شارپرێس:
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لەگۆڤاری Biomolecules بڵاوکراوەتەوە، سودەکانی ڕاهێنانی ڕامان "میدیتەیشنی زاڵانە"ی تێپەڕاندنی دەرونی ئاشکراکردوە، گرنگترینیان کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێو خاوکردنەوەی نیشانەکانی پیربونە.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆکانی "ماهاریشی نێودەوڵەتیی"، "سیگن"ی ئەڵمانییو زانکۆی "خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان" لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە.
بەشداربوان لەدوو گروپی تەمەنی (20-30و 55-72 ساڵ) بون، ئەنجامەکان دەریخستوە کە چالاکی جینەکانی پەیوەندیدار بەهەوکردنو پیربون لای ڕاهێنەران کەمتر بوە، بەشێوەیەک بەشداربوە بەتەمەنەکان توانای بیرکردنەوەی بەرزترو خێرایی لەچارەسەرکردنی زانیارییەکان پیشانداوە، هاوشێوەی گەنجەکان.
هەروەک ئاستی کۆرتیزۆل (هۆرمۆنی دڵەڕاوکێ) لەقژی ڕاهێنەران کەمتر بوە کە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ کەمبونەوەی فشاری دەرونیی درێژخایەن.
توێژینەوەکە دەریخستوە کە ئەم ڕاهێنانە کاریگەریی ئەرێنیی هەیە لەسەر باشترکردنی پێوەری تەواوکاریی مێشک.
پسپۆڕ "بایۆهاکینگ" دەیڤ ئاسپری ڕامانی بە"هەڵگرتنی قورسایی بۆ مێشک" وەسفکردوە، کە یارمەتیی دەدات لەبەهێزکردنی چالاکیی کارەبایی مێشکو خۆپاراستن لەنەخۆشییەکانی وەک خەرەفی.
ئاسپری ڕێنمایی دەدات بەدانیشتنێکی هەناسەدانی قوڵ دەستپێبکەیت، پاشان جەخت بکەیتەسەر بەشەکانی لەش، بەڵام پێویستە ڕاوێژ بەپزیشک بکەیت پێش وەستاندنی هەر دەرمانێک.
و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
