زانیاریی نوێ سەبارەت بە پڕۆژە یاسای رزگارکردنی عێراق لەدەستی ئێران ئاشکرا دەکرێت

ڕاپۆرت

07/04/2025‌ 2012 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی شارەزایەکی کاروباری عێراق لە ئەمریکا، ئەو پڕۆژە یاسایەی لەلایەن جۆ ویلسۆن و جیمی پانێتا، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر لیستی کۆمارییەکان بەناوی "پڕۆژە یاسای رزگارکردنی عێراق لەدەستی ئێران" ئامادە کراوە، ئامانج لێی گۆڕینی سیستەمی سیاسیی عێراق نییە.

بەوتەی ئەو شارەزایە، ئامانج لە ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیە گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراق نییە هاوشێوەی پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ بۆ لەناوبردنی رژێمی بەعس و دانانی سیستەمێکی دیموکراتیی، بەڵکو ئامانج دەرهێنانی عێراقە لەژێر کۆنترۆڵ  و هەیمەنەی ئێران.

هەروەک دەڵێت: برگەی دووەمی پڕۆژە یاساکە کە کڕۆکی پڕۆژەکەیە دەڵێت: سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیکردنی گەلی عێراقە لە خواستی بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەیان لە هەژموونی نەگریسی ئێران و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، هەروەک پشتیوانیکردنی دیموکراسیی و سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤە لەعێراق.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەکردووە، بڕگەی دووەم کە بە کڕۆکی پڕۆژەکە دادەنرێت، بەهیچ شێوەیەک باسی لە رووخاندنی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراق نەکردووە، بەڵکو باسی هەنگاوی کردەیی و گرنگ کردووە بۆ باشکردنی دۆخی عێراق.

روونیشی کردۆتەوە، کە ئەگەر بێت و پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێنرێت، کە بەدڵنیایی تێدەپەرێنرێت، ئەوە راستەوخۆ دەچێتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی، ترەمپیش بێ دوودڵی واژۆی دەکات، لەبەرئەوەی ئەمریکییەکان عێراق بە کۆڵۆنییەکی ئێرانی دەزانن و قبووڵی ناکەن دۆخی ئەو وڵاتە بەوجۆرە بەردەوام بێت.

لەکۆتاییدا ئاشکرایکردووە کە ئەمریکا لەڕێگای ئەو پڕۆژەیەوە نایەوێت پەنابەرێتە بەر هێزی سەربازیی بۆ رزگارکردنی عێراق لەدەستی ئێران،  بەڵکو لەڕێگای پشتیوانیکردنی عێراقییەکان خۆیان و سزادانی هەموو ئەو هێز و کەسا و لایەنانانەی لایەنگری ئێران ئەو کارە دەکات، وەک بەشێک لە هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی، کەسایەتییەکانی وەک نووری مالیکی، بانکی رافیدەین، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، سوپاسالاری عێراق و چەندین لایەن و کەسایەتیی تر.