گورچیلە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی تەندرووستیی لەش و پاڵاوتنی پاشماوە و شلەی زیادە و خوێیەکانی وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لە خوێندا. هەروەک یارمەتیی ڕێکخستنی پەستانی خوێن و بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و پاراستنی هاوسەنگیی کالیسیۆم دەدەن.
کاتێک گورچیلەکان زیانیان پێدەگات، توانای ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگانە تێکدەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ژەهرەکان و ناهاوسەنگیی لە جەستەدا.
پزیشکان و شارەزایانی بواری تەندرووستیی ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆشبەختانە چەندین خووی ڕۆژانە هەن کە دەتوانرێت خۆیان لێ بەدوور بگرن بۆ پاراستنی گورچیلە لە زیانەکانی داهاتوو.
یەکێک لە دیارترین ئەو خووانە، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن وەک ئیبوپڕۆفین و ئەسپرین، چونکە دەبنە هۆی هەوکردن لە بۆریەکانی گورچیلە و کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ گورچیلە.
هەروەک نەخواردنەوەی ئاوی پێویست دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی میز و زیادبوونی مەترسیی دروستبوونی بەرد و هەوکردنی بۆری میز.
زیاد لە پێویست خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمەش گورچیلە تووشی گرژبوون دەکات.
جگە لەوەی جگەرەکێشانیش ماددەی ژەهراوی لەخۆدەگرێت کە ڕاستەوخۆ زیان بە گورچیلە دەگەیەنن و خوێنبەرەکان لاواز دەکەن.
هەروەک کێشی زیادە بەتایبەت چەوریی دەوری کەمەر پەیوەندیی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلە هەیە بەهۆی کاریگەریی لەسەر دڵ و نەخۆشیی شەکرە.
لە لایەکی ترەوە خواردنی خۆراکە زۆر پرۆسێس کراوەکان وەک گۆشتی پرۆسێس کراو و خواردنەوە گازییەکان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکات کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گورچیلە دەبێت.
کەمخەویی، یان زیاد خەویی، ڕەنگە بەشداربێت لە گەشەکردنی نەخۆشیی گورچیلە. باشتر وایە ڕۆژانە لە نێوان 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەویت.
بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندرووست و دوورکەوتنەوە لەم خووە زیانبەخشانە، دەتوانیت تەندرووستیی گورچیلەکانت باشتر بکەیت و ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بکەیت.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
