شارپرێس:
بۆ یەکەمجار لەماوەی شەش دەیەدا، گەلی سوریا مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لەئەنجومەنی گەل (پهرلهمان)دا دەبێت، بەڵام هەڵبژاردن لەو ناوچانە ناکرێت کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)و پارێزگای سوەیدای دروزهكانیش.
ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی سوریا دەستیانپێکردوە، ىڕیاروایه ئهمڕۆ 5ى 10ى 2025، یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لەسوریا بکرێت، ژمارەی کورسییەکانى ئهو ئهنجومهنه 210 کورسیه، بهڵام ئهوهى بوهته جێگهى باسى چاودێرانو میدیاكانو كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى، 70 ئهندامى پهرلهمان بهبێ چونه كێبڕكێوه، لەلایەن ئەحمەد شەرع سهرۆكى سوریاوه دیاریدەکرێن.
لهوبارهیهوه محەممەد وەلید ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی سوریا، بەكهناڵى جەزیرەی قەتەری وتوه، "لیژنە لاوەکییەکان کار لەسەر پێکهێنانی دەستەی دەنگدەران دەکەن کە گوزارشت لەهەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگهی سوریا بکات".
لیژنەی باڵای هەڵبژاردن دەرگای بەڕوی چاودێری نێودەوڵەتیو ڕێکخراوە ناوخۆییو نێودەوڵەتییەکاندا کردوەتەوە، ئەمەش بۆ "شەفافیەتو بێلایەنی زیاتر"و دڵنیاییدان لە"هەڵبژاردنێکی ئازادو بێلایەن".
فەرمانێكى سەرۆکایەتی سوریا ئاماژهى بهوهداوه، له 70%ی دەستەی دەنگدەران لەکەسانی پسپۆڕو 30%یش لەکەسایەتییە دیارەکان پێکدێن، لیژنەکە وردبینی لەلیستە سەرەتاییەکانی 50 بازنەی هەڵبژاردن لە11 پارێزگا دەکات.
ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا بەفەرمانی ژمارە 66ی ساڵی 2025 بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی"دا، بەپشتبەستن بەمادەی 24ی جاڕنامەی دەستوری، ماوەی ئەندامێتی ئەنجومەنەکەش 30 مانگ دەبێتو دەکرێت نوێبکرێتەوە.
ئەو ئەنجومەنە ئەرکەکانی وەک پێشنیازکردنو پەسەندکردنی یاساکان، هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکان، پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، پەسەندکردنی بودجەی گشتیو لێبوردنی گشتیی لەئەستۆ دەگرێت.
بەوتەی محەممەد وەلید، "سوریا لەقۆناغی گواستنەوەدایەو نەبونی دەسەڵاتی یاسادانان ڕێگربوە لەچاکسازیی یاسایی، ئەنجومەنی داهاتوش چاوەڕواندەکرێت شۆڕشێکی یاسادانان ئەنجامبدات بۆ چارەسەرکردنی یاساکانی سیستەمی پێشوو کە بۆ بەرژەوەندیی تەسک دانرابون، بۆ ئەمەش، 70%ی ئەندامان لەپسپۆڕان دەبن بۆ دڵنیابون لەکارایی یاسادانان".
سەرکردایەتی سوریا لەسەرەتای "ڕزگاریدا" پشتی بەناچاری واقیعیو شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەست، دوای کۆنفرانسی "ڕاگەیاندنی سەرکەوتن"و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو، کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی بوە هۆی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی جاڕنامەی دەستوری.
بەگوێرهى جاڕنامەکە، دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل لەڕێگەی دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەپێچەوانەی ڕابردوو کە سەرۆک کۆمار دایدەنان.
ئەنجومەنی نوێ لە 210 ئەندام پێکدێت، 140یان لەڕێگەی لیژنە لاوەکییەکانو دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش پێویستی بەنزیکەی 17 مەرج هەیە لەئەندامانی لیژنەکاندا، وەک شارەزایی، نەبونی ناکۆکیو هەڵبژاردن بە"دابەشکاری کۆمەڵایەتی"، پاشان لەقۆناغی دوەمدا، هەڵبژاردنی ئازادو ڕاستەوخۆو نهێنی لەناو هەر بازنەیەکدا بەڕێوەدەچێت، لیژنەی باڵا سەرپەرشتیدەکاتو سەندیکای پارێزەرانو شاندە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی چاودێریی دەبینن.
بەگوێرهى جاڕنامەی دەستوری کاتی، هیچ ئەندامێک ناتوانرێت لەکار لاببرێت تەنها بەڕەزامەندیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن، ئەمەش سەربەخۆیی تەواوی ئەنجومەن مسۆگەردەکات، ماوەی ئەندامێتی ئەنجومەنی گەلیش 30 مانگ دەبێتو دەکرێت نوێبکرێتەوە.
چاودێران ئهوه بەبەشێک لەقۆناغێکی گواستنەوەی چوارساڵە ناودهبهنو جهختیشدهكهنهوه، ئەنجومەنهكه ڕۆڵێکی دامەزرێنەر دەبینێت لەڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی دەستورێکی هەمیشەیی کە "پێویستە بخرێتە ڕاپرسی گشتییەوە کاتێک بارودۆخی ئاسایشو جێگیری دەستەبەر دەبێت".
دوای پەسەندکردنی، هەڵبژاردنە پەرلەمانیو خۆجێییو سەرۆکایەتییەکان بەشێوەیەکی "ئازادو بێلایەنو ڕاستەوخۆ" ئەنجامدەدرێن.
