دابەزینێک کە بە درێژایی مێژوو هاوشێوەی نەبوە
تورکیا لە بەردەم دۆخێکی مەترسیدار و دارمانێکی گەورەدایە ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت
بەهای لیرەی تورکی كە خۆی لەرەوشێكی خراپدایە بەهۆی گرژیی و خۆپیشاندانەكان لەكاردانەوە بە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆكی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی دابەزی.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی، ئیمام ئۆغڵو دەستگیركرا و هەرزوو لە کاردانەوەی دەستگیرکردنەکەیدا خۆپیشاندان شارەكانی ئەنكەرە و ئەستەنبوڵ و ئێزمیر و ئەدەنە و ترابزۆن و زۆر شوێنی دیكەی گرتەوە.
دوێنیش دادگای تورکیا بڕیاری دورخستنەوەی ئیمام ئۆغڵوی لە پۆستەکەیدا و سزای بەسەردا سەپاند، ئەمەش وا دەکات چاوەڕی بکرێت دۆخەکە زیاتر تەشەنە بکات و نارەزاییەکان پێ بنێنە هەنگاوێکی نوێوە و دۆخی تورکیا لە هەموو ڕویەکوە بچێتە قۆناغێکی نا ئاساییەوە.
دارایی تورکیا سێکتەرێکی لەرزۆکە و ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ هەموو جوڵەیەکی سیاسی و سەربازی بەرز و نزمی بە خۆیەوە دەبینێت و ڕوبەڕوی ئاستەنگ و قەیرانی دەبێتەوە.
لەكاردانەوەی ئەم رەوشە نوێیەی توركیادا لیرەی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر ێرا بەهایەکی زۆری لەدەستدا و بەڕێژەی ٪ ١٢ بەهاکەی دابەزی و بازارەکانی تورکیا توشی شلەژانێكی گەورەبوون چونکە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا شتی هاوشێوە ڕوینەداوە بە جۆرێک هەر سەد دۆلارێک بۆ ئاستی ٤ ملیۆن و دووسەد هەزار لیرەی تورکی بەرزبوەوە و تورکیای ناچار کرد کە بۆ ماوەیەک بۆرسەی وڵاتەکەی دابخات و پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا بکات بە ئامانجی چارەسەر، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و حکومەت نەیتوانی بە پاڵپشتی دارایی ڕاستەوخۆش دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.
دوابەدوای داڕمانی بەهای لیرەی توركی و راگیرانی بۆرسەی ئیستەنبوڵ، محەمەد شیمشەك وەزیری گەنجینە و دارایی توركیا رایگەیاند، حكومەت ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە كاركردنی تەندروستانەی بازاڕ و رێگری لەلێكەوتەكانی رەوشەكە.
هاوكات تەلەفزیۆنی هابەرتورك بڵاویكردەوە، بانكی ناوەندی توركیا بە بڕی 26 ملیار دۆلاری لە ماوەی سێ ڕۆژدا، لە چوارشەممەوە تا هەینی خستوەتەبازاڕەوە بۆ پشتوانیكردنی بەهای لیرە، بەڵام ئەوەش هیچ کاریگەریەکی لەسەر دۆخەکە جێ نەهێشت و لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرەشدا سێکتەرەکانی بانک و وەبەرهێنان و پشکی گەورە کۆمپانیاکان دابەزێنێکی گەورەی تۆمارکرد بە جۆرێک پێوەرەکانی کەرتی بانکی بە ڕێژەی 7.02% دابەزیوە.
پێوەرەکانی پشکەکانی هەڵگرتن بە ڕێژەی 6.69% دابەزیوە، پێوەرەکانی کەرتی پەیوەندییەکانیش زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و بەڕێژەی 7.56% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە کە لە سێکتەرەکاندا زۆرترین زیانی بەرکەوتوە.
ئێستا رۆژ بەرۆژ دۆخی تورکیا لە ڕوی سیاسی و ئەمنیەوە ڕوی لە خراپبونی زیاترە و ئەگەری بەرفراوانبونی نارەزییەکانیش زیاترە، چاودێران چاوەرێ دەکەن دارایی تورکای زیاتر لەمەی ئێستا هەیە توشی قەیران و شکستی گەورەتر ببێت و لەدەستدانی بەهای لیرە زیاتر ببێت لەسەدا 20 کە ئەمەش تورکیا دوچاری کێشەی گەورە دەکاتەوە و توانای بەرگەگرتنی دۆخێکی لەو شێوەیەی نابێت.
