تا چەندە حوسییەکان دەتوانن ڕێگربن لە بەئامانج گرتنى ئێران؟

توێژینەوە و شیکاریی

14/04/2025‌ 207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
حوسییەکان وەک هاوپەیمانێکی ئێران لە چوارچێوەی بەرەى موقاوەمە، خاوەنی ئامرازی هەڕەشەی ناهاوسەنگن کە دەتوانن بەشدار بن لە بەرزکردنەوەی تێچووی هەر سەرکێشییەکی سەربازیی ئەمریکا دژ بە ئێران، جا چ بە هەڕەشەکردن لە جوڵەى کەشتیوانی یان بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن بێت لە کەنداو، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانیش لە ناوچەکە و زیادبوونی ئاسۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، پرسیارێکی سەرەکى دێتە ئاراوە: تا چەند حوسییەکان دەتوانن ڕۆڵی ڕێگر یان لەمپەر بگێڕن لە بەرامبەر هێرشێکی ئەگەری ئەمریکا بۆ سەر تاران؟ لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدرێت گەنگەشەى ئەم پرسیارەبکرێت و وەڵامى گونجاوى بۆ بدۆزرێتەوە.
تواناکانی هێرشبەری حوسییەکان
حوسییەکان توانایەکی بەرزیان نیشانداوە بۆ هەڕەشەکردن لە جوڵەى کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سووردا، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان 70%ی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی ناچارکردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن (1). فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دوور مەودا بۆ لێدانی ئامانجە دەریاییەکان بەکارهێنراون و ئەمەش وایکردووە دەستەبەرکردنی هاتوچۆیەکى ئاسایشی کەشتیوانی ببێتە ئاڵنگارییەکى گەورە بۆ هێزەکانی ئەمریکا.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران توانای ناهاوسەنگیان پەرەپێداوە، لەوانە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوخۆدا، وەک سەماد-١ و سەماد-٣، دواتریش یافا کە دەتوانێت مەودای زیاتر لە ٢٠٠٠ کیلۆمەتر ببڕێت، جگە لە مووشەکی بالیستی دژە کەشتی (2).
هەروەها دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییان لە شاخەکان دروستکرد و چەکەکانیان لە تونێلەکاندا هەڵگرت و پێکهاتەی تەکنیکی بچووکیان لە ئێرانەوە بە قاچاخ هێنا بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە، تا لە ناوخۆی یەمەن کۆبکرێنەوە بۆ دروستکردنى چەکەکانیان (3).
ڕۆڵی حوسییەکان لە زیادکردنى تێچووى هێرشی ئەمریکا
تێچووی هەڵمەتی ئاسمانی ئەمریکا دژی حوسییەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنێت (4). درێژەدان بەم هێرشە لەگەڵ ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی زیادکردنى تێچووى دارایی هێرشی ئەمریکا، هەروەها پاراستنی ئامادەیی هێزی دەریایی لە دەریای سوور پێویستی بە سەرچاوەی مرۆیی و تەکنیکی بەرچاو هەیە، کە ناتوانرێت کەمبکرێتەوە لە کاتێکدا حوسییەکان لە ڕووی سەربازییەوە چالاکن.
لە سەروبەندى ئەوەى ئیدارەی ترەمپ ئامادەیی خۆی لە میدیاکانەوە دەربڕی بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی حوسییەکان بهێنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا هۆشداری دەدرێت بە ئەمریکا لە مەترسیی زەمینگیر بوون لە زۆنگاوی یەمەن. لە تشرینی دووەمى ٢٠٢٤ پنتاگۆن داوای نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری کرد بۆ درێژەدان بە ئەرکی سوپای ئەمریکا لە دەریای سوور، جگە لە ئاراستەکردنی دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بۆ کەنارەکانی یەمەن، لە کۆی ١١ فڕۆکە هەڵگر کە ئەمریکا خاوەندارێتی دەکات. ئەمەش کاریگەری لەسەر جێگیرکردنی جیهانی هێزەکانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن لە بەرامبەر چین. هەر جێگیرکردنێکی کەشتى فڕۆکە هەڵگر کاریگەری لەسەر کاری چاککردنەوە، خشتەی کار، پشوودان و ئامادەیی سوپای ئەمریکا بۆ کارکردن لە ناوچەکانی دیکەدا هەیە (5).
تواناى شەڕ و خۆڕاگری حوسییەکان
شرۆڤەکاران پێیان وایە تواناى شەڕ و خۆڕاگری حوسییەکان کۆمەڵێک هۆکاری پێکهاتەیی و مێژوویی و ئایدیۆلۆژی لەپشتە کە دیارترینیان ئەم خاڵانەن:
‌أ.پێکهاتەی خێڵەکی شەڕانگێز: حوسییەکان لە ناوچە خێڵەکییەکانی باکووری یەمەنەوە هاتوون، وەک سەعدە، کە کولتووری شەڕانگێزی ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان هەیە. ئەم پێکهاتەیە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی لە لایەنگران بۆ دابین کردوون. ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی سەنعا ئاماژەی بەوەداوە کە (سروشتی خێڵەکی باکووری یەمەن وای لە حوسییەکان کرد کە ڕەهەندی خێڵەکی لەگەڵ ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی تێکەڵ بکەن، ئەمەش نەرمییەکی زۆری پێبەخشیون لە بەئەندامگرتندا (6).
‌ب.ئەزموونی درێژخایەن لە شەڕدا: لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە حوسییەکان شەش خولی شەڕیان لەگەڵ حکومەتی یەمەن کردووە پێش ئەوەی هاوپەیمانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستوەردان بکات، ئەم ئەزموونە دوور و درێژە، توانای شەڕ و مانۆڕکردن و زانیارییەکی قووڵی لەسەر زەوی باکووری یەمەن پێبەخشیون(7).
‌ج.توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گەمارۆکان: سەرەڕای گەمارۆدان، حوسییەکان توانیویانە هێڵەکانی دابینکردنى قاچاخی چەک بپارێزن. ڕاپۆرتێکی ئەلعەین نیوز ئاماژەی بەوە کردووە کە حوسییەکان (ئامرازی هاوتەریبیان پەرەپێداوە لەگەڵ دەوڵەت و سەرکەوتوو بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەکان وەک دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیی) (8).
‌د.پاڵنەری ئایدیۆلۆژی و ئایینی: حوسییەکان شەڕی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەى موقاوەمەدا ئەنجامدەدەن، خۆیان وەک سەرەڕم لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرگریکردن لە فەلەستین دەبیننەوە. ئەم گێڕانەوەیە پشتیوانی ناوخۆیی خۆیان بەهێز دەکات و لە گوتاری میدیای ناوچەییدا هێزیان پێدەبەخشێت (9).
‌ه.مایکل نایتس، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئاماژە بەوە دەکات کە حوسییەکان تەنها کاتێک پاشەکشە دەکەن کە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بوونیان دروست بێت، بەتایبەتی کاتێک دەستکەوتەکانیان لەڕووى جوگرافییەوە مەترسی بکەوێتە سەر. نایتس ئاماژەی بە ڕووداوەکەی ساڵی ٢٠١٧ دەکات، کاتێک حوسییەکان کۆنترۆڵی هەندێک بەندەری گرنگیان لە کەناری ڕۆژئاوا لەدەستدا، ئەمەش وای لێکردن تاکتیکە سەربازییەکانیان بگۆڕن (10).
پەیامى بەردەوامی هێرشە مووشەکی
بەردەوامی هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتی و بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشی ئاسمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بەریتانیا، پێدەچێت شکستی هەڵمەتە سەربازییەکە بۆ شکاندنی ئیرادەی شەڕکردنیان دەربخات. ئەمەش پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات کە هێرشی ئاسمانی بەتەنها بەس نییە بۆ ڕاگرتنی حوسییەکان ئەگەر هاوتا نەبێت لەگەڵ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر بوونیان(11).
بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، حوسییەکان تەنها لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم ٣٤ هێرشیان ئەنجامداوە و زیاتر لە ١٢٥ مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە (12). ئەم هێرشانە کە بەشێوەى ڕۆژانە دەکرێن، ڕەنگدانەوەی توانای حوسییەکانە بۆ پاراستنی خێرایی بەرزی هێرشەکان سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکان، هەروەها نیشاندەری شکستی هاوپەیمانی ئەمریکییە لە بێلایەنکردنی توانا تەکنیکی و مرۆییەکانی حوسییەکان. ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ ئەوەى کە حوسییەکان توانیویانە ببن بە کارەکتەرێکی سەربازی ناوچەیی ناهاوسەنگ کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەى زلهێزە گەورەکانی هەیە لە ڕێگەی تاکتیکی شەڕی درێژخایەنى دەریاییەوە، ئەمەش پێشینەیەکی دەگمەنە لە مێژووی شەڕی ناهاوسەنگدا.
هەروەها حوسییەکان ئەزموونێکی بەرفراوانیان هەیە لە ئەنجامدانی شەڕی درێژخایەندا. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە شەڕێکی ئاشکرایان لە دژی هاوپەیمانی سعودیە و ئیماراتی دەستپێکردووە، کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بووە. لەم ماوەیەدا تاکتیکی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە. ئەم ئەزموونە وای لێکردوون ببنە کارەکتەرێکى ڕاهێنراو لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ململانێ درێژخایەنەکان، ئەمەش سوودێکی تاکتیکییان پێدەبەخشێت بە بەراورد بە هەر هەوڵێکی کورتخایەنی ڕێگریکردن لەلایەن ئەمریکاوە (13). لە لایەکی دیکەوە، داتای مەیدانی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، کەمیی زانیارى هەواڵگرییەکی ڕوون لە لایەنی ئەمریکییەوە نیشان دەدات، بەو پێیەی زۆرێک لە هێرشەکان شوێنی چۆڵ یان جێهێڵراویان کردۆتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی ئامانجی دیاریکراو لەسەر زەوی، یان بێتوانایی واشنتۆن لە دەستنیشانکردنی وردی توانای شاردنەوەی دامەزراوەکانی و گۆڕینی خێرای شێوازی جێگیرکردنی سەربازی (14).
بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و دەریاییەکانی حوسییەکان سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، بۆ خۆی دەستکەوتێکی مەیدانییە و بە ڕوونی شکستی هەڵمەتی ڕۆژئاوا نیشان دەدات لە گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی.
لە کاتێکدا واشنتۆن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە هەوڵی داوە وەڵامە سەربازییەکەی وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە نیشان بدات، بەڵام واقیعی سەر زەوی خۆڕاگری حوسییەکان و تەنانەت بەردەوامی هەڵکشانی هێرشی حوسییەکان نیشان دەدات. ئەم درێژەپێدانە، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامدا زیانێکی ستراتیژی بۆ لایەنی ئەمریکی نەبێت، نیشاندەرى سەرکەوتنێکی گەورەی دەروونی و پڕوپاگەندەیی دەکات بۆ حوسییەکان، کە سەرکەوتووبوون لە ناساندنى خۆیان وەک هێزێکی ناهاوسەنگ کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەى زلهێزەکانی هەیە (15).
لە ڕوانگەی شەڕی دەروونییەوە، شکستهێنانی واشنتۆن لە بێدەنگکردن یان کەمکردنەوەی بەرچاوی هێرشى حوسییەکان، نیشانى دەدات کە ئەمریکا دەستەوەستانە لەبەرامبەر تاکتیکەکانی (جەنگی نەوەی چوارەم)دا، لە لایەى دیکەوە دیدی حوسییەکان بەهێزتر دەکات سەبارەت بەوەى کە ئەوان شەڕێکى پشوودرێژانە بەڕێوەدەبن لە بەرامبەر دەستدرێژیی دوژمنێکى خۆسەپێندا (16). جێگەى ئاماژە پێدانە کە هێرشی حوسییەکان تا ئێستا توانیویەتى:
أ‌.تا ڕادەیەکی زۆر بەندەری ئیلات لەکارکردن بوەستێنێت (17).
ب‌.هاتوچۆی کەشتیەکان لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە لە 200 بۆ 500 کەشتى لە هەفتەیەکدا کەمبکات و لە ئەنجامدا مانگانە زیانی ٨٠٠ ملیۆن دۆلارى بە میسر گەیاندووە(18).
ت‌.تێچووی بیمەی کەشتییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەڕێژەى 50% زیاد بکات (19).
ث‌.حوسییەکان تا مانگی نیسانی ٢٠٢٥ نزیکەی ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 Reaper یان خستووەتە خوارەوە، کە تێچووی کۆی گشتی نزیکەی نیو ملیار دۆلار بووە (20).
ناڕونى هەڵوێستى ئەمریکا
هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کەستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر بە حوسییەکان ناڕوونی پێوەدیارە: ئایا ئەوەی پێویستە لە ئێستادا تەنها ڕێگرییەکی کاتییە بۆ هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا؟ یان ئامانج لەناوبردنی تەواوەتی توانا سەربازییەکانیانە؟ یان ڕەنگە دووبارە کێشانەوەی هاوسەنگی هێزە لە یەمەن لە بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن؟ ئەم ناڕوونییە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا قورس دەکات، بەتایبەتی کە هێرشە ئاسمانییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لەمپەرێک دانێن بۆ هێرشی حوسییەکان یان کاریگەرییەکانیان لە باکووری یەمەن و دەریای سوور، سنووردار بکەن(21).
بەپێی شیکارییەک کە ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بڵاویکردووەتەوە، (هێرشەکانى ئەمریکا ستراتیژییەکی ڕوونی نییە و هیچ نیشانەیەکی ئامادەیی واشنتۆن نیشان نادات بۆ بەشداریکردن لە هەوڵێکی سیاسی گشتگیر بۆ هاوتاکردنی هەوڵە سەربازییەکان) (22). لەلایەکى دیکەوە ڕاپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS) پشتڕاستی دەکاتەوە کە (هێرشە ئاسمانییەکان ڕەنگە هێرشەکانى حوسییەکان خاو بکەنەوە، بەڵام پاڵنەرە ئایدۆلۆژییەکانیان، توانای دووبارە جێگیرکربوونەوە و گونجاندنیان بنبڕ ناکەن)(23). هەروەها هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی ئامانجی سیاسی ڕوون مەترسییەکانی تێوەگلان لە شەڕێکى درێژخایەن زیاد دەکات، بەبێ ئەوەی ئەنجامێکی بەرجەستە لەسەر زەوی هەبێت (24).
لە ئێستادا واشنتۆن و لەندەن بیر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەکەنەوە بە پاڵپشتیی هێزە ناوخۆییەکانی یەمەن لە تەعز و حودەیدە، بەڵام ناکۆکییەکانی سعودییە و ئیماراتی لەسەر کاریگەری و ترسی ڕیاز لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر شارە سنوورییەکانی، ڕێگری لە بڕیاری کۆتایی دەکەن (25). لە لایەکی دیکەوە، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران- ئەگەر ڕووبدات- دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی تەکنیکی حوسییەکان، لە کاتێکدا هەر هێرشێکی ئەمریکی بۆ سەر تاران دەتوانێت ئاگر بخاتەوە ناو کەنداو و بازنەی شەڕ لە یەمەنەوە بۆ ئیمارات و سعودییە فراوانتر بکات (26).
بە ئامانج نەگرتنى سەرکردایەتی حوسییەکان
تا ئێستا واشنتۆن نەیتوانیوە عەبدولمەلیک حوسی یان سەرکردەى دیارى حوسییەکان بکاتە ئامانج، ئەمەش بەهۆی لاوازی و نەبوونى زانیارى هەواڵگری لە ناوخۆی یەمەن و نەبوونی هاوپەیمانی مەیدانی متمانەپێکراو. ئەم شکستەش لە دەست ڕاگەیشتن بە زانیارى هەواڵگرى متمانە پێکراو، حوسییەکان لە پێگەیەکی بەهێزدا دەهێڵێتەوە و توانای تێکدانی پلانە ستراتیژییەکانی ئەمریکایان پێدەبەخشێت.
ئەمریکا کەلێنێکی هەواڵگریی بەرچاوی لە یەمەن هەیە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی وەک عێراق یان سوریا و زۆرجار پشت بە زانیاری نەیارانی حوسییەکان دەبەستێت کە ڕەنگە بەهۆى لایەنگری سیاسی یان کۆنی زانیارییەکانیان سوودێکى ئەو تۆى نەبێت(27).
ئایا حوسییەکان دەتوانن هێرشەکى سەر ئێران دوابخەن یان بەرپەرچ بدەنەوە؟
هەرچەندە حوسییەکان ئامرازێکی ڕاستەوخۆ نین بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانى تاران، بەڵام بەشێک لە ستراتیژی وەڵامدانەوەی ناڕاستەوخۆی تاران پێکدەهێنن، لە هەمانکاتدا پەیوەندییەکانی حوسییەکان فراوانتر بووە و لە ئێستادا ڕووسیا و چینیش دەگرێتەوە، ئەمەش سەرچاوەی نوێی چەک و شارەزایی تەکنیکییان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە پەرەپێدانی تواناکانیان. ئەم هەمەچەشنییە لە پشتیوانی سەربازی، بەردەوامیی هەڕەشەی حوسییەکان لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەدا بەرزتر دەکاتەوە.
هەروەها حوسییەکان، توانای ئەوەیان هەیە خاکی سعودییە و ئیمارات بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەنە ئامانج و لەم دواییانەشدا هەڕەشەی فراوانکردنی مەودای هێرشەکانیان کرد بۆ ئەوەی دامەزراوە گرنگەکانی ئیمارات بگرێتەوە (28). ئەم هەڕەشه بەردوامه، یەکگرتوویی هاوپەیمانیی ناوچەیی دژه ئێران لاواز دەکات و ئەستەم دەبێت بۆ ئەم وڵاتانه پاڵپشتی هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا بکەن بۆ سەر ئێران و بەبێ مەترسی تۆڵەسەندنەوه.
سەربارى ئەو ڕاستییانەى سەرەوە، حوسییەکان ڕێگرییەکى ستراتیژی ڕاستەوخۆیان نییە و تەنها توانای دواخستنی هێرشەکە یان بەرزکردنەوەی تێچووی هێرشەکەیان هەیە تا ڕادەیەک کە ڕەنگە واشنتۆن ناچار بکات بە لێکدانەوەکانیدا بچێتەوە. کردنەوەی بەرەیەکی دەریایی ناسەقامگیر، هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانە سەرەکییەکان و بەرزکردنەوەى تێچووى شەڕ، هەموو ئەمانە پێگەی حوسییەکان کاریگەر تر دەکات لەناو هاوکێشە ناوچەییەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەمریکا بڕیارى لەسەر ئەنجامدانى هێرشێى ئاسمانى بۆ سەر حوسییەکان دەرکرد، حوسییەکان ناتوانن هێرشێکە ڕابگرن.
دەرەنجام
حوسییەکان توانیویانە خۆیان بگۆڕن بۆ ئەکتەرێکی بەهێزی ناوچەیی و لە ڕێگەی ڕەوشی ناهاوسەنگەوە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بکەن. سەرەڕای توندی هێرشەکان بۆ سەریان، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوامە. ئایندەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەندە بە پێشهاتەکانی غەززە و سیاسەتەکانی ترامپ بەرامبەر بە ئێران و توانای واشنتۆن بۆ سەپاندنی چارەسەری سەربازی لەسەر زەمینە ئاڵۆزەکەی یەمەن.
حوسییەکان بەشێکن لە سیستەمی ڕێگری ناهاوسەنگی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی دەرەکی. سەرەڕای سنوورداربوونی تواناکانیان بە بەراورد لەگەڵ سوپای نیشتمانی، بەڵام توانایان لە مەیدانەکانی شەڕ و شارەزاییان لە شەڕی گەریلایی و تۆڕی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان وایان لێدەکات ببنە هۆکارێکی نیگەرانکەر بۆ هەر پلانێکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا و سەربارى تواناکانیان، ناتوانن ڕێگری لە هێرشی سەر ئێران بکەن، بەڵام دەتوانن دوایبخەن و لێکدانەوە و ئەگەرەکان ئاڵۆزتر بکەن و تێچووى هێرشەکە زیاتر بکەن.

سەرچاوەکان
شبكة CNN، "تكلفة الحملة العسكرية الأمريكية ضد الحوثيين تقترب من مليار دولار"، إبريل 2025.
IISS, Yemen Parade Analysis 2022.
أحمد مولانا، الحوثيون: موقف عصي على الكسر، منشور في "موقع المعهد المصري للدراسات"، أبريل 2025
إميلي ميليكن، "هل يستطيع دونالد ترامب أن 'يبيد' الحوثيين في اليمن بالكامل؟"، إبريل 2025.
أحمد مولانا، الحوثيون: موقف عصي على الكسر، منشور في "موقع المعهد المصري للدراسات"، أبريل 2025
مركز صنعاء للدراسات. "كيف ساعدت القبلية الحوثيين على التمدد؟".
https://sanaacenter.org/ar/publications-all/analysis-ar/8003
مركز صنعاء للدراسات. "الحرب السابعة: تطور الحوثيين من حركة محلية إلى قوة إقليمية".
https://sanaacenter.org/ar/publications-all/analysis-ar/22825
العين الإخبارية. "الحوثيون.. ميليشيا الإرهاب تتحدى العقوبات وتبحث شرعنة السيطرة".
https://al-ain.com/article/houthi-yemen-militias-sanctions-terrorism
[1] معهد الشرق الأوسط (MEI). "The ideological underpinnings of the Houthis’ Red Sea attacks". https://www.mei.edu/publications/ideological-underpinnings-houthis-red-sea-attacks
مايكل نايتس. "كيف يتراجع الحوثيون؟ الدروس المستخلصة من حملة الساحل الغربي عام 2017"، معهد واشنطن لسياسات الشرق الأدنى، 2023.
https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/how-houthis-retreat
مايكل نايتس. "الضربات الأمريكية ضد الحوثيين: ما المطلوب لكسر إرادتهم؟"،
معهد واشنطن، يناير 2024.
https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/us-strikes-houthis
القيادة المركزية الأمريكية (CENTCOM)، بيان رسمي، مارس 2024.
https://www.centcom.mil/MEDIA/STATEMENTS
مركز الدراسات الاستراتيجية والدولية (CSIS):
"Why Airstrikes Aren’t Working in Yemen"
https://www.csis.org/analysis/us-airstrikes-houthis
قناة الجزيرة، تحليل عسكري، مارس 2024:
https://www.aljazeera.net/news/politics/2024/3/10
تقرير مركز الدراسات الدولية والاستراتيجية (CSIS)، "الصراع في البحر الأحمر: عندما تفشل القوة الجوية"، 2024.
https://www.csis.org/analysis/red-sea-conflict-airpower-failure
تحليل معهد الشرق الأوسط (MEI)، "الديناميات النفسية والإعلامية لحرب الحوثيين ضد الغرب"، فبراير 2024.
https://www.mei.edu/publications/houthi-west-information-war
Jerusalem Post, Impact of Houthi Strikes on Eilat Port, July 2024.
تصريح عبد الفتاح السيسي، مارس 2025، وكالة الشرق الأوسط.
Lloyd’s Maritime Intelligence Report, Feb 2025.
Reuters, Report on Houthi Downing of MQ-9s, April 2025(https://www.reuters.com).
غراهام، جيسيكا. "استراتيجية أمريكا في البحر الأحمر: ما الهدف من ضرب الحوثيين؟"،
Al-Monitor، 2024.
https://www.al-monitor.com/originals/2024/02/us-strategy-red-sea-houthi-strikes
مايكل نايتس. "واشنطن بحاجة لاستراتيجية متماسكة ضد الحوثيين"،
معهد واشنطن لسياسات الشرق الأدنى.
[1] . مركز الدراسات الاستراتيجية والدولية (CSIS). "هل تنجح الضربات الأمريكية في ردع الحوثيين؟"،
تقرير تحليل المخاطر، يناير 2024.
https://www.csis.org/analysis/us-airstrikes-houthi-deterrence
معهد الشرق الأوسط (MEI). "خطر التورط الأمريكي في اليمن دون استراتيجية شاملة"،
فبراير 2024.
https://www.mei.edu/publications/us-risk-yemen
Crisis Group, Yemen Conflict Update, Jan 2025 (https://www.crisisgroup.org)
شبكة CNN، "تكلفة الحملة العسكرية الأمريكية ضد الحوثيين تقترب من مليار دولار"، إبريل 2025.
أحمد مولانا، "الحوثيون: موقف عصي على الكسر"، المعهد المصري للدراسات، أبريل 2025.
CSIS, Yemen Intelligence Gap Analysis, 2023.