دانوستانەکانى ئەمریکا و ئێران لە بەردەم شكستدایە

توێژینەوە و شیکاریی

16/04/2025‌ 294 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
لە گەڕى دووەمی سەرۆکایەتییەکەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پرسی ئەتۆمی ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی چەقبەستوویی و سەرلێشێواوی دەبێتەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەهۆی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ناشایستە و بۆچوونە جیاوازەکانی ناو ئیدارەی ئەمریکا، لەرزۆکن. ئەم نوسینە هۆکارەکانی بێسەرەوبەرەیی ستراتیژی ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا شیدەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر:
• ڕۆڵی کەسایەتییە ناشایستەکان لە دانوستانەکاندا (وەک ستیڤ ویتکۆف).
• دژبەیەکى سیاسەتی ترەمپ لە نێوان هەڕەشە سەربازییەکان و مانۆڕە دیپلۆماسییەکان.
• کاریگەریی لەسەر ئەگەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە یان مانەوەى پرسەکە بە چارەسەر نەکراوى. 
پێشەکى
ترەم زۆر مەبەستیضتى کەبگات بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر دۆێ ئەتۆمییەکەى و ڕێگری بکات لە شەڕێکى گەورە لەناوچەکە و خۆى وەک دروستکەرى ئاشتى بناسێنێت و ئێرانیش ئاگاداری ئەو خواستەیە و هەوڵدەدات بە باشترین شێوە سوودى لێوەربگرێت بە تایبەت کە دەزانێت ترەمپ ئامادە نییە پەیڕەوى لە دید نەتانیاهۆ بکات بۆ بەئامانج گرتنى ئێران، لە لایەکى دیکەوە ئەو کاتە کەمەى کە ترەمپ دیارى کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە ئێران لەماوەیەکى زۆر نزیکدا کە مەزندە دەکرێت کەمتر لە مانگێک بێت، ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمی.
کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە لە سەردەمی ترەمپدا
ترەمپ هەروەک بایدن و ئۆباما دەیەوێت هێزەکانى ئەمریکا لەناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست کە بە 15.000 هەزار مەزەندە دەکرێت بکێشێتەوە و ناوچەکە بەجێبهێڵێت و خۆى بەدوور بگرێت لە شەڕ، بەڵام تەنها شتێک کە ئەمریکاى هێشتۆتەوە لەناوچەکە، ئێرانە، بۆیە بەهەر شێوەیەک کە بووە دەیەوێت ڕێک بکەوێت لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەى لەلایەک و سوود وەربگرێت لە بازاڕى ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان تیایدا و پرسی زۆر گرنگتری وەلاناوە وەک پشتیوانى بەرەى موقاوەمە و پڕۆگرامى موشەکییەکەى، بەڵام بەهۆى نەبوونی پلانی ستراتیژی پێشوەختە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی ناشارەزا (وەک ویتکۆف) کە ڕەنگدانەوەی ئەولەوییەت دانه بە کەسانى دڵسۆز نەوەک لێهاتوو، دژیەکی لەنێوان لێدوان و کردارەکاندا دروست کردووە.
هۆکارەکانى شکست 
1. شکستهێنان لە کاستی ئەکتەرە ئەمریکییەکان: ترەمپ ستیڤ ویتکۆف (هاوڕێی تایبەتی خۆی)ی وەک سەرۆکی دانوستانکاری خۆی هەڵبژارد، سەرەڕای کەمی ئەزموونی لە کاروباری ئەتۆمی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نەبوونی نوێنەرانی پنتاگۆن یان وەزارەتی دەرەوە، پێگەی ئەمریکا لە دانوستانەکان لاواز دەکات و دەرفەت دەدات بە ئێران بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان.
2. دژایەتی نێوان هەڕەشەی سەربازی و مانۆڕی دیپلۆماسی: لە مانگی ئازاری 2025، ترەمپ هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی بەرفراوانی کرد ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە داواکارییە ئەتۆمییەکان، لەبەرامبەردا ویتکۆفی بەبێ پلانێکی ڕوون نارد بۆ دانوستان. نەبوونی هەماهەنگی وادەکات سیاسەتەکانى ئەمریکا کاریگەری خۆی لەدەست بدات. ئێران ئەم لاوازییە لە ڕێگەی ستراتیژی دواخستن و پەکخستن (وەک ئەوەی لە دانوستانەکانی ساڵی ٢٠١٥دا ڕوویدا) درێژە بە دانوستانەکان دەدات بەبێ ئەوەى دەستکەوتێک بدات بە بەرامبەرەکەى.
3. ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا: ئیدارەی ئەمریکا دابەش بووە لە نێوان لایەنە توندڕەوەکان (وەک هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس) کە داوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەکەن و میانڕەوەکان کە لەگەڵ چارەسەرێکی دیپلۆماسیدان، بەڵام نەبوونی ستراتیژێکی یەکگرتوو وا دەکات دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پێشوەختە مەحکوم بن بە شکست.
4. کاریگەلێکەوتەى بەردەوام بوونى دانوستانەکان بەم شێوەیەى ئێستا
- بەهێزکردنی پێگەی ئێران: پێداگری تاران لەسەر دانوستان لە ڕێگەی نێوەندەوە (وەک عومان) نەوەک دانوستانی ڕاستەوخۆ، بوار بۆ مانۆڕکردنی دەدات و وادەکات ئێران کاتى زیاترى لەبەردەمدا بێت بۆ بەردەوام بوون لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەى (60%) سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا.
- کاردانەوە ناوچەییەکان: لەوانەیە ئیسرائیل ناچار بێت هێرشێکى تاکلایەنە ئەنجام بدات ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن. 
5. سیناریۆکانی داهاتوو
- شکستی دانوستانەکانی ویتکۆف و داخستنى دۆسێکه، لەگەڵ بەردەوامبوونی سزاکان و بەدەست هێنانى چەکى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە.
- هێرشی تاک لایەنەى ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دروستبوونى ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنە.
- گرێبەستی ناهاوسەنگ: ترەمپ بە ڕێککەوتنێکی لاواز (وەک وەستاندنی پیتاندن بەشێوەیەکى کاتی) ڕازی دەبێت بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی سیاسی بەدەستبهێنێت.
6. دەرەنجام: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران بەدەست سەرلێشێواوییەوە دەناڵێنێت بەهۆی:
- پشت بەستن بە نوێنەرانی ناکارامە.
- نەبوونی دیدێکی ستراتیژی یەکگرتوو.
- دژبەیەکى نێوان لێدوانە هەڕەشەئامێزەکان و کارى دیپلۆماسی لەپراکتیکدا.