بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکى
کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی و سەربازییەکان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتى نێودەوڵەتی دەرکەوتن و ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە داڕشتنی نەخشەی سیاسەتی ژمارەیەک لە وڵاتە زلهێزەکانى جیهان. کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی و سەربازییەکان کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی حکومەتەکانیان بەبێ ئەوەى وڵاتەكانیان ناچاربن دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکەن، ئەم ڕێکارە لە ئێستادا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە شەڕە مۆدێرنەکان و کۆمپانیا تایبەتەکانیش بوون به یەکێک لە گرنگترین گەمەکارەکان. لە دەیەکانی ڕابردوودا، زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، بۆ دۆزینەوەی دەلاقەیەک بۆ دەستوەردان، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە بوارەکانی شەڕی چەکداریدا، چالاکیی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانیان فراوانتر کرد، تا ئەم کۆمپانیایانە ئامانجەکانی ئەو وڵاتانە بەدیبهێنن بەبێ ئەوەی سوپاکانیان لە شەڕەکاندا بەشدارى بکات. لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دیاردەی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان، کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەرگری تورکیا سادات وەک یەکەم کۆمپانیای تایبەت لە تورکیا دەرکەوت کە توانی ڕۆڵ لە ژمارەیەک وڵاتدا بگێڕێت، بەتایبەتی وڵاتانی ئەفریقا. لەم نوسینەدا هەوڵ دەدەین ڕۆشنایی زیاتر بخەینە سەر ئەو کۆمپانیا سەربازییە و ئەو ڕۆڵەى دەیگێڕێت لە ناوچەکەدا.
کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی و سەربازییەکان
سەبارەت بە ناساندنى کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی و سەربازییەکان، دەتوانین بڵێین کە دامەزراوەیەکى بازرگانی تایبەتن کە پێشکەشکردنى ڕاوێژکاری و کارى خزمەتگوزاری سەربازی وەک پاراستنی کەسایەتى، کاروان، بینا، شوێنەکانە گرنگەکان، زیندانییەکان و ڕاهێنانی بەهێزە ناوخۆییەکان. بەم پێیە دەتوانین بڵێین کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی و سەربازییەکان بریتین لە قەوارەیەکى بازرگانی کە خزمەتگوزاری ئەمنی و سەربازی پێشکەش بە دەوڵەت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گەمەکارە لاوەکییەکان دەکات بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانجی ماددی. بەم پێیە ئەم جۆرە کۆمپانیایانە ئامانجی سەرەکییان قازانجی داراییە، هەروەها سەر بە حزبێکی دیاریکراو یان گرووپێکی جوداخواز نیین کە هەوڵی ئازادکردنی ناوچەیەک بدات(1).
کۆمپانیا ئەمنییەکان لە دوای ساڵی ١٩٩٨ و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد بوونەتە دیاردە لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتى نێودەوڵەتی، بەو پێیەی بەناوی هاوکارى لە بوارى کاروباری سەربازی وڵاتان بەشدارییان لە شەڕەکاندا کردووە. ئەم کۆمپانیایانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆى ڕۆڵى ئەمریکا گەشەى زیاتریان سەند، پاشان زۆرێک لە وڵاتانی گەورەى دیکەش هەمان شوێن پێیان هەڵگرتەوە.
ئەمڕۆ ئەم کۆمپانیایانە بە شێوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەییان هەیە و لە هەندێک ناوچەدا وەک ڕەگەزێکى سەرەکى لە پڕۆسە سەربازییەکان سەیر دەکرێن، هەر لەو بارەوە کۆمەڵێک گۆڕاو بەشدارییان کردووە لە گەشەسەندنی خێرای ئەم کۆمپانیایانە، کە دیارترینیان بریتییە لە: زیادبوونی ژمارەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، سەرهەڵدانی دیاردەی تیرۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتکردنی کەرتی ئەمنی، دابەزینی بودجەی بەرگری لە زۆرێک لە وڵاتان، گەشەسەندنى پیشەسازی سەربازی و بەردەستبوونی چەک، سەربارى ئەوەى کە لاوازی زۆرێک لە وڵاتان لەچارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆییەکان وایکردووە پەنا بۆ کۆمپانیا تایبەتە سەربازی و ئەمنییەکان ببرێت(2).
دیارترین ئەو کۆمپانیا ئەمنیی و سەربازییەکان بریتین لە: کۆمپانیای بلاک ۆتەری ئەمریکی کە یەکێکە لە دیارترین کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای G4S کە کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەیی بەڕیتانییە، گروپی ڤاگنەر کە کۆمپانیایەکی نیمچە دەوڵەتی سەربازی ڕووسیایە و دواجار کۆمپانیای سویدی Securitas AB. هاوشێوەی ئەم کۆمپانیا ئەمنییانە، لە ساڵانی ڕابردوودا ناوی سادات وەک یەکەم کۆمپانیای تایبەتی سەربازى تورکی سەریهەڵدا کە ئەرکی بەرفراوان لە دەرەوەی سنوورەکانى تورکیا ئەنجامدەدات(3).
دامەزراندنى سادات
کۆمپانیای سادات لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٢ لە ئەستەمبوڵ لەلایەن عەمید عەدنان تانریڤێردی دامەزراوە، ناوبراو سەرۆکی بەشی تەندروستی بووە لە هێزە وشکانیەکان، بەڵام لە ٣٠ی ئابی ١٩٩٦ خانەنشینی کراوە بەهۆى ڕەوتە ئیسلامییەکەی. بڕیاری دەرکردنی تانریڤێردی لە سوپای تورکیا کۆتایی بە ژیانی سیاسی ئەو کەسە نەهێنا، بەڵکو بووە سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانى قۆناغێکى نوێ لە ژیانی ناوبراودا. تانریڤێردی لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٠٤، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری خانەنشینکراو، بەشدارییان لە دامەزراندنی کۆمەڵەی بەرگریکارانی دادپەروەری (ASDER) کردووە کە ڕۆڵى هەبوو لە بەهێزکردنی بیرۆکەکانی بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە کودەتای سەربازی. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٢ تانریڤێردی کۆمپانیای ڕاوێژکاری و ڕاهێنانی بەرگری سەربازی سادات-ی دامەزراند و لەو کارەدا نزیکەی ٢٣ ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزە چەکدارەکانی تورکیا هاوکاری تانریڤێردییان کرد. ئەو دروشمەی کە سادات هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە بە ئاشکرا ڕایگەیاند بریتی بوو لە کارکردن بۆ دروستکردنی کەشێکی هاوکاری لە بواری بەرگری و پیشەسازی بەرگری لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا تا جیهانی ئیسلامی بتوانێت ببێتە خاوەن هێزێکی سەربازیی خۆبژێو لە بوارى پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان و ئاسایشی ناوخۆدا. تانریڤێردی ناسراو بوو بە پەیوەندییە مشتومڕاوییەکانی لەگەڵ گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا بە ئامانجی فراوانکردنی پێگەی دەوڵەتی تورکیا لە جیهانی ئیسلامیدا. ناوبراو لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٦ دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کێشایەوە و لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئەیوپ سوڵتان لە ئەستەنبوڵ بە خاک سپێردرا. لە ئێستادا سادات لە لەلایەن عەلی کامیل مێلیح تانریڤێردی کوڕییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت (4).
سادات تاکە کۆمپانیای سەربازی تایبەتە لە تورکیا کە خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری، ڕاهێنانی سەربازی و خزمەتگوزاری لۆجستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە کەرتی بەرگری نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوخۆدا پێشکەش دەکات و ڕێکخراوێکی پاشکۆى هەیە بە ناوی (سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بەرگریکارانی دادپەروەری-ASSAM).
سادات بە سەرمایەی ٦٤٣ هەزار لیرەی تورکی دامەزراوە، سەرەتا 23 ئەفسەری خانەنشینى یەکە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیاى لەخۆگرتبوو، دواتر نزیکەی 64 کارمەندی سەربازی دیكەى پێزیاد بوو کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکانی مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد لە زیاتر لە 22 وڵاتدا. سەرەتا ژمارەی هێزى سادات نزیکەی 561 هەزار بوو بەڵام لە 10ی ئەیلولی 2016 نزیک بە ٢٠٠ هەزار سەربازی لێکەمکراەیەوە و ژمارەکەى دابەزی بۆ 351 کەس (5).
کارەکانى کۆمپانیاکە
کارەکانی کۆمپانیاکە پەیوەندییەکی نزیکیان بە حکومەتی تورکیاوە هەیە، سادات-یش هەوڵدەدات بە پلەى یەکەم بەرژەوەندییەکانی تورکیا بپارێزێت و لە هەمان کاتدا خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری، سەربازی و بەرگریی خۆی پێشکەش بکات، بەو پێیەی کۆمپانیاکە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری کاردەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکییە بازرگانییەکانی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆیەکی ناوخۆیی لە ٢٢ی ١ی ٢٠٢١، تانریڤێردی سەبارەت بە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند: (کاتێک کۆمپانیاکە ئۆفەرێک وەردەگرێت کە لەگەڵ ستانداردەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان دەگونجێت، ئەوان ئۆفەرەکە دەگەیەنن بە وەزارەتی بەرگری تورکیا و سەبارەت بە داواکارییەکە و لەو بارەوە داوای ڕەزامەندییان دەکەن) (6). خزمەتگوزارییەکانی سادات تەنها لە ڕاوێژکاری بەرگریدا کورت نابێتەوە، بەوپێیەى خزمەتگوزاری ڕاهێنان لە بواری سەربازیدا پێشکەش دەکات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕاهێنان لەسەر شەڕی ئاسایی و ناڕێکخراو و لە بواری لۆجستیدا خزمەتگوزاری پێشکەش بە پۆلیس و هێزە چەکدارەکان دەکات.
دارایی
بۆ تێگەیشتن لە کارەکانی سادات، تێگەیشتن لە سەرچاوە داراییەکەى زۆر گرنگە. زۆرینەی بودجەی کۆمپانیاکە لە دوو سەرچاوەوە دێت، یەک سەرمایەی دەوڵەتى تورکیا؛ دوو، داهات لە چالاکییە بازرگانییەکانى کۆمپانیاکە، بەو پێیەى کە سادات لە ڕێگەی کەرتی ڕاوێژکاری بەرگرییەوە داهات بەرهەم دەهێنێت نمونەى دابینکردنى خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری، بەرنامەکانی ڕاهێنان و پشتگیری سەربازی/لۆجستی بۆ کڕیارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. بەپێی زانیارییەکان، سادات بەهۆی پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا و هەندێک ئامانجی هاوبەش، پارەی حکومەت وەردەگرێت. خەڵکى ئاسایی دەستی بەو زانیاریانە ناگات کە تایبەتن بە سروشتی تایبەت و بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە حکومەتی تورکیا پێشکەشی سادات-ی دەکات. سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بازرگانی کۆمپانیاکە، گونجاوە کە بڵێین کە بەشێکى دیکەى سەرچاوە داراییەکانى لە ڕێگەی گرێبەستە نوێکانەوە سەرچاوە وەردەگرێت (7).
خەونی کۆنفیدراسیۆنی ئیسلامی
سادات زیاتر گرنگى دەدات بەوڵاتانی ئیسلامی و ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی ژینگەیەکە بۆ هاوکاریی لەنێوان وڵاتە ئیسلامییەکان لە بوارى پیشەسازی بەرگریدا بە ئامانجى دروستکردنی هێزێکى سەربازیی خۆبژێو بۆ جیهانی ئیسلامی لەنێو زلهێزەکانی جیهاندا. تانریڤێردی لە میانەی سێیەمین کۆنفرانسی یەکگرتووی ئیسلامی کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (ئاسام) لە ئەستەنبوڵ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، مۆدێلی (دەستووری یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی)ی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ناوی دەوڵەتەکە (ئاسریکا) و بەشێوەى کۆمارێکی کۆنفیدڕاڵیی بێت. بەپێی ئەو مۆدێلە دەستوورییەی کە تانریڤێردی ڕوونیکردووەتەوە، فیدراسیۆنی وڵاتانی ئیسلامی (ئاسریکا) ملکەچی سیستەمی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەبێت و سیستمێکی سەرۆکایەتی بەڕێوەى دەبات، پایتەختەکەی ئەستەنبوڵ و زمانی فەرمی عەرەبی دەبێت، هەروەها تانریڤێردی دەڵێت یەکگرتنی وڵاتە ئیسلامییەکان پێویستی سەردەمەکەیە و وڵاتانی ئیسلامی پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە لە ژێر ئیرادەیەکدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت وەزارەتی یەکێتی ئیسلامی لە حکومەتەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا دابمەزرێت، هەروەها جەختى کردەوە لە دروستکردنی دراوێکی ئەلیکترۆنی ئیسلامی بە ناوی ئاسریكا دینار (8).
هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن
زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێیان وایە هۆكارى دامەزراندنی سادات دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانەی ئەردۆگان بە سوپای تورکیا و ترسی لە ئەنجامدانى کودەتای سەربازی و سەرهەڵدانی جەمسەرێکی بەهێز لەناو سوپادا، هەروەها بەهۆی ترسی بەردەوامی لەئەنجامدانى کودەتا، ئەردۆغان دەسەڵاتێکى زۆرى بەخشیوە بە کۆمپانیاکە و لە ئێستادا سادات بە تەواوی پەیوەستە بە ئەردۆغانەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێی وایە ئەردۆغان سادات بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانێت بۆ دەزگاى هەواڵگری و سوپاى توركیا و بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی کەسیی خۆی داکۆکى لە بوونیان دەکات، جێگەى ئاماژە پێدانە کە هەر سادات بوو ئامۆژگاری ئەردۆغانی کردووە کە سیستمى حوكمڕانى لە پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر کودەتایەکی سوپا بکات لە داهاتوودا (9).
چەند مانگێک بەر لەدەستپێکردنى شەڕی توندى بانگەشەى هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە ئەردۆغان لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کەمال کلیچدارئۆغڵو و ئەندامانی پارتەکەی، ویستیان سەردانی سادات بکەن، دوای ئەوەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی مەشقی سەربازی لەلایەن ئەو کۆمپانیایە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریا بڵاوبووەوە. دواى ئەوەى ڕێگرى لە چوونە ژوورەوەیان لێکرا، کلیچدارئۆغڵو لە بەردەم بارەگای کۆمپانیای سادات کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و نیگەرانی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیایە دەربڕی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە ئەردۆغان لە داهاتوودا سوود لە هێزەکانى ئەم کۆمپانیایە وەربگرێت لە ناوخۆی تورکیا، هەروەها ئۆغڵۆ کۆمپانیاکەی تۆمەتبار کرد بەوەى بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی دەسەڵاتدار، کەشوهەوای تیرۆریستی و تۆقێنەر لە وڵاتەکەدا دەهێنێتە ئاراوە (10)، هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامە وانییەکەدا کلیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند ئامانجی ئەم کۆمپانیایە ڕزگاربوونە لە کۆماری عەلمانی تورکیا و دامەزراندنی کۆنفیدراڵیزمێکى ئیسلامییە کە وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە لە خۆبگرێت (11). کلیچدارئۆغڵو دواى سەردانەکەى لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تویتەر نوسیبووى: (لێرەدا جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنم کە ئێمە ڕێگە بە هیچ پێکهاتەیەکی نیمچە سەربازی نادەین کە دوژمنایەتی گەل بکات) (12).
تورکار ئارتورک دەریاوانى خانە نشین سەبارەت بە چالاکییەکانی سادات لە سوریا، لیبیا و سۆماڵ دەڵێت سادات مەشق و ڕاهێنان بە چەکدارەکان دەکات لە بوارەکانى بۆردومانکردن، بۆسەدان، تیرۆرکردن و شەڕی گەریلادا. ئارتورک نیگەرانە لەوەی کە ئەگەر هەیە ئەم کۆمپانیایە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە گواستنەوەی سەدان هەزار هاووڵاتی ئەفغانی تەمەن 20 بۆ 30 ساڵ لە سنووری ئێرانەوە بۆ تورکیا بە مەبەستى سوود وەرگرتن لێیان لە ئەرکی مەترسیداردا (13). کاتێکیش ئەردۆغان لەوەڵامدا ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمپانیاکە و سەرۆکی کۆمپانیاکەدا نییە، میدیاکانى توركیا بە خێرایی وێنەیەکی کۆبوونەوەیەکیان بڵاوکردەوە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و ئامادەبوونی عەدنان تانریڤێردی و هاکان فیدان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا. ئۆرهان بورسالی لە ڕۆژنامەی جمهوریەتدا لەوبارەوە دەنووسێت (سەرۆکی کۆمار لەم دواییانەدا زۆر شتی لەبیر نییە، کەواتە چۆن پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ عەدنان تانریڤێردی لەبیر دەکات؟ کاتێک سەرۆک دەڵێت ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ساداتەوە نییە، بیری دەچێتەوە کە سەرۆکی دامەزرێنەری کۆمپانیاکەی بردە نهێنیترین و گرنگترین کۆبوونەوەی ئەمنی وڵات و کردی بە ڕاوێژکاری سەرەکی خۆی و ئەندامی ئاسایشی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە) (14).
ئۆپۆزسیۆن کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی کردەوەی مەترسیدار کە خزمەت بە پڕۆژە و پلانەکانی ئەردۆغان دەکات لە سوریا، لیبیا، سۆماڵ، عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە (15) ، لە ساڵی ٢٠١٤دا. ڕۆژنامەكانی تورکیا ئاشکرای کرد کە چەک بە بارهەڵگری یارمەتی خۆراک گوازراوەتەوە بۆ سوریا و گومان هەبووە لە بەشداریکردنی دەزگای هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنەكانى سادات دا (16). جێگەى ئاماژە پێدانە کە کەمپەکانی مەشقی سەربازى سادات دەکەونە ئەم ناوچانە:
1. باکووری ڕۆژئاوای تورکیە لە ناوچەی مەڕمەڕە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
2. لە پارێزگای کۆجائێلی، لە سەرەتادا ئەم کەمپە سەر بە هێزی دەریایی تورکیا بووە، بەهەمان شێوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
3. لە تۆکات و مونیا لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ هەندێک لە چەکدارەکانى ئەم دوو کەمپە ڕاهێنانیان پێکرا بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستی هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا پشێوی دروست بکەن.
سادات و ڕێکخراوی پاسەوانان
ڕێکخراوی پاسەوانان لە سەرەتای ساڵی 2020 لە تورکیا دامەزرا، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، ئامانجی کۆمپانیاکە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پۆلیس بوو لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، ئەردۆغان لەوبارەوە ڕایگەیاند بوو کە چیتر ناتوانن تەنها پشت بە هێزە ئەمنییە تەقلیدییەکان ببەستن بۆ ڕێکخستنی ئاسایش شارەکانی تورکیا، جێگەى ئاماژە پێدانە کە ڕێکخراوی پاسەوانان، کۆمپانیایەکی دیکەی ئەمنییە کە هەوڵدەدات هاوکاری سادات بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامی تورکیا، بەو پێیەی ئەم ڕێکخراوە گەنجانی چەکداری لایەنگری ئەردۆغان دادەمەزرێنێت و هێزەکانی هاوشێوەی هێزەکانى بەسیجی ئێرانن، بەپێی زانیارییەکان بڕیار وایە ژمارەی هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوی پاسەوانان بگەیەنرێتە ٣٠ هەزار کەس لە ژێر فەرماندەیی ئەردۆغان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی ئێران کە وادیارە ئەردۆغان کاریگەرە پێى، دەردەکەوێت کە بیرۆکەی ئەو دوو دامەزراوەیە هاوشێوەى سوپاى پاسداران و هێزەکانى بەسیجە، واتە سادات هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان و ڕێکخراوی پاسەوانان کە هاوشێوەی بەسیج-ە بەرپرسیارە لە دابینکردنى ئاسایشی ناوخۆ، بەڵام جیاوازی نێوان سادات و سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەیە کە سادات هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە. لەئێستادا سادات لە سوریا، لیبیا، قەتەر، تونس، سۆماڵ، ئەسیوپیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و کۆسۆڤۆ بوونى هەیە. هیچ ئاماژە و زانیارییەک نییە لەبارەی بوونی کۆمپانیاکە لە وڵاتانى یەکێتی ئەوروپادا، بەڵام بە فەرمانی هەواڵگری تورکیا ئامرازی هەماهەنگی هەیە لە نێوان ڕێکخراوە چالاکەکان لە ئەوروپا و سادات-دا (17).
بوونى کۆمپانیای سادات
1. لە سوریا
تانریڤرێدی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، دانی بەوەدانا کە کۆمپانیای سادات ڕاهێنان و مەشقى بە چەکدارەکانى سوپای ئازادی سوریا كردووە لە کەمپەکانی ناوخۆی تورکیادا بۆ بەشداریکردن لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوخۆی سوریا. لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی هابەرتورک ئەنجامدرا، فێردی دەستی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسێى ئەمنی کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە، لەوانە دۆسێى هێزە بەکرێگیراوەکان کاتێک کە سەردانی یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەرانی شاری هاتای کردووە لە نزیک سنووری سوریا و لەگەڵ ئامادەبووان گفتوگۆی لەسەر دامەزراندنی بەرەیەکی چەکدار کرد بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سوریا. لە میانی گفتوگۆکەدا، تانریڤێردی وتبووی: گەیشتینە ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵیان و دەسەڵاتدارانی فەرمی تورکیا-مان لەو بارەیەوە ئاگادارکردەوە (18).
لەلایەن سادات-ەوە گروپە چەکدارەکانی چالاک لە باکووری حەلەب، کە دیارترینیان فیرقەی سوڵتان موراد-ە، بە شێوازی نهێنی تەیار دەکرێن و دەنێردرێن بەرەو ئەفریقا، گەشتەکەیان لە کیلیسەوە دەست پێدەکات، ئەو شارەی کە هەموو مۆبایلەکان لە چەکدارەکان وەردەگیرێنەوە تا شوێنپێیان هەڵنەگیرێت، بەڵێنى موچەى مانگانەی نزیک بە 1500 دۆلاریان پێدەدرێت ئەگەر چی ئەو بەڵێنانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا دراون جێبەجێ نەکراون. سادات چەکدارەکان کۆدەکاتەوە بەبێ گوێدانە تەمەن یان ڕادەی ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدا و داوای هیچ بەڵگەنامەیەک لەو کەسانە ناکات کە دەیانەوێت لەژێر فەرماندەییەکەیدا شەڕ بکەن، جگە لە بەڵگەنامەیەک کە ناو و ڕەچەڵەکی چەکدارەکەى تیادا نوسرابێت. بارودۆخی زۆر خراپی ژیان لە سوریا وا لە زۆرێک لە گەنجان دەکات بەرەو ئەم ڕێگایە هەنگاو بنێن بەو هیوایەی کە ئاستی ژیانیان باشتر بکات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە کەمپە سەرەتاییەکانى نزیک سنوور نیشتەجێن. ئەو بەکرێگیراوانە پێویستیان بە تێچووی دارایی کەم هەیە، بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی دیکەى تورکیا، جگە لەوەی پشت بەستن بەو بەکرێگیراوانە ڕێگە بە دوورکەوتنەوە لە هەر فشارێکی ناوخۆیی دەدات لە ئەگەری گیانلەدەستدان یان برینداربوونیان، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی ئاستى جەماوەری پارتی داد و گەشەپێداندا (19).
لەلایەکى دیکەوە تورکیا دەیەوێت ئەو هێزانە لە سنوورەکانى دوور بخاتەوە و بیاننێرێت بۆ جێگەى دوور تا لە داهاتوودا گرفت بۆ خودی تورکیا دروست نەکەن لە ئەگەرى گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریا، لەم چوارچێوەیەدا سەرچاوەکان ئاماژە بە پارادۆکسێکی سەیر دەکەن، ئەو چەکدارانەى لە لادێکانی حەلەبەوە کۆدەکرێنەوە، شەڕیان دژ بە هێزەکانی ڕووسیا کردووە، کە بە دوژمنی خۆیانى دەزانن لە سووریا ، لە کاتێکدا لە ئەفریقا هاوپەیمانن و شانبەشانی ڕووسەکان شەڕ دەکەن (20).
2. لە ئازەربایجان
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، دەزگاکانی هەواڵ بە وردی باسیان لە جێگیرکردنی چەکدارانی سوریا کرد بۆ پشتیوانیکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە لە ئازەربایجان. ئەم بریکارانە بەشدارییان لە شەڕى ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ کرد کە کێشەى لەسەر بوو. لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی بەکرێگیراوان جەختى کردەوە لەسەر ئەوەى کە تورکیا بەشێوەى بەرفراوان چەکدار لە سوریا-وە دەگوازێتەوە کە هەندێکیان سەر بە سوپای نیشتمانی سوریان. لێکچوون لە حاڵەتى جێگیرکردنی بەکرێگیراوانی سوریا لەلایەن تورکیاوە لە هەردوو وڵاتی لیبیا و ئازەربایجان بووە هۆی تۆمەتبارکردنی ڕۆڵی سادات لە ململانێکاندا (21).
3. لە ئەفغانستان
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە هەواڵگری تورکیا و سەرکردەکانی فراکسیۆنی سوریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی چەکدارانی سوریا بۆ ئەفغانستان بەپێی گرێبەستی فەرمی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان. بەڵام دواى دەسەڵاتگرتنە دەستى تاڵیبان و کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ، دواتر تورکیا پلانەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابول هەڵوەشاندەوە (22).
4. لە ئەفریقا
کیشوەری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە نێو سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دەرکەوتووە، لە سەرەتادا لە ڕێگەی هێزى نەرم و یارمەتییە مرۆییەکان و وەبەرهێنان و بازرگانییەوە، پاشان بە خێرایی بەرەو بەکارهێنانی ئامرازەکانی هێزی ڕەق هەنگاوی ناوە تا دامەزراندنی بنکەی سەربازی و کردنەوەی بازاڕ بۆ هەناردەکردنی چەک، بەرنامەی مەشقی سەربازی و ڕێککەوتنە ئەمنیی و سەربازییەکان. کۆمپانیای سەربازی سادات لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە ئەفریقا دەرکەوت، دوای سەردانێکی عەدنان تانریڤێردی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە بۆ لیبیا بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارە نوێیەکانی لیبیا و گەڕان بەدوای ئەگەری پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ڕاهێنان و خزمەتگوزاری تەقەمەنی بۆ لیبیا. لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپانیای سادات توانیویەتی ئامادەیییەکی بەرفراوانى هەبێت لە ئەفریقا، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵانی داهاتوو بینەرى زیادبوونی بەرچاوی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە بین بەتایبەتی لە نەیجیریا و مالی. زیاد بوونى ئەم کاریگەرییە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ساحل گۆڕانکارییەکی قووڵ بەخۆیەوە دەبینێت، دواى کەمبوونەوەى کاریگەرییەکانی فەرەنسا و ناچار بوونى ئەمریکا بە کشانەوە لە ناوچەکە (23). تورکیا بوونی خۆی لە نەیجیریا فراوانتر کردووە لە ڕێگەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەشەپێدان و بازرگانییەوە، هەروەها پێکهاتەی بەرگریی ئەو پەیوەندییە گرنگتر بووە لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری سەربازی لە ساڵی ٢٠٢٠ و فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (24). جگە لە پەرەسەندنی کاریگەرى ئابووری و سیاسی تورکیا لەسەر کیشوەرەکە، کۆمپانیای سادات ڕێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات واژۆ کرد، دیارترینی ئەم ڕێککەوتنانە لە سۆماڵ بوو، کە لە کەمپێکی مەشقی سەربازی تورکیا لە سۆماڵ دەستیکرد بە ڕاهێنانی هێزەکانی سۆماڵ، مالی و لیبیا ڕێککەوتنێکی هاوکاریان واژۆکرد لەگەڵ کۆمپانیاکە بۆ دابینکردنی بەرنامەی مەشقی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانیان کە گرنگی بە ئاسایشی سەربازی ناوخۆیی و دەرەکی دەدەن، سەربارى تونس و ئەسیوپیا. لە ڕووی سەربازییەوە تورکیا 37 نوێنەرایەتی لە ئەفریقا هەیە و چاوەڕوان دەکرێت تورکیا ڕێککەوتنێکی سەربازی بۆ مەشق و ڕاهێنان بە سوپای ئۆگاندا و هێزە تایبەتەکانی ئۆگاندا پەسەند بکات (25).
أ. لە لیبیا:
ماڵپەڕی ڕادیۆى فەرەنسا ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، ئەردۆغان هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر لیبیادا بسەپێنێت و لەژێر ناوی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سەراج، چەک و ڕاوێژکاری سەربازی ڕەوانەى ئەو وڵاتەبکات. بەگوێرەی زانیارییەکانى ماڵپەڕی سادات هاوکارییەکان تەنها سنووردار نییە بە پێشکەشکردنی پشتگیری لۆجستی یان تەکنیکی، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی کەسایەتییەکان و ڕاوێژکارى سەربازى لە لیبیا (26).
تانریڤێردی لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی ئەکسامی تورکی لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دەڵێت: تورکیا پێویستی بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان هەیە کە سەربازی بەکرێگیراو بەکاردەهێنن، وەک کۆمپانیاکانى بلاک ۆتەر و ڤاگنەر، هەروەها وتی، ئەگەر تورکیا سەربازە بەکرێگیراوەکان ڕەوانەی لیبیا بکات ئەوا سوودی زیاتری دەبێت بۆ تورکیا (27). لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ کۆمپانیای سادات گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای سیکیوریتی سایدی لیبی واژۆ کرد کە تایبەتمەندە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی مەشق و ڕاهێنان. کۆمپانیاکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بە بازاڕکردنی ئەو چەکانەی کە لەلایەن پیشەسازی بەرگری گەشەسەندووی تورکیاوە بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەتی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سادات ڕۆڵی نێوەندگیری بینی لە تەواوکردنی گرێبەستی چەک لە نێوان کۆمپانیاکانی تورکیا و حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتمانی. بە پێی زانیارییەکان سادات له نێوان مانگی تەمووز تا ئەیلولی 2019 نزیکەی 10 هەزار تۆن چەک و تەقەمەنى بۆ لیبیا ناردوه(28).
ب. لە نەیجیریا:
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ناوی کۆمپانیاى سادات لە ناوخۆی نەیجیریا دەرکەوتووە لەڕێگەى ناردنی ژمارەیەک سەربازی بەکرێگیراوی سوری بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لە پڕۆژەکانی کانگا و ژێرخانی ئابوورى نەیجیریادا، هەروەها بۆ دابینکردنى ئاسایش بۆ کۆمپانیا تورکییەکان لە نەیجیریا (29).
لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا هەوڵی بەهێزکردنی نفوزی سەربازی خۆی لە ناوخۆی نەیجیریا داوە، بەو پێیەی بازاڕی بەکارهێنەری فراوان و هەلی وەبەرهێنانی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ زیادبوون هەناردەی تورکیا، بەتایبەتی هەناردەی پیشەسازى بەرگری. بوارى سەربازی گرنگترین بوارە لە پەیوەندییەکانی ئەو دو وڵاتەدا دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بەرگری دوو قۆڵی نێوان تورکیا و نەیجیریا لە ساڵی 2020 کە بریتییە لە ڕاهێنان و پڕچەککردنی سوپای نەیجیریا، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی کەرتەکانی گواستنەوە و بیناسازی و وزە و چەندین کەرتی دیکە. دوای کودەتا سەربازییەکەی نەیجیریا لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣، تورکیا نیگەرانی هەبوو سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نیجیریا و ڕادەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لەسەر بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە باشی بەردەوام بوو، ئەمەش یارمەتی تورکیای دا بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەیی سەربازی خۆی بەهێزتر بکات بە ناردنی سەدان بەکرێگیراو بۆ نەیجیریا لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەمنی سادات-ی تورکیاوە. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ەوە کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەرگری سادات نزیکەی هەزار و ١٠٠ سەربازی بەکرێگیراوی سوری ڕەوانەی نەیجیریا کرد بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەنقەرە لە نەیجیریا (30). ڕوانگەی سووری ڕایگەیاندووە، بەکرێگیراوانی سوری کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات لە ناوچەی سنووری نێوان نەیجیریا و مالی و بورکینا فاسۆ جێگیرن و مانگانە ٣٠ هەزار دۆلار مووچە وەردەگرن (31).
5. لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی Lêkolîn.org، کۆمپانیای سادات لە ساڵی ٢٠١٧ یەکەم بنکەی خۆی لە پارێزگای دهوک دامەزراندووە. زۆرێک لە کارەکانی سادات لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی TİKA, HAKSİAD, ORSAM ئەنجام دەدرێت. بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٨هێزەکانی گوڵان و پێشمەرگەی ڕۆژی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لەسەر دەستی کۆمەڵێک شارەزای سەربازی سادات لە دهۆک مەشقی بەرفراوانیان پێکراوە. هێزەکانی گوڵان کە مەشق و ڕاهێنانیان لەلایەن کۆمپانیای ساداتەوە پێکراوە، ڕەوانەى ناو ڕیزەکانی سوپای ئازادی سوریا کراون و لە چوارچێوەی لیوای سەڵاحەدین و فاروقدا کاریان کردووە و تەنها لە ناو سوریادا سنووردار نەبوون، بەو پێیەی بەکرێگیراوەکان نێردراون بۆ لیبیا و لەم دواییانەشدا بۆ ئازەربایجان بە ئامانجی خزمەتکردن بە ئەجێنداکانی تورکیا. هەروەها ئەو بەکرێگیراوانەی شەڕی کوردیان کرد لە عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی لە لایەن کۆمپانیای سادات-ەوە ڕاهێنانیان پێکرابوو. ئەم کۆمپانیایە چەندین خولی ڕاهێنانی بۆ ئەندامانی پێشمەرگەی ڕۆژ لە زاب و خاکورک و قەرە ڕێکخستبوو بە ئامانجى بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (32). هەروەها سادات لە کەرکوک کە بە یەکێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دادەنرێت، پێشتر توانیبووى سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرت و ڕاهێنان بە گروپە بەکرێگیراوەکان بکات لەو پارێزگایە بەمەبەستى دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان هێزە کوردییەکان و تورکومانەکان(33).
ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى سادات کراون
1. دەزگاى هەواڵگری فەرەنسا یەکەم لایەن بوو کە سەرنجی بەلاى چالاکییە گوماناوییەکانی سادات لە ناوچەکەدا ڕاکێشا. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە سادات لە وڵاتانی لیبیا و شانشینی سعودییە و پاکستان چالاکییەکانی مەشقی سەربازی و ڕاوێژکاری ئەنجام دەدات (34).
2. بە پێی زانیارییەکانى ناوەندی ئازادییەکانی ستۆکهۆڵم، کۆمپانیای سادات لە شەوی هەوڵی کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦دا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی دەسەڵاتەکەى ئەردۆغان، هەروەها ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لەهێنانی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ناو لیبیا. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سادات هاوشێوەى سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵی گیڕاوە لە دروستکردنى هەزار و 500 مزگەوت لە تورکیا، دوای ئەوەش دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی گەنجانی مزگەوتەکانی ئاسیای ناوەڕاست و پەیوەستکردنیان بە ڕێکخراوی ئیخوان موسلمینەوە (35).
3. میدیاکانی ڕووسیا بە تایبەتی باسیان لەوە کردووە کە سادات لە نێوان مانگەکانی تەمموز و ئەیلوولی ٢٠١٩چەکی بە لایەنە شەڕکەرەکانی نزیک لە تەڕابلوس فرۆشتووە نمونەى زرێپۆش، مووشەکهەڵگر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. جێگەى ئاماژە پێدانە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا لێکۆڵینەوەیەک لە مۆسکۆ ئەنجامدراوە سەبارەت بە گەشتی ٨٨٩ چەکداری بیانی لە ڕووسیاوە بۆ سوریا و عێراق. لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە 25%ی ئەو چەکدارانە پەیوەندییان بە ساداتەوە هەبووە (36).
4. بە گوتەی مایکل ڕوبن، بەرپرسی پێشووی ئەمریکی لە پنتاگۆن، سادات ڕاهێنانی بە ٣ هەزار چەکداری بیانی کردووە کە ئێستا لە سوریا و لیبیا شەڕدەکەن، هەروەها حکومەتی تورکیاش پشتگیری کۆمپانیاکە دەکات بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ کارەکانی لەو وڵاتانەدا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە داعش و ئەلنوسرە لەنێو ئەو گروپانەدا بوون کە لەسەر دەستی پسپۆڕانی سەر بە کۆمپانیاکە مەشقی سەربازییان وەرگرتووە. بەپێی زانیارییەکانى ماڵپەڕی بێرگۆن-ی ئەمریکی، ئەو کارە قێزەونانەى سادات بۆ تورکیا ئەنجامى دەدات، ئەردۆغان ناتوانرێت بە سوپا و پۆلیسی بسپێرێت (37).
5. ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کۆمپانیای سادات لە ناوخۆی سوریا لە چوارچێوەی ڕێکخراوە نهێنییەکاندا کار دەکات و بارودۆخی گەنجان دەقۆزێتەوە بۆ دامەزراندنیان لە بەرامبەر مووچەدا، هۆشداریشی دا لە مەترسی ئەو كارانەی ئەم دامەزراوەیە لە سوریا و وڵاتانی ناوچەکە دەیکات(38).
داهاتووى سادات
1. پێدەچێت لە داهاتوودا چالاکییەکانی سادات زیادبوون بەخۆیەوە ببینێت و هەوڵبدات کاریگەرییەکەی لە چەندین شوێنی پڕ لە ململانێدا فراوانتر بکات. شارەزایی کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی و ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکاندا بە ئەگەرێکی زۆرەوە خواستێکی زۆری لەسەر دەبێت، بەتایبەتی لە شوێنە ستراتیژییەکاندا، هەروەها لەماوەى درێژخایەندا، پێشبینی دەکرێت پڕۆگرامى مەشق و ڕاهێنانەکانى سادات فراوانتر و چڕتر بن. شارەزایی کۆمپانیاکە لە مەشق و پسپۆڕی سەربازیدا ئەو دەرفەتەى بۆ دەڕەخسێنێت پێداویستییەکانی نەتەوە جیاوازەکان، هێزە لەبرییەکان و ڕێکخراوە چەکدارەکان دابین بکات و زیاتر سەرنجی لەسەر ئەو ناوچانە بێت کە هەژمونى تورکیا لە مەترسیدایە یان ململانێکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا هەیە.
2. کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان بەو پێیەى کە بەشێوەى نافەرمى کاردەکەن، ئەو دەرفەتە بە دەوڵەتەکانیان دەبەخشن کە خۆیان بێبەرى بکەن لەو کارانەى کە کۆمپانیا تایبەتەکان دەیکەن، بەم شێوەیە وڵاتەکان دەتوانن بە شێوەى نهێنی لە شەڕەکاندا بەشدارى بکەن و بەشێوەى ناڕاستەوخۆ هەژمونى خۆیان بسەپێنن لە ململانێ ناوچەیییەکاندا بە تایبەت لەو ناوچانەى کە گرنگە لە ڕووى ئاسایشی نەتەوەییەوە(39).
3. شەڕی بە وەکالەت لە داهاتوودا وەک نۆرم بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی دەوڵەتەکان ئەم جۆرە شێوازانە بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەبێ ئەوەی بەشداری شەڕێکی ئاسایی بکەن.
دەرەنجام
1. کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان بەو پێیەى کە بەشێوەى نافەرمى کاردەکەن، ئەو دەرفەتە دەدەن بە دەوڵەتەکانیان کە خۆیان بێبەرى بکەن لەو کارانەى کە کۆمپانیا تایبەتەکان ئەنجامی دەدەن، بەم شێوەیە وڵاتەکان دەتوانن بەشێوەى ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکاندا بەشدارى بکەن و هەژمونى خۆیان بسەپێنن لە ململانێ ناوچەیییەکاندا و پێشبینیش دەکرێت وەک نۆرم ئەم شێوازە لە کارکردن بەردەوام بێت بەهۆی توندبوونەوەى ململانێ و کێبڕکێی وڵاتان لەسەر ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکان.
2. سادات ئەکرێت وەک کار ڕێکخەرێک لێی بڕوانین کە کاردەکات لە نێوان دەسەڵات و چەکدارە لەبرییەکانى تورکیا لە سوریا و ناوچەکە و تەواوکەری هەوڵە فراوانخوازییەکانى تورکیایە، ئەگەرچی پەیوەندی نزیکی سادات لەگەڵ هێزە لە برییەکانى تورکیا لە سوریا دەتوانێت ئەنقەرە ڕووبەڕووى چەندین دەرئەنجامی نەخوازراو بکاتەوە.
3. سادات سوودمەندە لە پشتیوانی بەهێزی حکومەت و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان، ئەم پەیوەندییە نزیکەش هاوکاری نێوان سادات و دامەزراوەکانی دەوڵەت ئاسان دەکات و توانای کارکردنی بەرز دەکاتەوە.
4. تێوەگلانی سادات لە ململانێ جیاوازە ناوچەییەکاندا، پرسیار و نیگەرانی سەبارەت بە چالاکیی و ئامانجەکانی وروژاندووە بەتایبەت پشتیوانی کردنى سەربازی و لۆجستی بەکرێگیراوان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا و ڕاهێنان و مەشقپێکردنیان.
سەرچاوەکان
أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر(https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/).
أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر(https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/).
الأبعاد القانونية للشركات الأمنية والعسكرية الخاصةhttps://irajournal.academy/2023/07/08/security-military-companies.
شركة سادات التركية.. بين فكَّي الاتهامات وحلم الكونفدرالية الإسلامية (https://www.noonpost.com/46312/ )
سعيد عبد الرازق: تقرير غربي يكشف دور «سادات» التركية في حرب ليبيا.(https://aawsat.com/home/article/2360001/%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D9%8A-%D9%8A%D9%83%D8%B4%D9%81-%D8%AF%D9%88%D8%B1-%C2%AB%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA%C2%BB-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%84%D9%8A%D8%A8%D9%8A%D8%A7
سادت للاستشارات الدفاعیة و الانشاءات و الصناعة و التجارە (https://www.sadat.com.tr/ar/component/tags/tag/%D8%B9%D8%AF%D9%86%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%A7%D9%86%D8%B1%D9%8A%D9%81%D8%B1%D8%AF%D9%8A.html)
Tomás Fonseca: SADAT Defense Inc.: Turkey’s PMC (https://greydynamics.com/sadat-defense-inc-turkeys-pmc/
شركة سادات التركية.. بين فكَّي الاتهامات وحلم الكونفدرالية الإسلامية(https://www.noonpost.com/46312/)
سادات التركية شركة دفاعية تدعم أردوغان وتقلق إسرائيل وتحبط الانقلابات (https://www.alestiklal.net/ar/article/shrkhsadataltwkyhqwhhaelhfyydardwghan)
محمد نور الدين: بلاك ووتر التركية: لإردوغان أيضاً... جيش سرّي https://al-akhbar.com/World/337715
خسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9)
هل يُمكن لشركة “سادات” الأمنيّة أن تُعيد سيناريو “تمرّد فاغنر” الروسي في تركيا؟ (https://www.raialyoum.com/%D9%87%D9%84-%D9%8A%D9%8F%D9%85%D9%83%D9%86-%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D9%86%D9%8A%D9%91%D8%A9-%D8%A3%D9%86-%D8%AA%D9%8F%D8%B9%D9%8A/)
حسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9
محمد نورالدین: بلاك ووتر التركية: لإردوغان أيضاً... جيش سرّي (https://al-akhbar.com/World/337715)
حسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9
شركة سادات الأمنية تكشف عن عدد الدول الأجنبية التي تعاملت معها (https://www.zamanarabic.com/2022/05/18/%d8%b4%d8%b1%d9%83%d8%a9-%d8%b3%d8%a7%d8%af%d8%a7%d8%aa-%d8%a7%d9%84%d8%a3%d9%85%d9%86%d9%8a%d8%a9-%d8%aa%d9%83%d8%b4%d9%81-%d8%b9%d9%86-%d8%b9%d8%af%d8%af-%d8%a7%d9%84%d8%af%d9%88%d9%84-%d8%a7/)
شركة السادات الدولية للاستشارات الدفاعية (https://www.mena-researchcenter.org/ar/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%81/)
جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟؟؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/)
علاء حلبي: صناعة المرتزقة لا تتعطّل: تركيا تصدّر سوريّين إلى النيجر(https://al-akhbar.com/Syria/382096).
علاء حلبي: صناعة المرتزقة لا تتعطّل: تركيا تصدّر سوريّين إلى النيجر(https://al-akhbar.com/Syria/382096).
[1] Matt Powers: Making Sense of SADAT, Turkey’s Private Military (https://warontherocks.com/making-sense-of-sadat-turkeys-private-military-company/)
Matt Powers: Making Sense of SADAT, Turkey’s Private Military (https://warontherocks.com/making-sense-of-sadat-turkeys-private-military-company/)
تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/)
تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/)
تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/)
جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟؟؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/)
جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟؟؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/)
سارة عبدالعزيز: جيش الظلّ: ماذا تفعل شركة “سادات” التركية في الصراعات؟ (https://arabwall.com/%D8%A3%D8%A8%D8%B9%D8%A7%D8%AF-%D8%AF%D9%88%D8%B1-%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%B7%D9%82/).
أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/
تركيا تنشر مئات المرتزقة في النيجر لحماية مصالحها الاستراتيجية (https://www.agenzianova.com/ar/news/niger-la-turchia-schiera-centinaia-di-mercenari-per-tutelare-gli-interessi-strategici/)
تركيا تنشر مئات المرتزقة في النيجر لحماية مصالحها الاستراتيجية (https://www.agenzianova.com/ar/news/niger-la-turchia-schiera-centinaia-di-mercenari-per-tutelare-gli-interessi-strategici/)
تقرير: شركة سادات تشرف على تدريب قوات كولان وبيشمركة روج (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
تقرير: شركة سادات تشرف على تدريب قوات كولان وبيشمركة روج (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
تقرير: شركة سادات تشرف على تدريب قوات كولان وبيشمركة روج (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
من هي شركة "سادات" التركية المساعد الرسمي لتدخلّ أردوغان في ليبيا ؟ (https://www.mc-doualiya.com/articles/20200203-%D9%85%D9%86-%D9%87%D9%8A-%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%B3%D9%85%D9%8A-%D9%84%D8%AA%D8%AF%D8%AE%D9%84%D9%91-%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D9%84%D9%8A%D8%A8%D9%8A%D8%A7).
"سادات" العسكرية.. أدوار مشبوهة وذراع تركية في 20 دولة (https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2020/02/04/%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%88%D8%A7%D8%B1-%D9%85%D8%B4%D8%A8%D9%88%D9%87%D8%A9-%D9%88%D8%B0%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-20-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-).
"سادات" العسكرية.. أدوار مشبوهة وذراع تركية في 20 دولة (https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2020/02/04/%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%88%D8%A7%D8%B1-%D9%85%D8%B4%D8%A8%D9%88%D9%87%D8%A9-%D9%88%D8%B0%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-20-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-).
تجنيد شركة “سادات” التركية للسوريين جريمة يحاسب عليها القانون الدولي .. الصمت تواطؤ (https://www.syriahr.com/%D8%AA%D8%AC%D9%86%D9%8A%D8%AF-%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%B3%D9%88%D8%B1%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%AC%D9%80/717679/)
Aparna Rawal: Meet Erdogan’s Private Army – SADAT – That Looks To Rival Russia’s Wagner & Wage Proxy War In Kashmir(https://www.eurasiantimes.com/meet-erdogans-private-army-sadat-that-looks-to-rival-russias/)
