داعش تورکیا تۆمەتبار دەکات

توێژینەوە و شیکاریی

07/04/2025‌ 824 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
سوریا لە ساڵی 2011ەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت، داعشیش یەکێک بووە لە دیارترین كارەکتەرە نادەوڵەتییەکان لەو ململانێیەدا. سەرەڕای داكشانی هەژمونی سەربازی لە دوای ساڵی ٢٠١٩، بەڵام لە ڕێگەی گۆڤاری ئەلکترۆنی (النبأ)ەوە ئامادەیی میدیایی و فیکریی خۆی پاراستووە. ئەم نوسینە شیکارییەک بۆ دیدگای داعش دەخاتە ڕوو تایبەت بە پێشهاتەکانی سوریا لە ڕێگەی شیکاری شەش وتاری سەرەکی لە گۆڤاری (النبأ) کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ تا ئازاری ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی دیدگای داعش
ڕەتکردنەوەی شەرعیەتی هەموو لایەنەکان جگە لە داعش: ڕێکخراوەکە هەموو ئەو لایەنانەی دژایەتی ڕژێمی سوریا دەکەن، لەنێویاندا لایەنە ئیسلامییە غەیرە جیهادیەکان، وەک مورتەد سەیر دەکات. هەر پرۆژەیەکی بەدیل بۆ ڕژێمی ئەسەد، جا شۆڕشگێڕی بێت، نەتەوەپەرستی بێت، یان دیموکراسی، بە کافر و ناشەرعی دەزانێت. پێی وایە هەر حکومەتێک بە ڕەزامەندی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دامەزرابێت جگە لە درێژکراوەی ستەمکاری و نەزانیی سەردەمی مۆدێرن هیچی تر نییە و جیهان دابەش دەکات بەسەر ئۆردوگای ئیمان (داعش) و ئۆردوگای کوفر (ئەوانی تر).
ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی: داعش چەمکەکانی وەک دەوڵەتی نەتەوەیی، پێکەوەژیان لەگەڵ کەمینەکان، یەکگرتوویی نەتەوەیی و ئاشتی مەدەنی ڕەتدەکاتەوە و بە ئامرازێکی دەزانێت کە دوژمنانی ئیسلام بۆ پەرتکردنی میللەت بەکاری دەهێنن. داعش پێی وایە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان مەزهەبەکان یان نەتەوەکان، پێشێلکردنی یاسای شەریعەتە.
ڕەخنەی توند لە ڕۆڵی تورکیا: داعش تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دوو ڕۆڵی هەیە، دژایەتی داعش دەکات لە لایەک و پاڵپشتی هەندێک هێزی ئیسلامی دیکە دەکات لە لایەکی ترەوە و پێی وایە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا لە دەرەوە دادەڕێژرێن و گوزارشت لە ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک ناکەن. ڕووخانی ئەسەد لە ڕوانگەی داعشەوە سەرکەوتنی ئیسلامی ڕاستەقینە نییە.
چەمکی (ئاخر زەمان): لە بابەتەکانی وەک (کەواتە سبەی چییان بەسەر دێت؟) تۆنێکی ئاپۆکالیپتی (ئاخر زەمان) سەرهەڵدەدات و داعش کەمبوونەوەی ژمارەی جیهادییەکان وەک تاقیکردنەوە و هەڵبژاردنی ئیمانی ڕاستەقینە وێنا دەکات. ڕێکخراوەکە هەموو جۆرەکانی ئاگربەست، دانوستان، یان ئاشتەوایی ڕەتدەکاتەوە و وەک خیانەتێک لە ئایین سەیری دەکات. بۆ داعش تاکە ڕێگای سەرکەوتن بەردەوامبوونە لە جیهادی چەکداری تا کۆتایی.
پەیوەندی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ میدیا: میدیا جیهانیەکان تۆمەتبار دەکات بە دووڕوویی و ئیستغلالکردنی کارەساتە مرۆییەکانی وەک زیندانی سیدنایە یان کەمپی هۆڵ بۆ مەبەستی سیاسی. داعش پێی وایە بەرژەوەندیی میدیاکان لەم پرسانەدا پاڵنەرەکەی مرۆیی نییە، بەڵکو خزمەت بە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان دەکات.
هێرش بۆ سەر جولانی و هەیئەی تەحریر شام: لە وتاری (الجولانی لە نێوان دوو دیوار)دا، جولانی تۆمەتبار کراوە بە خیانەت و لادان لە ڕێبازی جیهادی. داعش چیتر هەیئەی تەحریر شام بە جووڵانەوەیەکی جیهادی نازانێت، بەڵکو بە ئامرازێکی سیاسی دەزانێت کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.
هەڵوێستی داعش سەبارەت بە لایەنە چالاکەکانی  سوریا
ڕژێمی سوریا: ناوزەندی دەکات بە ڕژێمێکی کافری عەلەوی و به ملکەچی ئێران و ڕووسیا تۆمەتبار دەکات. ڕووخانەکەشی وەک پیلانێک دەزانێت بۆ گۆڕینی بە بوکەڵەیەکی گرێدراوی ڕۆژئاوا.
ئۆپۆزسیۆن: تۆمەتباری دەكات بە لادان لە جیهاد لە بەرژەوەندی دانوستان و  ڕەخنەی لێدەگرێت لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ تورکیا و پەسەندکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەبری خەلافەت.
زلهێزە نێودەوڵەتییەکان: وێناکردنی ململانێکان وەک شەڕێکی بە وەکالەت لە نێوان ئەمریکا (هەسەدە) و ڕووسیا (ڕژێم) و تورکیا تۆمەتبار دەكات بەوەی یاری دەکات لە نێوان هەردوو بەرەکە بە پشتیوانیکردنی جۆلانی و بەشداریکردنی لە هاوپەیمانی دژ بە داعش.
ئامرازەکانی گوتاری داعش
بەکارهێنانی زاراوەگەلی سۆزداری وەک خیانەت، دووڕوویی و تەکفیر .
بانگەشەی ئەوە دەکات کە گۆڕانکارییەکان لە پشت پەردەوە لەلایەن ڕۆمییەکان (ڕۆژئاوا) و خاچپەرستەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و میدیای نێودەوڵەتی تۆمەتباردەکات بە ڕووماڵکردنی ئەو تاوانانەی خۆی مەبەستێتی.
شێواندنی وێنەی جولانی بە بەراوردکردنی بە فەرمانڕەوا مورتەدەکان و بەکارهێنانەوەی ڕووداوی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان بۆ بەهێزکردنی دیدگای خۆی.
ستراتیژی داعش لە قۆناغی ئێستادا
ڕەخنەگرتن لە هەر مۆدێلێکی حوکمڕانی جگە لە خەلافەتەکەی داعش.
ئاماژەدان بە گەڕانەوەی چالاکییەکانیان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
گرنگیدان بە پرسی گرتوخانەکانی نمونەی هۆڵ بۆ ڕاکێشانی هاوسۆزەکانیان.
دەرەنجام
وتارەکانی گۆڤارەکە ئاشکرای دەکەن کە داعش سەرەڕای لاوازی سەربازیی، گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی یەکگرتووی هەیە کە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە چارەسەرێکی سیاسی و قواستنەوەی ململانێ تائیفیەکان دامەزراوە و پێشنیارکردنی مۆدێلی جیهادی هەمیشەیی و بەردەوام دەکات.
گوتارەکانی داعش گوزارشت لە دیدگایەکی تایبەتمەند و توندڕەوانە دەکات بۆ سوریا. ئەو ڕێکخراوە زۆربەی كارەکتەرە ناوخۆیی و ناوچەییەکان تەکفیر دەکات و خۆی وەک تاکە هەڵگری شەرعیەتی ئایینی و سیاسی نیشان دەدات.  لە ڕوانگەی ئەوانەوە ڕووخانی هەر ڕژێمێک ئەگەر نەبێتە مایەی دامەزراندنی خەلافەت بە سەرکەوتنی نازانن.