شارپرێس:
کەناڵی 12 ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دانوستانەکان سبەینێ لەمیسر دەستپێدەکات، ویتکۆڤیش بەشداریی دەکات، هاوکات تیمەکانی دانوستانکار ڕێنمایی دراون کە خۆیان ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) وهفدێك بەڕێبکەون بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەکرێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی حەماسی وەرگرت بۆ پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان.
شەوی ڕابردوو، دوای ئەوەی حەماس ڕازیبونی بەبەشێک لەخاڵەکانی پلانەکە ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بەئیسرائیل کرد دەستبەجێ بۆردومانکردنی کەرتی غەززە ڕابگرێت، ئەمەش ڕێگەی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە خۆشکرد.
قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ چی لەخۆدەگرێت؟ پلانەکە بەچەند قۆناغێک جێبەجێدەکرێتو قۆناغی یەکەم ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
• دەستبەجێ ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
• ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندوو و مردوەکان لەماوەی 72 کاتژمێردا.
• ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
• کشانەوەی قۆناغ بەقۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل.
• ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە.
کەناڵی 12 لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ بەلێدوانەکانی ترەمپ سەری سوڕماوەو چاوەڕێی ئەوەنەدەکرد داوای ئاگربەست بکات.
ناتانیاهۆ لەڕاوێژ لەگەڵ ڕاوێژکارەکانیدا وەڵامی حەماسی بەنەرێنی زانیو داوای لێکردن هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن بکەن لەسەر وەڵامدانەوەکە، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەبوو، بەڵام کەناڵەکە بڵاویکردەوە کە ئاستی پیشەگەرانە وەڵامی حەماس وەک ڕێگایەک بۆ ڕێککەوتن سەیر دەکەن.
چاودێران پێیانوایه، ئەو جوڵەیە دەبێت بەخێرایی ئەنجامبدرێت بەهۆی بارودۆخی خراپى غەززە وا دیارە تەنها چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە، هەڵسەنگاندنەکەش ئەوەیە کە ئیسرائیل دەتوانێت بەردەوامبێت لەشەڕەکان ئەگەر ڕێککەوتنەکە شکستیهێنا.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل وتویهتى، "بەرەو هەفتەیەکی دراماتیک دەڕۆین".
بەرپرسانی ئەمنی لەئێستاوە دەستیانکردوە بەداڕشتنی لیستی ئەو زیندانیانەی کە بڕیارە ئازادبکرێن لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان، بۆ خێراکردنی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.
لەهەمانکاتدا تیمەکانی دانوستان خەریکی داڕشتنی نەخشەی کشانەوەن کە هێشتا ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا هەیە.
لەلایەکى دیکەوە، ئیسرائیل هۆشداریدەداتە دانیشتوانی شاری غەززە کە نەگەڕێنەوە، وتەبێژی سەربازی ئیسرائیلیش ئهمڕۆ شەممە هۆشداریدایە دانیشتوانی شاری غەززە لەگەڕانەوە بۆ شارەکەو ئاماژەی بەوەکرد، تائێستاش وەک ناوچەیەکی شەڕی "مەترسیدار" دەمێنێتەوە.
هەروەها لەپۆستێکدا لەتویتەر داوای لەدانیشتوانی ئەو وڵاتە کردوە کە نەگەڕێنەوە بۆ باکوری کەرتی غەززە یان هیچ کام لەو ناوچانەی دەوروبەری کە سوپا تێیدا چالاکی دەکات.
لەپۆستەکەیدا ڕایگەیاندوە کە "ناوچەی باکوری وادی غەززە هێشتا بەناوچەیەکی شەڕکەری مەترسیدار دادەنرێتو مانەوە لەم ناوچەیەدا هەڕەشەیەکی دیاریکراو پێکدەهێنێت".
ئیسرائیل بۆ قۆناغی یەکەم کۆدەبێتەوەو دەیەوێت گفتوگۆکە لەسەر پرسی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان چڕبکاتەوەو ناوی ئەو زیندانیانە کە ئازاد دەکرێنو هێڵەکانی کشانەوەی هێزەکانی IFو مانای ئاگربەستەکە دوابخات بۆ قۆناغی داهاتوو.
بهشێك لهچاودێرانیش دهڵێت، دەکرێت وا گریمانە بکرێت کە حەماس لای خۆیەوە دەیەوێت ئازادکردنی بارمتەکان بەپرسە گرنگترەکانی وەک داماڵینی چەکو چەکداماڵینو کۆنترۆڵکردنی غەززە "ڕۆژی دواتر" ببەستێتەوە.
لێرەدا تاقیکردنەوەکە دەبێت، ئایا ترهمپو نێوەندگیرەکان بەڕاستی لەتەنیشت ئیسرائیل دەوەستنو ڕێگە بەو گفتوگۆ سنوردارە دەدەن - ئازادکردنی بارمتەکان لەبەرامبەر کشانەوەی ڕێکەوتنی لەسەرکراوی IDFو کۆتاییهێنان بەشەڕەکە، پاشان لەپشت پلانی ترەمپەوە دەوەستن، کە مامەڵە لەگەڵ "ڕۆژی دوای" لەکەرتی غەززە دەکات.
