شارپرێس:
سەرچاوەیەکی حکومیی ڕایگهیاند، بەغدا کۆمەڵێک گەرەنتیی ئەمنیی بۆ دەستەبەرکردنی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا بۆ لوتکەی عەرەبی دابینکردوە، دهشڵێت:"بەڵام دیمەشق گەرەنتییەکانی بەناتەواو زانیوە، بەهۆی نەبونی متمانەی بەبەڵێنەکانی حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی".
ئەو سەرچاوە حكومییه ڕونیشیکردوهتەوە، شەرع داوای گەرەنتیی ئەمریکی کردبوو، وەک سپاردنی پاراستنی ناوبراو بەکۆمپانیایەکی ئەمنیی ئەمریکی، ئەمەش بەهۆی ترسی سوریا لەئەگەری هەوڵی بەئامانجگرتنی لەناوخۆی عێراقدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، قەتەر کە پێشتر ناوبژیوانی کۆبونەوەی نێوان شەرعو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردوە، پاڵپشتی لەسەردانەکە دەکات، بەڵام قەتەر خاوەنی کۆمپانیایەکی ئەمنی نییە کە لەناوخۆی عێراقدا کاربکات.
ئەوەش ڕونكراوهتهوه، بێدەنگیی ئێران سەبارەت بەسەردانەکەی داهاتوی شەرع نیگەرانییەکانی سوریای زیادکردوە.
بهوتهى سهرچاوهكه، بەشداریی شەرع لەلوتکەكهدا، پەیوەستە بەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی لەداهاتودا دەگیرێتەبەر.
عێراق بانگهێشتی فەرمیی بۆ شەرع ناردوه تاوهكو بەشداربێت لەلوتکەی عەرەبی کە لەداهاتودا لەبەغدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش مشتومڕێکی سیاسی بەرفراوانی لەناوخۆی وڵاتدا لێکەوتوهتەوە، بەوپێیەی لایەنە سوننیو کوردییەکان پشتیوانیی بەشداریکردنی دەکەن، بەپێچەوانەوە ناڕەزایەتیی هێزە شیعییەکانی لایەنگری ئێرانی لێکەوتوهتەوە.
