لە سنەوە بۆ بەیروت؛ چیرۆکی سەرکەوتنی خانمە ڕاهێنەرێکی کورد

هەمەڕەنگ

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سروە زەرغامیان، لە دایکبووی 10ی ڕەزبەری ساڵی 1979 لە شاری سنە، یەکێک لە ڕاهێنەرە پێشەنگەکانی تۆپی باسکەی ئافرەتانی ئێرانە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر لە بەشی  بەڕێوەبردنی وەرزشی بە گرنگیدان بە بازاڕکردنی وەرزشی و لە ئێستادا خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی بەڕێوەبردن.

زەرغامیان کە خاوەنی بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی و ناوبژیوانی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە، لەوانە ڕاهێنەرایەتی ئاستی یەکەم و وانەبێژی ڕاهێنەری باسکە، ڕاهێنەرایەتی فیبا، ناوبژیوانی ئاستی دوو، زیاتر لە دوو دەیە لە بواری ڕاهێنەرایەتیدا چالاکە. ناوبراو تا ئێستا ڕاهێنەری تیپە دیارەکانی وەک شارەوانی سنە، خانەی ئافتاب، ماڵی باسکەی کوردستان، شەیدای کوردستان، تیرۆژ حەیات، ژنانی گۆرگان، و تیپی نەتەوەیی کچانی خوار ١٦ ساڵانی ئێران بووە، هەروەها مامۆستای فێرکاری وانەی تۆپی باسکە لە زانکۆکانی کوردستان و پەیام نورە. هەروەها ڕاهێنەرایەتی تیپی ئافرەتانی پاڵاوگەی نەوتی ئابادانی بۆ وەرزی داهاتوو وەرگرتووە.

ژیانی وەرزشی سروە پڕە لە قارەمانی و سەرکەوتن لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی؛ وەکوو:

پاڵەوانێتی نیشتمانی سوپەرلیگ لەگەڵ یانەی تیرۆژ حەیاتی کوردستان (۲۰۲۲)
پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا و پلەی دووەمی ئاسیا لە ئاستی B لەگەڵ هەڵبژاردەی نەتەوەیی کچانی خوار ١٦ ساڵانی ئێران (۲۰۲۵ و ۲۰۲۲)
پاڵەوانێتی نیشتمانی سوپەرلیگ B لەگەڵ ماڵی باسکەی کوردستان (۲۰۱۶)
پاڵەوانێتی خولی پلە یەکی نیشتمانی لەگەڵ یانەی تیرۆژی کوردستان (۲۰۱۷) و ماڵی باسکەی کوردستان (۲۰۱۸)
پلەی دووەمی خولی پلە یەک لەگەڵ یانەی شەیدای کوردستان  (۲۰۲۱)
پاڵەوانێتی خولی پلە یەکی نیشتیمانی لەگەڵ شارەوانی سنە (۲۰۱۳) و پلەی دووەمی سوپەرلیگ B لەگەڵ هەمان تیپ (۲۰۱۴)
چەندین نازناو لە بەشی تازەلاوان و لاوان، وەکوو پاڵەوانێتی نیشتمانی لە بەشی لاوان (۲۰۱۵)، پلەی دووەمی نیشتمانی لاوان (۲۰۱۵).
دەستکەوتی زانکۆیی، وەکوو پاڵەوان و پلەی سێیەم لە پاڵەوانێتی زانکۆی فەنی حێرفەیی و پلەی دووەم لە پاڵەوانێتی زانکۆکانی سەما.
زەرغامیان بە کۆڵنەدان و زانستی تەکنیکی و ئەزمونی بەنرخ بەشدارییەکی بەرچاوی لە پەرەپێدان و پێشخستنی تۆپی باسکەی ژنانی ئێراندا کردووە. هەروەها توانی له مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەی نیشتمانی کچانی خوار 1١61 ساڵانی ئێران بکاته پاڵەوانی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەروەها مۆڵەتی بەشداریکردن له کاپی ئاسیای خوار ١16 ساڵانی بەدەستهێنا.


هەستت چۆنە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی کچانی ڕۆژئاوای ئاسیای خوار ١٦ ساڵی ئێران؟

هەندێک جار مرۆڤ خەونهایەکی هەیە کە کاتێک دێنە دی، هەستێکی وەسفنەکراوی پێدەبەخشێت. کاتێک بیر لە بردنەوەی پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا و بردنەوەی یاری کۆتایی بەرامبەر لوبنان دەکەمەوە، دەبینم لە پشت ئەم پاڵەوانێتییەوە ساڵانێک ماندووبوون و هەوڵدان هەیە. دوای ئەوەی لە یاری کۆتاییدا فیکەی کۆتایی لێدرا و خۆشی و هەرای یاریزانان دەستیپێکرد، هەوڵی بەردەوامی دە بۆ بیست ساڵم بە خەیاڵدا هێنا کە لەو ساتەدا بەدی هاتبوو. ئەو باوەڕ و متمانەی کە بە کار و چالاکییەکانت هەتە، لەو ساتەدا بۆت دەسەلمێنرێت و دەتوانیت بڵێیت ئێستا هەوڵەکانم گەیشتوونەتە سەمەر.

تۆزێک باسی ئەو پاڵەوانێتییە بکەرەوە کە بۆ تیپی نیشتمانی باسکە بۆ کچانی خوار ١٦ ساڵ بەدەست هێنرا.
ئەوە یەکەمجار بوو کە توانیمان تیپی نیشتمانی باسکەی کچانی خوار ١٦ ساڵ بکەینە پاڵەوانی ڕۆژئاوای ئاسیا. لوبنان ناوەندی سەرەکی ڕۆژئاوای ئاسیایە لە باسکەدا، تۆپی باسکەش وەرزشی ژمارە یەکە لەو وڵاتەدا، چ بۆ پیاوان و چ بۆ ئافرەتان. هەروەها وەبەرهێنانێکی گەورەی لە هەردوو تیپی بنەڕەتی و تیپی یانەکاندا کردووە. هەروەها یانەکانی لوبنانی ساڵانە پلەی یەکەم یان دووەم لە خولی یانە ئاسیاییەکان بەدەست دەهێنن. ڕووداوێکی گەورە بوو کە تیپی نیشتمانی باسکەی کچانی ژێر ١٦ ساڵانی ئێران توانی لە یاری کۆتایی ڕۆژئاوای ئاسیا لە لوبنان ئەم تیپە بباتەوە و ببێتە پاڵەوان، چونکە کەشوهەوای هۆڵەکە لە بەرژەوەندی ئەوان بوو، بنکەی فیبای ئاسیا لە بەیروتە، هەموو ناوبژیوانەکانیش لە ژێر چاودێری ئەواندابوون. سەرکەوتنی ئەم تیپە جێگای سەرنج بوو چونکە هەموو تیپەکانی باسکە پێیان وایە زۆر ئەستەمە لە یاریگای خۆیدا تیپی لوبنانی ببەیتەوە.

چی بوو کە سەرەتا ڕۆیشتیتە نێو بواری ڕاهێنەرایەتی؟

لە ساڵی ٢٠٠٧ کە وەک یاریزانێک بانگهێشت کرام بۆ تیپی هەڵبژاردەی گەورەساڵانی ئێران؛ گەیشتمە ئەو ڕاستییەی کە ناتوانم ئەندامی هەڵبژاردەی گەورەساڵانی ئێران بم. لەو سەردەمەدا جەوی تیپی هەڵبژاردەی تۆپی باسکەی نەتەوەیی ئافرەتانی گەورەساڵی ئێران هێندە کراوە نەبوو، بەجۆرێک کە ئەم تیپە لە لایەن چەند پارێزگایەکەوە قۆرخ کرابوو. دوو لەسەر سێی تیمەکە خەڵکی پارێزگای تاران بوون و باقی تیمەکەش لە دوو پارێزگای ئیسفەهان و فارس پێکهاتبوون. بەهۆی ئەم قۆرخکاری و کراوە نەبوونی جەوی تیپەکە بڕیارمدا ماڵئاوایی لە یارییە نیشتمانییەکان بکەم و هەموو هەوڵێکم لەسەر ڕاهێنەرایەتی چڕ بکەمەوە. ئامانجم ئەوە بوو کە وەک ڕاهێنەرێک بگەڕێمەوە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی و هەمان تێڕوانینم هەبێت بۆ هەموو پارێزگاکان و پێوەرم هەڵبژاردنی یاریزانەکان بە پشت بەستن بە توانای کەسی خۆیان بێت.

ئایا هەبوونی خوێندنی ئەکادیمی یارمەتیدەری تۆ بووە لە سەرکەوتنەکانت و تا چەند پێویستە ڕاهێنەرانی وەرزشی لە بوارەکەی خۆیاندا خوێندنی ئەکادیمی بەدەست بهێنن؟

بەڕای من لە بواری بەڕێوەبردنی تیمدا، پایەی یەکەم ئەوەیە کە بەڕێوەبەرێکی باش بیت و خاوەنی بیرکردنەوەی دروست بیت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک مرۆڤدا. خۆشبەختانە پەروەردەی ئەکادیمی پەیوەست بە وەرزش و بەڕێوەبردنی وەرزش زۆر یارمەتیدەرم بووە و تا ئێستا ڕاهێنەری تیمهایەک بووم کە کەمترین کێشە و قسە و دەنگۆیان لەسەر  بووە. هۆکاری ئەوەی خوێندنەکەم بەرەو مارکێتینگی جیهانی ڕۆیشت، ئەوە بوو کە لە پارێزگایەکی کەمدەست لەدایک بووم. لەم جۆرە پارێزگایانەدا بەڕێوەبەرانێک کە لە سەرەوە وەستاون، زۆر داهێنەر نین و ناتوانن سەرمایە ڕابکێشن و وەرزش بە ئاراستەیەکدا پاڵ بنێن کە قازانجی هەبێت.

بەڕای ئێوە چ پشتگیرییەک پێویستە بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو ئاستە بەرزەکانی وەرزشەوە؟

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتی ئێراندا ڕوویانداوە، پشتیوانی بۆ ژنان لە بواری وەرزشدا ڕوو لە زیادبوون دەکات. ئێستا دەبینین مەیلی تیپە گەورەکان بۆ ئەوەی تیمی ئافرەتانیان هەبێت زیادی کردووە. بۆ نموونە هاتنە ناوەوەی یانەیەکی وەک ئیستقلالی تاران لە خولی تۆپی باسکە بۆ ئافرەتانی ئەمساڵ پێشهاتێکی پێشوازی لێکراو و پیرۆزە. هەروەها هاتنە ناوەوەی هەندێک براند بۆ ناو تۆپی باسکە، وەک «مهگل کرج»، پێشکەوتنێکی باشە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەم ڕەوتە گەشەی سەندووە. هەروەها تێڕوانینی جیهانیش ئەوەیە کە پێویستە هاوسەنگی لە وەرزشدا هەبێت و نابێت جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا هەبێت. هەروەها لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەبینین کە ژنان زیاتر داواکار بوون و داوای مافی خۆیان دەکەن. هەموو ئەمانە ڕۆڵیان لەم ڕەوتە گەشەسەندووەدا هەبووە، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئەو تێڕوانینە کۆن و پیاوسالارییە هێشتا بوونی هەیە. کاتێک تیپێکی باسکەى ئافرەتان لە شاری سنە کە لە سەدا ٨٠ى لە یاریزانانی ناوخۆیی پێکهاتووە، بۆ یەکەمجار لە ساڵى ۲۰۱۲دا بتوانێت پاڵەوانێتیەک لە وەرزشێکی تۆپیدا بەدەستبهێنێت، ئەمە سەرکەوتنێکی بچووک نییە. بەڵام بەداخەوە پاڵپشتی لەم جۆرە تیپانە بەردەوام نییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەڕێوەبەرانی وەرزشی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان هێشتا دیدێکی پیاوسالاریان هەیە و ئەم تێڕوانینەی بەڕێوەبەران گەورەترین بەربەستە لە بواری وەرزشی ئافرەتانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ئەگەر تەماشای ئەو تەجهیزاتانە بکەین کە لەبەردەستی ئافرەتان و پیاواندایە، دەبینین ڕێژەکەی یەک بە دەیە و لە بواری سپۆنسەریشدا ڕەنگە لە هەر پێنج سپۆنسەر یەکێکیان ئامادەبێت سپۆنسەری تیپێکی وەرزشی ئافرەتان بکات، بەڵام ئەگەر سەیری نازناو و سەرکەوتنەکان بکەین، ئەو ژنانەی کەمترین پێداویستییان هەیە، دوو ئەوەندەی پیاوان سەرکەوتن و نازناو بەدەست دەهێنن.

لە چاوپێکەوتنەکانتدا هەمیشە باسی نەبوونی سپۆنسەر بۆ تیپە وەرزشییەکانی شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکەیت. ئەم پرسە تا چەند کاریگەری لەسەر نەبوونی گەشەسەندنی وەرزش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا هەبووە؟

پارێزگای کوردستان لە ئێران پارێزگایەکی هەژارە و هیچ کۆمپانیا و پیشەسازییەکی گەورەی تێدا نییە کە بیەوێت سپۆنسەری تیپێک بکات لە بواری وەرزشدا. کاتێک پلانی درێژخایەن و دەستەی بەڕێوەبەری بەهێز لە پشت تیپێکی وەرزشیەوە نەبێت، ئەم تیپە دەسپێردرێت بە لێژنە وەرزشییەکان، کە بەداخەوە ئەوانیش بە شێوەیەکی زۆر هەڵبژێردراو بەڕێوەدەبرێن. بۆ نموونە لە ماوەی چوار ساڵی بەڕێوەبردنی کەسێکدا کە لە سەرۆکایەتی ئەو لێژنەیەدایە، تێڕوانین و عەقڵیەتی ئەو کەسە پلانی چوار ساڵە بۆ ئەو وەرزشە دیاری دەکات. ئێستا ئەگەر ئەم کەسە بیرمەند و داهێنەر و وەرزشی بێت، دەتوانێت ئەو وەرزشە بەرەو پێشەوە ببات. بەڵام ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەو وەرزشە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا دەکەوێت و ناڕواتە پێشەوە. ئێستا ئەگەر یانەیەکی وەرزشی هەبێت کە بەردەوام تیپێک بەڕێوەببات و نزیکەی پێنج بۆ دە ساڵ خاوەندارێتی لە وەرزشێکدا کردبێت، ئەوا دەکرێت پێشهاتی باش ڕووبدات کە ژیان و تەمەنی وەرزشێک دیاری بکات. بۆ نموونە یانەهایەک وەکوو «کاله آمل» ، «مهگل کرج»، «ذوب‌آهن اصفهان» و «پالایش نفت آبادان»، یانەهایەکی گەورەن کە تێکڕای تەمەنی تیپەکەیان دەگاتە زیاتر لە ١٠ ساڵ. بەشێک لەو یانانە تەمەنی یانەکانیان لە ٤٠ ساڵ زیاترە. لەم جۆرە یانانەدا ئەگەر ئیدارەیش بگۆڕێت، هەمیشە پلانی بەڕێوەبردنیان لە شوێنی خۆیدایە و ئامانجە درێژخایەنەکانیان بەرەوپێش دەبەن. بۆ نموونە ئەم ئامانجانە دەتوانێت وەبەرهێنان بێت لەسەر تیمە بنەڕەتییەکان. لە دۆخێکی وەهادا مەیلی نەوەی گەنج بەرەو ئەم وەرزشە زیاد دەکات و لە ئەنجامدا سەرەڕای وەبەرهێنانی بەردەوامی تیپێکی لەو جۆرە، دەتوانرێت بازاڕی داهاتی ئەو یانەیە فراوانتر بکرێت. داهات دەتوانرێت لە ڕێگاکانی وەک پەخشی تەلەفزیۆنی و بەکارهێنانی مارکەی یانەکە و فرۆشتنی درێس و ڕێگەهایەکی ترەوە بەدەستبهێنرێت. لە دۆخێکی وادا کاتێک پلاندانان بۆ یانەیەک کاتی نەبێت بەڵکو درێژخایەن بێت، یاریزانانی تیپەکە دەمێننەوە و پشتگیری بۆ یاریزانەکان زیاد دەکات، چونکە یاریزانەکان دەزانن ساڵی داهاتوو یانەکە بوونی هەیە. یەکێک لە پرس و کێشەکانی وەرزشی ئەمڕۆی رۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی ڕاهێنەر و ناوبژیوانەکانە. لە ڕابردوودا تەنها کۆچی یاریزانان ڕوویدەدا، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆچی ڕاهێنەر و ناوبژیوانانیش زیادی کردووە. ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین لە پارێزگای کوردستان شتێک بە ناوی وەرزشی پاڵەوانێتی نامێنێت. ئێستا هیچ تیپێکی وەرزشی نییە کە لەسەر ئاستی پیشەگەرانە ئامادە بێت و هێما و براندی کوردستان بێت. باسکە لە ڕابردوودا لە پارێزگای کوردستان و شاری سنە ئەم ڕۆڵەی بینی، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی داراییەوە نەیتوانی ئامادەیی بەردەوامی هەبێت.

لەم دواییانەدا چەندین کەسایەتی دیاری کوردمان بینیوە لە وەرزشی باسکە کە لەسەر ئاستی نیشتمانی درەوشاونەتەوە. کەسانی وەک: مەسعوود مەردوخی، بەختیار بابان، سامان وەیسی و حامد سۆهرابنەژاد، یان لەسەر ئاستی ڕاهێنەرایەتی، مێهران شاهین‌تەبع. ئایا بوونی ئەو کەسانە دەتوانێت سوودی بۆ گەشەی تۆپی باسکە لە کوردستاندا هەبێت؟

سەرەتا باسکەى پارێزگای کوردستان بنەماڵەیی بوو. بنەماڵەکانی وەک مەردوخی، وەیسی، وەلیدی‌پاک و بنەماڵەکانی دیکە یارمەتیدەر بوون لە گەشە و بڵاوکردنەوەی ئەم وەرزشە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگاکان فراوان بوون، بینیمان چینە جیاوازەکانیش لە کوردستان ڕوویان لە تۆپی باسکە کرد و ئەم وەرزشە لە دەستی ئەو چەند بنەماڵە هاتە دەرێ، ئەمەش شتێکی باشە. گەورەکانی تۆپی باسکەمان لە ماوەی ڕابردوودا کاری گەورەیان کردووە و توانیان وەرزشی باسکە لە پارێزگای کوردستان دەستپێبکەن، بەڵام بەداخەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر گەورەکانمان کە لە ئێستادا براند و هێمان لە تۆپی باسکەدا، پاڵپشتی وەرزشی باسکە لە پارێزگاکەدا ناکەن. بێگومان لەوانەیە بەهۆی هەندێک ناڕەزایی و گرنگینەدان بە ئەوان بێت کە بێهیوا بوون، تا جارێکی تر سوود لە پشتیوانی ئەو کەسانە وەرنەگرین، بۆ ئێمە ئەستەمە جارێکی تر ببینەوە بە یەکێک لە پێنج جەمسەرە سەرەکییەکانی باسکە لە ئێراندا. لە پرسیارەکەتدا باسی مێهران شاهین‌تەبعت کرد، ئەویش وەک کورد زمانێک براندێکی زۆر گەورەیە. بەڵام تا چەند توانیومانە لە براندێکی لەو شێوەیە کەڵک وەرگرین بۆ ڕاکێشانی بینەران و ڕاکێشانی گەنجانی کوردستان بۆ تۆپی باسکە؟

چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ ئەو کچە گەنجانەی دەیانەوێت بچنە ناو جیهانی ڕاهێنەرایەتی وەرزشی؟

یەکەم شت کە کچەکانمان لەم ڕووەوە پێویستە هەیانبێت، بەدەستهێنانی زانستە. تا زانیاری لەسەر وەرزشێک بەدەست نەهێنن، ناتوانن ڕاهێنەرێکی باش بن. ئێستا ئەم زانیارییە پەیوەندی بە هەردوو پرسی تەکنیکی و بەڕێوەبەرایەتییەوە هەیە. بۆ کەسێک کە دەیەوێت ڕاهێنەرایەتی بکات، پێویست ناکات خۆی یاریزانێکی باش بێت. دەتوانێت یاریزانێکی مامناوەند بێت بەڵام زانیاریی لەسەر لێزانی و کارامەیی بەرز بێت. لێزانی یاریزانی پیشەگەر پەیوەستە بە هێزی جەستەیی و خێرایی و لەشجوانی و شتی تر، بەڵام ڕاهێنەر، لەوەش گرنگتر، دەبێت لێهاتوویی تەکنیکی پێویستی هەبێت، کە دەبێ بە ئامادەبوون لە وانەکان و سەیرکردنی ڤیدیۆی پەروەردەیی بەدەستی بهێنن. دەتوانن بچنە سەر ڕاهێنانی تیمەکان و چاودێری ڕاهێنانەکانیان بکەن. بەگشتی تا ئەوکاتەی زانستی وەرزشێک بەدەست نەهێنن، ڕاهێنەرایەتی بۆیان قورس دەبێت. ئەمە لە تۆپی باسکەدا گرنگترە چونکە تۆپی باسکە وەرزشێکی قورسە و پێویستی بە لێهاتوویی بەرز هەیە، هەروەها پێویستە ڕاهێنەرەکان زانیاری نوێیان هەبێت. بەگشتی ئەگەر ماندوونەناس و چالاک بن، ڕاهێنەرایەتی لە وەرزشدا بۆیان ئاسان دەبێت.

تاچەند پشتگیری خێزانی بۆ یاریزانێک لە بواری چالاکییە وەرزشییەکان گرنگە؟

بەڕای من یەکەم شت کە یاریزان پێویستی پێیەتی پاڵپشتی خێزانییە. چ پاڵپشتی دارایی و چ پاڵپشتی زەینی. چونکە پاڵپشتی خێزان زۆر کاریگەرە لە گەشەکردنی یاریزان، خێزان دەتوانێت یارمەتی یاریزانەکە بدات بۆ هەڵبژاردنی ڕێڕەوی وەرزشی دروست. بەبێ پشتیوانی خێزان، یاریزان لەڕووی ئارامی دەروونییەوە کێشەی هەیە و بە پشتیوانی خێزانیش دەتوانێت پلانێکی دروست دابنێت؛ بۆ ئەوەی هەم لە وەرزشدا سەرکەوتوو بێت و هەمیش هاوکات لەگەڵ وەرزش بەردەوام بێت لە خوێندنی ئەکادیمی. ئێستا دەبینین کە زۆرێک لە یاریزانە سەرکەوتووەکان بە تایبەت لە باسکەدا خوێندنی باڵایان بەدەستهێناوە. هەبوونی خوێندنی باڵا بۆ یاریزانێک ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی وەرزشیدا وەربگیرێت. لە ڕووی ئابورییەوە تا دۆخی دارایی خێزان لەبارتر بێت، زیاتر یارمەتی یاریزانەکە دەدات گەشە بکات، چونکە زۆربەی وەرزشەکان تێچووی زۆریان هەیە. یاریزانێک کە خێزانەکەی سەرچاوەی دارایی باشی نەبێت پێویستی بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرانی وەرزشی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسودەیی زیاترەوە بەشداری کەمپەکان بکات.

قسەیی کۆتایی ئێوە چیە؟

لە کۆتاییدا سوپاسی بنەماڵەکەم دەکەم کە هەمیشە پشوودرێژانە پشتیوانیان کردووم و گەورەترین پشتیوانم بوون. هەروەها سوپاسی خاتوو ژاڵە جەلویزانی دەکەم کە هەر لە منداڵییەوە وەک دایکێک پشتیوانى کردووم. هیوادارم بتوانم بەو سەرکەوتن و نازناوانەی بەدەستی دەهێنم قەرەبووی پشتگیری و هەوڵەکانیان بکەمەوە.

ئامادەکردنی چاوپێکەوتن: ئەحمەد عەبدولحەکیمی