پسپۆران دەڵێن، هەر جارێک توێکڵی مۆزێک فڕێدەدەیت، سەرچاوەیەکی خۆراکیی دەوڵەمەند فڕێدەدەیت کە ڕەنگە سوودی تەندرووستیی سەرسوڕهێنەری هەبێت.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Food Science Technology بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، کوڵاندن و وشککردنەوە و وردکردنی توێکڵی مۆز و کردنی بە ئارد، دەتوانرێت لە نانەواخانەکاندا بەکاربهێنرێت، ئەمەش تامێکی جیاواز و سوودگەلێکی تەندرووستیی ئەوتۆ پێشکەش دەکات کە لە ئاردی ئاساییدا نییە.
تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کێکانەی کە بە 7.5% ئاردی توێکڵی مۆز ئامادەکراون لەلایەن تامکەرانەوە بەشێوەیەکی باش پەسەند کراون و هیچ جیاوازییەکی بەرچاویان لە تامدا نەبووە، لەکاتێکدا بەهای خۆراکییان بەهۆی ڕیشاڵ و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و دژە ئۆکسێنەرەکانەوە بەرترە.
هەروەک توێژینەوەیەکی ساڵی 2016 دەریخستووە کە گۆڕینی 10%ی ئاردی گەنم بە ئاردی توێکڵی مۆز، ڕێژەی پرۆتین و کاربۆهیدرات و چەوریی زیاد دەکات.
جگە لەوەش ئاردەکە یارمەتیی درێژکردنەوەی تەمەنی بەنانکراوەکان دەدات، چونکە کێکەکان کوالێتی خۆیان بۆ ماوەی 3 مانگ لە پلەی گەرمی ژووردا پاراست.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی