لە شوێنی خۆیدایە بۆ خەباتكردن بە شێوازێكی نوێ، واتە لە ڕێگەی میتۆدی ئاشتیانە و دیموكراسی و سیاسی و یاساییەوە. هەروەها بە هەنگاوێكی ئەرێنی  دەیبینین.

شارپرێس: تا چ ڕادەیەك دەوڵەتی تورك بە جددی دەبینیت لە ئێستادا، لە كاتێكدا هێرشەكانی دژی كوردانی ڕۆژاڤا بەردەوامە و سیاسەتمەدارانی كورد لە باكوری كوردستان زیندانی دەكرێن؟
ئیلهام ئەحمەد: دەگوترێت بنیاتنانی ئاشتی و چارەسەر قورسترین هەنگاوە، بۆیە ڕەنگە نەگونجاو بێت لە ئێستادا بڵێین جدییە یان نا. بەڵام ئاستەنگ هەیە و دەبێت، گرنگ ئەوەیە هەردوولا (پەكەكە و دەوڵەتی توركیا) پێیان وایە ئەم كێشەیە بە شێوازەكانی ئێستا، واتە بە شێوازەكانی شەڕ و چەك چارەسەر ناكرێت. پێویستە بە دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت. هەر لەبەر ئەم هۆكارە دەبێت لە ناو كۆمەڵگای توركیا لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو بنرێت،  ڕوونە كە ڕێبەر ئۆجالان ژمارەیەكی زۆر كەسی لە پڕۆسەی چارەسەركردندا بەشدار كردووە و نامەی بۆ زۆر لایەن ناردووە.

شارپرێس: ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا سەربكەوێت، چ كاریگەرییەكی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت؟
ئیلهام ئەحمەد: كاریگەرییەكی زۆری هەیە. لەبەرئەوەی دەوڵەتی توركیا بە بیانووی پەكەكەوە بەردەوام هێرش دەكاتە سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەردەوامی بوونی پەكەكە لە لیستی تیرۆر كێشەیەكی جیددی دروست كردووە. بۆیە بە پێی ئەم دەستپێشخەرییە، بیانووی توركیا بۆ هەمیشە هێرشكردن نامێنێت و لە هەمان كاتدا دەرگای دیالۆگ دەكاتەوە. بە واتایەكی تر، هەركاتێك لە چوارچێوەی توركیادا دیالۆگ دەستی پێكرد، هیچ كێشەیەك لە دروستبوونی دیالۆگ لەگەڵ باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و چارەسەركردنی كێشەكە لەم چوارچێوەیەدا نابێت.

شارپرێس: چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش جارێكی دیكە هێرشی كردە سەر هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی هەسەدە لەم كاتەدا تا چەند مەترسیدارە؟
ئیلهام ئەحمەد: شانەكانی داعش لە حومس و حەما و بیابانی تەدمور بەهێزتر بوون و لە ناوچەكانی دیكەشدا كۆنترۆڵی خۆیان سەپاندووە و لە هەمان كاتدا لە ناوچەكانی ئێمەشدا ئەم هەڕەشانە هەن، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی داعش لە زیندان و كەمپەكانماندا هەن، هەروەها شانە شاراوەكان لە ناوچەكەدا هەن. ناوبەناو شانەكانی داعش دەردەكەون و چالاكی ئەنجام دەدەن. بۆیە دوای ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە لە سوریا دروست بووە، مەترسییەكانی داعش زیاتر بووە.

 لە لایەكی دیكەوە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر هێزەكانی هەسەدە، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر شەڕی داعش هەبووە. لەبەرئەوەی هەسەدە وەك هێزێك دژ بە داعش دروست بووە، بۆ شەڕی توركیا دروست نەبووە. هەربۆیە هێزەكانی هەسەدە هەوڵەكانی لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەكانی توركیا چڕكردەوە. بۆیە پێویستە توركیا هاوكاری هێزی (هەسەدە) بكات كە ڕۆڵی خۆی لە شەڕی دژی داعشدا بگێڕێت، چ بۆ ئاسایشی ناوچەكە و چ بۆ ئاسایشی توركیا.

شارپرێس: دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، تێڕوانینی ئەمەریكا و ئەوروپا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان چییە و ئایا ئەوان نێوەندگیر بوون بۆ ئەوەی ئێوە و ئیدارەی دیمەشق پێكەوە كۆبكەنەوە؟
ئیلهام ئەحمەد: ئەمریكا و ئەوروپا ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن و خوازیاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆن لە نێوان ئێمە و ئیدارەی نوێ لە دیمەشق، بە تایبەتی بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ناو ئیدارەی نوێ و ڕۆڵمان هەبێت و لەم چوارچێوەیەشدا زۆر پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەم دیالۆگە ڕووبدات. لە لایەكی ترەوە حكومەتی نوێی دیمەشق ناچار بوو بیركردنەوەیەكی تری هەبێت .

شارپرێس:  باسی ناوبژیوانی ئەمریكا و ئەوروپات كرد لە نێوان ئێوە و حكومەت لە دیمەشق، ئایا هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوان قامیشلۆ و دیمەشقدا كراوە؟
ئیلهام ئەحمەد: تا ئێستا هیچ كۆبوونەوەیەكی نوێ نەبووە. بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نوێ لە داهاتوودا.  

شارپرێس: هیچ مەترسییەك بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەبینیت؟
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە گرنگییەكی زۆر بە ئاسایش و سەقامگیری دەدەین، دەڵێین دوای ئەو چەند ساڵە پێویستی بەوەیە نەك تەنها باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵكو هەموو سوریا بچێتە دۆخی سەقامگیرییەوە. هیوادارین هێرشی نوێ دژ بە ناوچەكە نەكرێت، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، پێمان وایە دۆخی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەرەو سەقامگیری دەڕوات، ئەو هێرشانە بوەستن و كێشەكانی ئێستاش بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.