لێکۆڵینەوەیەک نهێنیی سەرنجراکێش لەبارەی خەونبینینەوە ئاشکرا دەکات

تەندروستی

02/05/2025‌ 1356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  
لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەی کۆمپانیای سیمبای بەریتانی دەریخستووە کە خەونەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ڕوونادەن، بەڵکو پەیامی کۆدکراوەی نەستەکانمانن (هۆشی نائاگا) و دەربڕی ئەوەن کە هەستەکانمان (هۆشی ئاگا) ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات و بیڵێت.

توێژینەوەکەی کۆمپانیا بەریتاناییەکە کە تایبەتە  بە تەکنیکەکانی خەوتن،  لە ماوەی هەفتەیەکدا خەونی دوو هەزار کەسی شیکردۆتەوە و ئاشکرایکردووە، بەشێکی زۆریان لەکاتی خەونەکانیان بەدەست ململانێیەکی ناوخۆییەوە ناڵاندوویانە لەنێوان دڵەڕاوکێ و ئارەزووی دەربازبوون لە کاتی خەوتندا. 

چارەکێکی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە خەونەکانیان پڕ بووە لە بەدواداچوون و لەدەستدان، لەکاتێکدا 23%یان خەونی ڕۆمانسی و سەرگەرمی خەیاڵیی بوون، باوترین خەونەکان سەبارەت بە بەریەککەوتن لەگەڵ کەسانی ڕابردوو یان پەیوەندیی سۆزداری بوون. 

هەروەک توێژینەوەکە جیاوازیی ڕەگەزی نیشانداوە، ژنان زیاتر خەونی دڵەراوکێ دەبینن، لەکاتێکدا پیاوان زیاتر خەونی سوریالیی دەبینن.

نیوەی خەونەکان لە شوێنە ناسراوەکانی وەک ماڵ و قوتابخانەکان ڕوویانداوە و بەرزترین ڕێژەی وەبیرهێنانەوەی خەونەکان شەوی شەممە تۆمارکراوە. 

شارەزایان پێیان وایە خەونەکان ڕێگایەکە بۆ نەهێشتنی فشار و پرۆسێسکردنی هەستەکان، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و باشترکردنی کوالیتی خەو، هەروەک ئاوێنەیەکن بۆ ناخی مرۆڤ نەک تەنها کات بەسەربردنێکی شەوانە.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە