شارپرێس:
116 ئەکادیمی‌و سیاسەتوان‌و چالاکوان‌و کەسایەتی دیاری کۆمەڵگەی کوردستانی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن:"وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق غه‌درێكى گه‌وره‌ى له‌جوتیارێكى كورد كردوه".
له‌و نامه‌یه‌دا كه واژۆى 116 كه‌سایه‌تى‌و سیاسه‌تمه‌دارو چالاكوانى له‌سه‌ره‌و ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مان‌و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كراوه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، "کاتێک دادپەروەریی لەژێر پەردەی ڕێکارە یاساییەکان لەماناکەی بەتاڵدەکرێتەوە".
نوسیویانه، "ئێمەی ئەکادیمی‌و ڕۆشنبیران‌و ڕۆشنبیرە ئازادەکان، ئاگاداری بڕیارێک بوین کە بڵاوبوه‌وه لەلایەن ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئه‌ویش ئه‌وه‌یه فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ئاڕاستە دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی جوتیار محەمەد ئەمین".
له‌نامه‌كه‌دا نوسراوه، "ئه‌و بڕیاره‌ش دژى جوتیاره كورده‌كه دواى ئه‌وه‌هاتوه كه به‌شداربوه لەناڕەزایەتییەکی ئاشتیانەدا لەگوندی شه‌ناغە لە17ى شوباتى ئه‌مساڵ تایبه‌ت به‌وەرگرتنەوەی ئەو زەویانەی کە لەسەردەمی بەعسدا دەستیان بەسەرداگیرابون".
نامه‌كه تێیدا هاتوه، "بڕیاری دادگایی‌کردنی هاوڵاتییەک بەهۆی داوای جێبەجێکردنی یاسایەک کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچوەو بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەی، لەڕێگەی ڕێگەی مەدەنی‌و یاساییەوە، میراتێکی دورو درێژی نادادپەروەریه له‌عێراقدا، تەنها دەتوانین وەک بڕیارێکی سیاسی كه به‌رگى یاسایی به‌به‌ردا كراوه لێى تێبگەین، نەک وەک جێبەجێکردنی دادپەروەرانەو بنەمای دادپەروەری".
جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه، "ئەوەی لەم ڕوداوەدا دەیبینین، هەڵەیەکی ئیداریی دابڕاو نییە، بەڵکو درێژەدانه بەسیاسەتێکی سیستماتیکی دادپەروەری هەڵبژێردراو، ئیستغلالکردنی ئامرازەکانی دەوڵەتە بۆ سزادانی ئەوانەی داوای ماف دەکەن، نەک ئەوانەی پێشێلی دەکەن".
له‌باره‌ى جوتیاره‌كه‌وه ئه‌و 116 كه‌سایه‌تیه باسیان له‌وه‌كردوه، "محەمەد ئەمین نە هاندەرو نه هەڕەشەی لەهیچ كه‌سێك كردوه‌و نه ئاسایشی تێکداوه، بەڵکو مافی ڕەوای خۆی بەکارهێنا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەک بەئاشکرا داوای جێبەجێکردنی یاسایەکى كردوه، گۆڕینی ئەم داواکارییە بۆ تۆمەتبارکردن، لادانێکی مەترسیدارە لەلۆژیکی دەوڵەت، گۆڕینی قوربانی بۆ تۆمەتبارو پۆشینی ترساندنی سیاسی لەبەرگی یاسادا بۆ تەمومژاویکردنی ڕاستییەکان".
له‌به‌شێكى دیكه‌ى نامه‌كه‌دا بۆ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق ئه‌وه‌ش هاتوه، "ئێمە ئەم ڕێوشوێنە بەهەوڵێکی ڕون دەزانین بۆ تاوانبارکردنی دەنگی کورد کاتێک لەپێگەی بەرگرییەوە دەچێتە پێگەی داواکاریی، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دژ به‌محه‌مه‌د ئه‌مین پراكتیزه ده‌كرێت، هیچى تر نییه جگه له‌درێژه‌پێدانى عه‌قڵیه‌تێكى كۆن كه هه‌موو داواكاریه‌كانى كورد وه‌ك هه‌ڕه‌شه ده‌بینێت".
مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ش ئاشكراكراوه له‌وه‌ى، "ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر ئه‌و جوتیاره كورده‌دا هات، ده‌توانێت سبه‌ینێ ببێته مۆدێلێک بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش، هەربۆیە ئێمە ئەم دەنگە بەرز دەکەینەوە، نەک تەنها بۆ بەرگریکردن لەتاکێک، بەڵکو لەڕەتکردنەوەی بەردەوامی دەوڵەتێک کە یاسا وەک ئامرازێکی ژێردەستەکردن بەکاردەهێنێت".
