کاریگەریی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تەندرووستیی دەروونیی چییە؟

تەندروستی

08/04/2025‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دەروونناسی رووسیی، گالینا گوبانۆڤا ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندرووستیی دەروونیی مرۆڤ هەبێت و تەنانەت ڕەنگە بەشداربێت لە توشکردنی بە خەمۆکی.

ئەو خانمە دەرونناسە روسییە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو کەسانەی کە خودپەسەدندیان بەرزە و ئارەزووی کامڵبوونیان هەیە زیاتر بەرەوڕووی ئەم مەترسییە دەبنەوە، چونکە پاڵنەرێکی بەردەوامیان هەیە بۆ باشتربوون، بەڵام چاوەڕوانییەکانیان بۆ کامڵبوون وایان لێدەکات بە شێوەیەکی توندڕەوانە سەیری سەرکەوتن بکەن: یان بەدەستهێنانی هەموو شتێک یان هیچ. 

دەشڵێت: بەوشێوەیە پێوەرەکانی سەرکەوتنیان لەگەڵ پێوانەکردنی دەستکەوتە کەسییەکانیان لە بەرنبەر ژیان و وێنەی "تەواو"ی بلۆگەرە بەناوبانگەکاندا دەشێوێت، ئەمەش هەستی ناتەواویی و کەمتەرخەمیی بەهێزتر دەکات.

گوبانۆڤا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام بەراوردکردنی مرۆڤ بەم وێنە مەجازییانە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار و ئیرەیی و تاڵیی و برەو بە بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەدات.

دەشڵێت: هەندێک کەس هەوڵدەدەن لایەنەکانی ژیانی سەرکەوتوویان لەسەر ئەم پلاتفۆرمانە پیشان بدەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشن، بەڵام ئەم بەدواداچوونە بۆ بوون بە "باشترین ڤێرژنی خۆیان" دەتوانێت ببێتە بارگرانییەکی دەروونیی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ هەندێک لە بەکارهێنەران ژیانی دیجیتاڵی گرنگتر بووە لە ژیانی ڕاستەقینە و تا کەسێک بە قووڵی ئەم پلاتفۆرمانە بەکاربهێنێت، کەمتر کارلێک لەگەڵ دەوروبەری ژیانی ڕاستەقینەی خۆیدا دەکات.

ئەوەشی گوتووە: ئەولەویەتەکان بەستراوەتەوە بە کاردانەوە مەجازییەکانی وەک ژمارەی لایک و کۆمێنتەکانەوە، نەک هەستی ڕاستەقینە و پەیوەندیی ژیانی ڕاستەقینە، جۆرێک لە ئالوودەبوون بە "دۆپامینێکی هەرزان" درووست دەکات. هەروەک بەردەوام گەڕان بەناو ژیانی کەسانی دیکەدا دەبێتە هۆی هەستکردن بە گۆشەگیریی، چونکە ژیانی کەسانی دیکە زیاتر ورووژێنەر و سەرکەوتووتر دەردەکەوێت.

ئەو پێی وایە ئەم نوقمبوونە بە تایبەتیی کاریگەریی لەسەر گەنجان هەیە، چونکە بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی ژیانی ڕاستەقینە و پەرەپێدانی توانا کەسییەکانیان کەمدەکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر متمانە بەخۆبوونیان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕەنگە سەیرکردنی کورتە ڤیدیۆکان چێژوەرگرتنێکی کاتیی دابین بکات، بەڵام هەمان هەستی ڕاستەقینەی ڕەزامەندیی یان دەستکەوت وەک فێربوونی کارامەیییەکی نوێ یان پراکتیزەکردنی خولیایەک نادات.

هەروەها هۆشداریشیدا لە خوێندنەوەی هەواڵی نەرێنی بە شێوەیەکی هەڕەمەکیی و بۆ ماوەیەکی درێژ، چونکە ئەمە بەشدارە لە زیادبوونی فشار و دڵەڕاوکێ، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی بەدەست دڵەڕاوکێی درێژخایەن دەناڵێنن، لەبەرئەوەی وەهمێکی کۆنترۆڵکردن درووست دەکات، بەڵام لە واقیعدا تەنها هەستکردن بە ناڕەحەتی زیاد دەکات.

قوبانۆڤا بە ڕاسپاردەیەکی گرنگ کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت ئەویش: وردە وردە کەمکردنەوەی ئەو کاتەی لە سۆشیال میدیا بەسەر دەبەیت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە سەرەتا ئەمە قورس بێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە خوویەکی تەندروست، تەنانەت ڕەنگە کەسێک بگاتە ئاستێک کە بتوانێت بگاتە قۆناغێک بتوانێت دەستبەرداری مۆبایلەکەی بێت، بێئەوەی هەست بە دڵەڕاوکێ بکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی