به‌ریتانیا قاچاخچیه‌كى كورد ده‌ستگیرده‌كات‌و ڕاده‌ستى به‌لژیكاى ده‌كاته‌وه‌

کوردستان

10/05/2025‌ 3729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای دەستگیركردنی قاچاخچییەكی كورد، دەزگای تاوانی نیشتمانی بەریتانیا ئه‌وكه‌سه‌ ڕادەستی پۆلیسی بەلژیکا دەكاتەوە بەمەبەستی دادگاییكردنی لەسەر كەیسی بەقاچاخبردنی كۆچبه‌ران بۆ بەریتانیا.


حكومەتی بەریتانیا بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ بەئامانجگرتن‌و لەناوبردنی تۆڕەكانی بەقاچاخبردنی كۆچبه‌ران، بۆ ئەم مەبەستەش ئۆپەراسیۆنەكانی ئەوروپای دەزگای تاوانی نیشتمانی بەریتانیا دەستیكردوە بەكۆكردنەوەی زانیاریی‌و دەستگیركردنی سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی كە لەقاچاخچیەتی‌و بازرگانیكردن بەمرۆڤ، تێوەگلاون.

توانا عومەر چالاكوانی مافی پەنابەران لەبەریتانیا ئاشكرایكردوه‌، ئەو تۆمەتبارە هاوڵاتیی هەرێمی كوردستانەو تەمەنی 25 ساڵەو دانیشتوی شاری پیتەربۆرۆی بەریتانیایە، گوماندەكرێت ئەندامی گروپێكی تاوانكاریی بەقاچاخبردنی پەنابەران بێت بۆ بەریتانیا.

ئه‌وكه‌سه‌ لەساڵی ڕابردوەوە لەلایەن دادگای بەلژیکاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوەو دەزگای تاوانی نیشتمانی بەریتانیاش لەسەر فەرمانی حكومەتی ئەو وڵاتە، دەستگیریكردوە.

دەزگای تاوانی نیشتمانیی بەریتانیا ئاماژە بەوەدەكات، لەڕێگەی سۆشیال میدیا‌و داتای هێڵەكانی تەلەفۆنەوە، تواندراوە ناسنامەی تۆمەتبارەكە بناسنەوە كە ناوى قادرەو لەمانگی ئایاری ساڵی 2023، بەبەلەمی بچوك، ئاوەكانی كەناڵی ئینگلیزی بەزاندوەو خۆی گەیاندوەتە بەریتانیا.

بەپەلە